كۆرۆنا .. مۆتەكەی ئابووری
March 11, 2020
وتار و بیروڕا
كۆرۆناو داڕمانی گەورەی بەهای بەرمیلێك نەوت بۆ 33 دۆلار؛ ئەگەرەكانی قەیرانی ئابووری و كورتهێنانی بودجەی عێراق و كەمبوونەوەی بەشە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە، بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم ڤایرۆسە كوشندەیە لەجیهاندا ، سەرەڕای ئەوەی ئابووری وڵاتانی تووشی شۆك كردووەو ئاستی گەشەی ئابووری لاواز كردووە، هەموو سێكتەرەكانی پیشەسازیی و بارزگانی و وەبەرهێنان و فرۆكەوانی و عەقارات و چەندین بواری دیكەشی بەشێوەیەك داشكاندووە مەترسی داڕمانی گەورەی لێدەكرێت، ئابووری جیهان و ناوچەكەو عێراق و كوردستان لەبەردەم قەیرانێكی گەورەدایە ، ئەوەی ئێستا ئێمە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەیكەین خێرا رووبەرووبوونەوەی ئەگەری تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكەیە، خۆشبەختانە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەراورد بەزۆر حكومەتە پێشكەوتووەكانی دیكەی وەكو ئەوروپا رێكاریی خێراو بەپەلەی بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان گرتۆتەبەر، بەڵام لەمەودایەكی مامناوەندو درێژدا پێویستی بە پلانی رووبەرووبوونەوەی قەیران و بەڕێوەبەردنی مەترسیەكانیشمان هەیە، چونكە بڵاوبونەوەی ڤایرۆس و پەتایەكی كوشندەی وەكو كۆرۆنا هاوكاتە لەگەڵ خێرا داڕمانی ئابووری و دارایی جیهانیش ، ئێمە هەرگیز ناتوانین خۆمان بەراورد بكەین بەوڵاتێكی وەكو چین و ئەمەریكاو كۆریای باشوور و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا كە كۆرۆنا ئابوورییەكەیانی داڕماندووە، ئەوەتا وڵاتێكی وەكو چین لە ئێستادا بەجۆرێك كەرتی بەرهەمهێنان و بەتایبەتی كەرتی بەرهەمهێنانی پیشەسازییەكەی تووشی داڕمان بووە لە 20%ی نەوتی جاران ناكڕێت، هەر ئەمەش هۆكاری داڕمانی بەهای نەوتە لەپاڵ ململانێ بەهێزەكەی نێوان سعودیەو روسیا كە هەردوو وڵات لەسەر دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت رێك نەكەوتن و بگرە سعودییە لەدژی نەهاتنە پێشەوەی روسیا بە بڕی ملیۆنێك و نیو بەرهەمی زیادكردوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بۆ نزیكەی 11 ملیۆن و نیو بەرز كردەوە، برسێتی رەگی گولی پێوەیە ئەمەیە لەقەیراندا وڵاتان هەركەسەو فریای خۆی دەكەوێت و خەریكە هاوكاریی و هەماهەنگی بەشێوەیەك كەم دەبێتەوە هەركەسەو سەرقاڵی راستكردنەوەی بارەكەی خۆیەتی، رەنگە ئەمە حاڵەتێكی چاوەڕوان كراو بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی زۆربەی وڵاتانی دنیا حاڵەتی فریاگوزاریی لەناكاویان راگەیاندووەو حكومەتەكانیان بە ئاشكرا بەرامبەر شوێنەوارەكانی كۆرۆنا دەستەوەستان راوەستاون، ئەوەی مەترسییەكەی بۆ ئێمە زیاتر كردووە تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكەو هەڵكشانی ژمارەی قوربانیانی بوو لە وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران و راوەستانی جموجوڵی مرۆیی و كەمبوونەوەی هێنانی كاڵاو شمەكەكان بوو، ئەمە جگە لە راگرتنی گەشتەكانی فرۆكەوانی و مرۆیی بۆ وڵاتی توركیا. ئەمڕۆش هەواڵی راگرتنی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان لە 15 ئەم مانگەوە بڵاوبووەوە و مەترسیەكی گەورەترە بەر كەرتی بازرگانی و كاسبكاریی دەكەوێت، رێكارە ئازار بەخشەكان و هەنگاوە توندەكانی حكومەت بۆ رێگرتن لەتەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە جێگای دەستخۆشی یە چونكە حاڵەتی كۆمەڵایەتی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەتوانای تەشەنەكردنی ڤایرۆسێكی وای كوشندەی نییە، بۆیە مانەوەی خەڵكی لەناو كەرەنتینەی (شارەكان و پارێزگاكان ) و هێشتنەوەی پلانی فریاگوزاریی هەنگاوێكی باشە.
