کۆڕۆنا...دێوەزمەی ئابووری

کۆڕۆنا...دێوەزمەی ئابووری

ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە یەکێک لە ڤایرۆسە هەرە کوشندەکان هەژماردەکرێت، ئەم ڤایرۆسە جگە لە کوشندەیەکەی زۆر بە خێرایی بە نێو زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بڵاوبۆتەوە، ژمارەیەکی یەکجار زۆر هاوڵاتی لە سەرتاسەری جیهان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توشی ئەم ڤایرۆسە بوون یاخود بون بە هەڵگری ئەم ڤایرۆسە. هەر لەسەرەتایی بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە ڵەشاری ووهانی چینی، جێگەی گومان و تێرامان بوو، کەسانێکی زۆر پێیان وابوو ئەم ڤایرۆسە دەستکردە مەرامێکی ئابووری لەپشتە، کەسانێک کە ئەوانەی باوەڕیان بە چەکی بایۆلۆجی هەیە ئەم ڤایرۆسە بە چەکی ئەمریکای هەژماردەکەن کە دژی ڕکابەرە سەرەکییەکەی کە چینە بەکاریدەهێنیت. بە تێپەربوونی کات شتگەلی نوێ لەسەر ئەم ڤایرۆسە دەگوترێ، وە تاڕادەیەکی زۆر خەریکە یەکلادەبێتەوە کە ڤایرۆسەکە دروستکراوی دەستی مرۆڤ بێت. بۆ زیاتر سەلماندنی ئەم بۆچونە پەنا براوەتە بەر چەند سەرچاوەیەکی مێژووی کە ساڵانێک بەر لە ئەمڕۆ پێشبینی کراوە کە لە سەروبەندی ساڵی 2020 ئەم جۆرە ڤایرۆسە بڵاودەبێتەوە وە زۆربەی هەرە زۆری سیفاتەکانی زۆر بە ووردی پێشبینی کراوە، وە باس لەم ڤایرۆسە کراوە.
بۆیە لێرەدا دوو ڕۆمانی بەناوبانگی ئەمریکی دەخەمە ڕوو کە هەریەکەیان لە سەردەمێک و لە دوو کاتی جیاوازدا باسی ئەم ڤایرۆسە دەخەنەڕوو.
ڕۆمان نووسی ئەمریکی Dean Koontz لە ڕۆمانەکەیدا بە ناونیشانی The Eyes of Darkness کە لە ساڵی 1981 بڵاوبۆتەوە، زۆر بە ڕوونی وە بە ووردبینیەکی یەکجار زۆر باسی ئەم ڤایرۆسەی کردوە ، هەر لە شوێنی سەرهەڵدانی کە بە ڕوونی باسی شاری ووهانی چینی دەکات، لە ڕۆمانەکەدا نووسەر ناوی ڤایرۆسەکەی ناوە Wahan-400 هۆکاری ئەم ناوەشی ڕوونکردۆتەوە کە دەڵێت" لە تاقیگەکانی چین لە دەرەوەی شاری ووهان ئەم ڤایرۆسە دروستکراوە" نووسەر بەوەشەوە نەوەستاوە ئەم ڤایرۆسەی بە چەکێکی کوشندە ناوبردوە، باسێکی شێوازی بڵاوبوەنەوە و شێوازی بەرگەگرتنی ڤایرۆسەکە دەکات و دەڵێت"ئەم ڤایرۆسە تەنها بۆ ماوەیەکی کورت، کە بە کەمتر لە یەک خولەک مەزەندەی مانەوەی دەکات لە دەرەوەی لەشی مرۆڤ بە زیندووی" هەروەها ها ئەوەی زۆر جێگەی سەرنج و تێڕامانە ڤایرۆسەکەی بە چەکی بایۆلۆجی ناساندوە.
لە ڕۆمانی دووەمدا کە لە ساڵی ۲۰۰۸ نووسراوە لەلایەن خانمە نووسەری ئەمریکی (Sylvia Browne) لە ڕۆمانی (End of Days) ، لەم ڕۆمانەدا نووسەر بەهەمان شێوەی رۆمانی پێشوتر باسی ڤایرۆسەکەی کردوە دەلێت" لە دەوروبەری ساڵی ۲۰۲۰ جۆرە ڤایرۆسێک بەرۆکی مرۆڤایەتی لە هەموو جیهان دەگرێت، هێرش دەکاتە سەر سییەکان و قورگی مرۆڤەکان، وە بە خێراییەکی یەکجار زۆر بڵاودەبێتەوە" وە خۆشبەختانە لە هەمان ڕۆماندا باسی چۆنیەتی نەمان و لە ناوچونی دەکات دەڵێت" بەهەمان خێرایی بڵاوبونەوەکەی نامێنیت و بزر دەبێت". ئەمەش هەبوونی دەستی مرۆڤەکان لە خولقاندنی ئەم ڤایرۆسە زیاتر دەکات.

