با ڕاستی بکەینەوە!

با ڕاستی بکەینەوە!
- جاران منع تجولی حزبی بەعس هەبوو. ناچاربووی لە ماڵەوە بمێنیتەوە، چوونە دەرەوەت تەحەددا بوو! ئێستا منع تجولی حکومەتی هەرێمە، بۆ پارێزگارییە لە توشبوون بە نەخۆشی، چوونە دەرەوەت لاموبالاتییە!

- جاران کە دەیانگوت پەروەردە، واتزانی تەنها باسی ژیانی قوتابخانەی سەرەتایی دەکات! ئێستا بزانە کە باسی پەروەردە کرا باسی مامەڵەی تەندروستە لە سیاسەت و میدیا و کەسابەت و ئایین و ژیان هەر هەمووی!

- جاران کە باسی ئەخلاق ئەکرا، وای تێدەگەشتی مەبەستی پەیوەندی نامەشروعی نێوان دوو کەسە! ئێستا بزانە ئەخلاق هەموو نائاکارییەکە کە بەڕێزت لێتدەوەشێتەوە لە مامەڵە وهەڵسوکەوت و هەستان و دانیشتنت!

- جاران قسە لەسەر سێکس بڤەبوو، چونکە پێت وابوو یەکسەر زینایە و کابرا پێی کافر بووە و لە دین پێی دەرچووە! ئێستا ئاسانترە لێی بکۆڵەوە، بزانە راستە؟ بیرت بخەمەوە، تۆمەتی سێکسی درایە پاڵ عائیشەی دایکی ئیمانداران (د.خ) ئەزانی، ئەگەر ئایەت نەهاتایەتە خوارەوە وەزعەکە زۆر خراپ بوو! دەی خۆ ئێستا ئایەت نایەتە خوارەوە، کەواتە تێگەشتنەکە بگۆڕە، ئەگەر روویدابوو، بەڵگەکانیش روون بوون، فۆتۆشۆپ و دەستی تەکنەلۆجیای تیا نەبوو، هێشتا بزانە تێوەگلانی سێکسی کەسی پێ لە دین دەرناچێت، عەیبەیەکی کۆمەڵایەتییە و تاوانێکی نائاکارییە، تاوانباریش سزای خۆی وەردەگرێت، لەودونیا لای خوا لێرەش با بچێتە زیندان، بەڵام ئەزانی ئەوەی تۆ پێی هەڵدەستی و ئەتکی دەکەی تاوانە؟ عەیبەیە؟ گوناهە؟

- جاران پێت وابوو سیاسەت خەباتە بۆ نەتەوە و میللەت، وابوو، کردتان و کردمان، دەی ئێستا دەرسی سیاسەت بە منداڵەکانت مەڵێرەوە، لەسەر بنەمای سیاسی خزمایەتی مەکە، خوشکەزا و برازاکانت لەبەر سیاسەت بێهیوا مەکە، دابەشبوونەکە ڕابگرە.

- ئیعلام، دەنگی بێدەنگی و نازی بێنازی و هاواری مەزڵوومیەتی کورد بوو! دەی ئێستا ئەو هەمووە خۆت خەریکی ئیعلام مەکە، لەسەر هەواڵ وبەرنامەکان کۆنترۆڵەکە مەکێشە بە سەری منداڵەکەتدا، شەڕی ناو خێزانەکەت مەنێرەوە!

- جاران بڕوانامە داهاتوو بوو، مصیر بوو، زەمانەتی ژیان بوو، دەی ئێستا هەموو شت بە بڕوانامە مەپێوە، بڕوانامەکەت هەرچی بێت، ئەگەر خۆت نەبی ناتوانی ئەوەی پێویستە بیکەیت.

بە دڵنیاییەوە دەڵێم کۆمەڵگە ئێستا پێویستی بە تاکێکی تێگەشتووی، بیرکراوەی، خزمەتگوزاری، دڵسۆزە، نەک سیاسییەکیتر و ئیعلامییەکیتر و خاوەن بڕوانامەیەکیتر!

با لە پێناو ژیانێکی باشتری خۆمان و خێزان و منداڵەکانمان تێگەشتنەکانمان بگۆڕین. پێشتریش باسملەوەکردووە، زۆر سەختە ئێستا قەناعەت بە گەنجێک بکەی گوێ لە حەسەن زیرەک بگرێ لە کاتێکدا دڵی ئەو و ژیانی ئەو هی سەردەمی نەڤید و شابازە، دەی ئەمە بۆ هەموو بوارەکانیتری ژیانیش راستە، راهێنەرێکی نێودەوڵەتی دەیگوت: "کاتێ فێری تیکتۆک بووم کە زانیم پیربووم و هیچ سودی لێ نابینم"، ئێمە ناتوانین بە باکگراوندە تۆزلەسەرنیشتووەکانمانەوە کاریگەریمان لەسەر ئەم جیلە نوێیە هەبێت، بۆیەش هەم پەروەردە قورسە و هەم ئاراستەکە شێواوە، ئاخر کە بیرم دەکەوێتەوە تا گەورەبووم نەمتوانی پاسکیلێکم هەبێ ئیتر ئێستا چ سودێکی هەیە ئەگەر کارگەی پاسکیلیش دابنێم .. هەموو شتەکان بە وەختی خۆیان، ئەوەی پێویستە لەگەڵی بڕۆین و ئەپدەیتی بکەینەوە و لێی نەترسین شێوازی پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیە.

تێگەشتنی هەڵەی زۆمان هەن، من ناوبەناو هەوڵی خۆم ئەدەم، تۆش هەوڵی خۆت بخەگەڕ.

Top