لەناو ئەم مەترسی و گێژاوەی ئابووری جیهان و داڕمانی بەهای نەوت و پوكانەوەی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان وڵاتان كەچی حزبەكانی عێراق و شەقامەكەی هەر لەسەر بەزمی خۆیان ماوەو مێش میوانیان نییە، پشێوی و بێسەروبەریی شەقام و پارچە پارچە بوونی حزبەكانی شیعەو سوننە و پەسەند نەكردنی بودجەو ناروونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم و هەڵپەساردنی گفتوگۆو كێشەكانی تایبەت بەناوچە جێناكۆكەكان و دەیان مەسەلەی دیكەی نێوان هەرێم و عێراق بابەتێكی دیكەی ئاڵۆزو نادیارە، راستە پێشتر هەرێمی كوردستان رازی بووە نەوتەكەی رادەستی عێراق بكات لەبەرامبەر ناردنی موچەی موچەخۆران بەڵام مێژوو شاهیدە كە هەرگیز بەغدا پابەندی بەڵێن و رێكەوتنەكانی ناو دانوستانەكان نەبووە.. ئێستا نەك حكومەتی عێراق ناتوانێت ئەو بودجەیە بۆ پەرلەمان رەوانە بكات كەلەسەر بنەمای 56 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت دایناوە بگرە پێویستە چاوخشاندنەوە بەو بنەمایە بكات و هەوڵی ئەوە بدات بەهای نەوت لەسەر بنەمای 45 دۆلار دابنێت گەرچی لە ئێستادا بەهای بەرمیلێك نەوت بۆ 33 دۆلار دابەزیوە بەڵام چاودێرانی ئابووری پێیان وایە لەگەڵ گەیشتن بەرێكەوتنێكی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت نرخەكەی ئێستای نەوت بەرز دەبێتەوە بەڵام لەگەڵ درێژبوونەوەی قەیرانی كۆرۆنا هەرگیز نرخی نەوت ناكاتەوە نرخەكانی 60 دۆلار. هەرێمی كوردستانیش لەبەردەم ئەزموونێكی گرنگدایە ئەویش هەنگاونانە بەرەو گەیشتن بەحاڵەتی خۆبژێوی هەر هیچ نەبێت لەهەندێك بواری بەرهەمهێنانی خۆراك و كاڵای پێویست دا ، بەتایبەت لەبواری بەرهەمهێنانی غاز و نەوتی سپی و بەنزین و پێداویستیەكانی دیكەی سوتەمەنی لە رێگەی پاڵاوتگەكانییەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی ژینگەو ئاوو هەواو خاكی كوردستان بۆ بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و دابینكردنی پێداویستیە سەرەكییەكان هاندەرە بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و دۆزینەوەی سەدان هەلی كار ، زۆر لە پیشەسازیكاران و پیشە ناوخۆییەكانیش لەگەڵ بەردەوامی ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم ئاڵووێری بازرگانی دەتوانرێت بە پاڵپشتی حكومەت روو لەبوژانەوە بكات . مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەقەیران و شەڕو ماڵوێرانی بەڵام كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان لەقەیرانەكاندا فێری هونەری هەڵسانەوەو گەشەكردن دەبنەوە، فێری بەردەوامبوون لە ژیان و بونیاتنانی نەتەوەكانیان دەبن ، ئەمەش وەكو هەموو قەیرانێكی دیكە كە تووشی مرۆڤایەتی بووەتەوە دێت و دەچێت بەڵام گرنگ ئەوەی بۆ ئێمەی كورد و كوردستانییان فێری چی لێ دەبین!