خۆپاراستن و كارامه‌ییه‌كانى ژیان

خۆپاراستن و كارامه‌ییه‌كانى ژیان

فه‌یله‌سوفی ئه‌مریكی جۆرج هربرت ده‌لێ" متمانه‌ به‌خۆبوون و هه‌بوونى كارامه‌یی، سوپایه‌كه‌ نا به‌زێندرێ".
گومانى تێدانییه‌ (كارامه‌ییه‌كانى ژیان) بۆ هه‌مووتاكێك زۆر گرنگه‌ و به‌شێكه‌ له‌ژیانى رۆژانه‌ پێویسته‌ په‌ره‌ى پێ بدرێت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ له‌ قوتابخانه‌كان بخوێندرێ، چونكه‌ له‌ زووه‌وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان گرنگى و بایه‌خی زۆر به‌و بابه‌ته‌ ده‌درێ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌تایبه‌تى رێكخراوی یونیسێف كه‌ له‌ راپۆرتى خۆیدا ئاماژه‌ى پێداوه‌ كه‌ له‌ (164) سه‌دوشه‌ست و چوار ووڵات كارامه‌ییه‌كان له‌ قوتابخانه‌كانیان ده‌خوێندرێ بۆ چاك كردن و باشتركردنى خووڕه‌وشت وره‌فتاری تاكه‌كان، هه‌روه‌ها یونیسێف داوا ده‌كات كه‌ چۆن خۆمان فێری خۆپارێزی ته‌ندروستى بكه‌ین له‌ كارامه‌ییه‌كانى ژیان، كه‌ چۆن كارامه‌ییه‌كانمان په‌ره‌ى پێ بده‌ین له‌لای گه‌نجه‌كان و تاكه‌كان كه‌ به‌رپرسیارانه‌ ره‌فتار بكه‌ن، هه‌ست به‌لێپرسراویه‌تى بكه‌ن له‌ ژیانیاندا و پراكتیزه‌ى ره‌فتاری ته‌ندروستی بكه‌ن، هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ هه‌ردوو ووڵاتى (زیمبابۆى و تایله‌ند) به‌رنامه‌ى فێركردنى ته‌ندروستى له‌ سه‌ر كارامه‌ییه‌كانى ژیان جێ به‌جێ ده‌كه‌ن بۆ خۆ پاراستن له‌ ڤایرۆسه‌كان و به‌هێزكردنى به‌رگرى له‌ش، بۆیه‌ گرنگه‌ خۆپاراستن وخۆپارێزى له‌ ڤایرۆس و نه‌خۆشییه‌كان یه‌كه‌یه‌ك بێت له‌ یه‌كه‌كانى به‌رنامه‌ى كارامه‌ییه‌كانى ژیان له‌ قۆناغی بنه‌ڕه‌تى كه‌ قوتابی فێر بكرێ چۆن خۆى ده‌پارێزێ و خۆى پاك و خاوێن راده‌گرێ و پارێزگاری له‌ جه‌سته‌ وله‌شى ده‌كات، جل وبه‌رگ و پێداویستییه‌كان به‌ پاكی راده‌گرێت، جگه‌ له‌وانه‌ش گرنگه‌ هه‌ر له‌ كارامه‌ییه‌كانه‌وه‌ قوتابی فێر بكرێ كه‌ گرنگى وچاودێری ژوور و ماڵ وكه‌لوپه‌له‌كانى بكات، چۆن پێداویستییه‌كانى جێ به‌جێ ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌ ده‌ره‌وه‌ چۆن ره‌فتار ده‌كات له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان چۆن خۆ پارێزی له‌ نه‌خۆشییه‌كان و ڤایرۆسه‌كان ده‌كات، ئه‌وانه‌ هه‌مووى ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ى ووشیاركردنه‌وه‌ى قوتابی له‌ قوتابخانه‌ له‌ رێگاى پرۆگرام و په‌رتووكى قوتابخانه‌ به‌تایبه‌تى بابه‌تى كارامه‌ییه‌كانى ژیان كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان له‌ زووه‌ وه‌ گرنگى زۆر به‌و بابه‌ته‌ دراوه‌. له‌ هه‌رێمى كوردستانیش چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ ئێستا ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌كو تاقی كردنه‌وه‌ له‌ (200) قوتابخانه‌ ده‌خوێندرێ له‌ هه‌موو هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام وه‌كو پێویست زانیاریم نییه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆكی په‌رتووكه‌كان باسى چى ده‌كه‌ن، ئایا بابه‌ته‌كان وه‌رگێردراون یانیش ئه‌زموونى ووڵاتانه‌ و هێنراوه‌ته‌ كوردستان، یانیش له‌لایه‌ن كه‌سانى پسپۆڕ و شاره‌زا بابه‌ته‌كانى نوسراونه‌ته‌وه‌؟ زانیاری ناوه‌ڕۆك و ئامانجى بابه‌ته‌كانم نییه‌، به‌ڵام جه‌خت له‌مه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ گرنگه‌ له‌ كارامه‌ییه‌كان قوتابی فێری خۆ پارێزی بكه‌ن له‌ ڤایرۆسه‌كان و نه‌خۆشى واته‌ له‌ قوتابخانه‌وه‌ زانیارى ته‌واوى هه‌بێت چۆن و چ كاتێك خۆى ده‌پارێزێ و گرنگى به‌خۆى ده‌دات، چۆن ئێستا زۆربه‌ى ووڵاتانى جیهان خه‌ریكى ئه‌وه‌ن چۆن خۆیان بپارێزن له‌ په‌تاى ڤایرۆسى (كۆڕۆنا). بۆیه‌ ووشیاركردنه‌وه‌ى تاكه‌كان به‌ تایبه‌تى قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان له‌ ڤایرۆس و نه‌خۆشییه‌كان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ى پرۆگرامی كارامه‌ییه‌كانى ژیان كه‌ پێویسته‌ زۆر گرنگى پێ بدرێ له‌ قۆناغه‌كانى بنه‌ڕه‌تى و ئاماده‌یی.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چالاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی
Top