کۆرۆنا ئەو ڤایرۆسەی جەنگی جیهانی راگەیاندووە

کۆرۆنا ئەو ڤایرۆسەی جەنگی جیهانی راگەیاندووە

ڤایرۆسی کۆڕۆنا جەنگی جیهانی دژ بە مرۆڤایەتی راگەیاندووە و هەموو گەلانی دنیاش بە حکومەت و سوپاو و داموودەزگا سەربازی و مەدەنیەکانیانەوە کەوتوونە بەرگری کردن و شەڕی ئەو ڤیرۆسە، ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو ڤایرۆسە جیاوازی لە نێوان دین و گەلان و جیاوازییەکاندا ناکات، لەلای ئەو کەس بێلایەن نییە و نە مافی مرۆڤی لایە و نە کەسیش بە سڤیل دەزانێ، لە مزگەوتەکان دژی موسڵمانانە و لە کەنیسەکان دژی مەسیحیەکان و لە شوێنی کاریش دژی کاسبکارانە و داوای ناسنامە لە کەس ناکات، بۆیە پێویستە خەڵک و حکومەت، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و رۆشنبیر، خوێندەوار و نەخوێندەوار ببنە یەک هێز و بە یەک تیم شەڕ دژی ئەو دوژمنە رابەگەینن کە دوژمنی هەموو مرۆڤایەتییە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە چۆن و بە چ چەکێک لەگەڵ ئەو دوژمنە بجەنگین؟
ئێستا حکومەتی هەرێم کاراتر لە وڵاتان جەنگی لە دژی ڤارۆسی کۆرۆنا راگەیاندووە، پێویستە لەوەیاندا هەموومان پێشمەرگە بین، خۆ ناکرێ لەوەشدا بەشێک ببنە ئۆپۆزسیۆن و موزایەدە بەو جەنگەوە بکەن و وەک رابردوو لە داخی حکومەت و بە ناوی سەلماندنی ئۆپۆزسیۆنبوون بچنە سەنگەری کۆرۆناوە، چونکە ئەو ڤایرۆسە حکوموت و ئۆپۆزیسۆن ناناسێ و هودنە و گفتوگۆ و ئاگربەستیش نازانێ، لەناوی نەبەی لەناوت دەبات، بۆیە گەورەترین چەکی رووبەڕوو بوونەوەی ئەو دوژمنە دوور کەوتنەوەیە لە شوێنە قەرەباڵغەکان و خۆ بواردنە لە تەوقە و بەریەککەوتن و پابەند بوونە بە رێنماییەکانی حکومەت و جەبەجێ کردنی ئامۆژگاری دکتۆر و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری ڤایرۆسناسی
Top