کۆڕۆنا وئابووری جیهانی.
دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە چین و بڵاوبونەوەی بەخێراییەکی زۆر بە دونیایدا، وە لەبەر نەبوونی ڤاکسینێک یاخود عیلاجێکی پێش وەختە، وڵاتان ناچاربوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێوازی کەرەنتینە و هێشتنەوەی نەخۆشەوکان لەژێر چاودێری بەکاربهێنن، تاکو گەیشتە ڕادەی کەرەنتینەکردنی شارێک بە تەواوتی وە ڕاگرتنی گشت جموجۆلەکانی شار و داخستنی چەندین کارگە بە گشت قەبارەکانیانەوە لە وڵاتی چین. بۆیە ئەم جۆرە لە داخستنی کارگەو پەکەوتنی ژیان کاریگەرییەکی بێ وێنەی لەسەر ڕێژەی هەناردەکردنی کاڵا بۆ دەرەوەی چین هەیە ئەم کەرتەی تاڕادەیەک پەکخست ، ئەمەش بێ گومان کاریگەری لەسەر ئابووری جیهانی و بەتایبەتی وڵاتانی هاوردەکاری کەل و پەلی چینی دەبێت، لەم روەوە کوردستانی خۆشمان بێ بەش نیە لەم کاریگەرییە چونکە ڕێژیەکی یەکجار زۆر کەل و پەل لە وڵاتی چین هاوردەی کوردستان دەکرێت.


دابەزینی نرخی نەوت.
دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە چین ، ئەو وڵاتە هەرزوو پەنای بردە بەر داخستنی کارگە و شوێنە پیشەسازییەکان، ئەم رێکارەش خواستی لەسەر کڕینی نەوتی خاو بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکردەوە، چونکە چین لە ئێستادا ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی دە ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەیە، بۆیە نرخی نەوت ڕووی لە دابەزینێکی دراماتیکی کرد لە نزیکەی ٧٠دۆلار بۆ خوار ٥٠ دۆلار دابەزی. ئەمەش بەهیچ جۆرێک بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و بەتایبەتی وڵاتانی ئۆپیک جێگەی دڵخۆشی و قبولکردن نیە، بۆیە بۆ ڕێگری کردن لە زیاتر دابەزین لە نرخی نەوت چەند لێدوانێک دران لە لایەن وەزیرانی دەوڵەتە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت، بۆ دڵنیای کردنەوەی بازاری وزە ،بیرۆکەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو هاتە بەر باس و خواس،.بۆ ئەم مەبەستە سعودیە بە حوکمی ئەوەی یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوتی خاو، هەموو هەوڵێکی خستە خزمەت ڕاگرتنی نرخی نەوت لە بازاردا.

ململانێی نێوان سعودیە و ڕووسیا و کاریگەرییەکانی.
لەم قۆناغەدا سعودیە لە ئەگەری گرتنە بەری هەر ڕێوشوێنێک پێویستی بە ڕەزامەندی ڕووسیاییە،دەبێت ئەو وڵاتە گڵۆپی سەوز بۆ هەر ڕێکارێک هەڵبکات، لە یەکەم هەنگاو سعودیە داوایی کەمکردنەوەی بڕی ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیلی خستە بەردەم وڵاتانی ئۆپیک و ئۆپیک پلەس. بەڵام رۆژی هەینی رابردوو دوای چەندین دیدار و کۆبوونەوە، روسیا و ئۆپیک نەگەیشتنە ئەنجام و وەزیری وزەی ڕوسیا رایگەیاند" لە کۆتایی ئەم مانگەوە هەموو لایەک سەرپشک و دەستکراوەن لە ئاستی بەرهەمهێنان و هیچ پابەندییەکیان نابێ بە کەمکردنەوەی ئەو بڕەی کە داواکراوە ".ئەم لێدوانە، گورزێکی گەورەی لە پەیوەدنیەکانی نێوان هەردوو زلهێزی بواری وزە دا. پاش ئەم لێدوانە نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لە ماوەی یەک شەودا نرخەکەی گەیشتە نزیکەی ٣٠ دۆلار. لێرەدا ڕووسیا ڕازیی نییە لە بازاڕی پترۆڵ سعودیە چلەو لەدەست بێت و تەحەکوم بە نرخی نەوتی خاو بکات ، بۆیە بە هیچ جۆرێک، ئامادە نیە مل بۆ داواکارییەکانی کەچ بکات، لەم ڕووەوە بە گوێرەی ئەم ململانێ توندەی نێوان هەردوکیان، پێشبینیی ئەوە دەکرا کە نرخی نەوت بۆ ئەم ئاستە دابەزێت.
بۆیە سعودیە نیازو بەرنامەی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی بۆ نزیکەی دە ملیۆن بەرمیل وە ئەگەر بازاری نەوت بیهەوێت بڕەکەی لەمەش زیاتربکات،بە گرتنە بەری ئەم ڕێکارە لە لایەن سعودیە، ناسەقامگیری گەورە لە نرخدا دروست دەبێ و زیاتر بەهای نەوت دادەبەزێ،بۆیە بازاڕی نەوت توشی شۆکێکی یەکجار گەورە دەبێت.
بێگومان دابەزینی نرخی نەوت کاریگەرییەکی نێگەتیڤی لەسەر ئابووری وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت دەبێت، بەو پێیەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە ڕێژەی ٩٠% بەرەو ژوور بودجەی وڵات لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە دابیندەکرێت، لەم کاریگەرییە بێبەش نابن،وڵاتێک 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، جا عێراق بێت یان هەرێمی کوردستان زیانێکی گەورەی ئابووریی بەردەکەوێت، رووبەڕووی کێشەی ئابووریی گەورە دەبێتەوە.


*مامۆستای زانکۆ
Top