نيعمەتی ئەمن و ئەمان

نيعمەتی ئەمن و ئەمان

﴿وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُمْ فِي الْأَرْضِ كَمَا اسْتَخْلَفَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمْ دِينَهُمُ الَّذِي ارْتَضَى لَهُمْ وَلَيُبَدِّلَنَّهُمْ مِنْ بَعْدِ خَوْفِهِمْ أَمْنًا يَعْبُدُونَنِي لَا يُشْرِكُونَ بِي شَيْئًا﴾1.
دیارە ئەم بانگەوازەی خودای مەزن بۆ ئیماندارانە و بەڵێنی ئەوەی پێ داون كە ئەگەر كردەوەی چاك بكەن، ئەوا دەبنە میراتگر و جێنشینی زەوی، هەروەها هەموو دڵەڕاوكی و ترسێكیان بۆ دەگۆڕێت بە ئەمن و دڵنیایی.
كەواتە ئیمان بێ كردەوی چاك بێ سوودە، وەكو لەوەو پێش ئاماژەمان پێ داوە، ئیمان داینەمۆیە بۆ ئەنجامدانی كردەوەی چاك، لە هەمان كاتدا نیعمەتی ئەمن و دڵنیاییش پەلكێش دەكات دەگەڵ خۆی، كە ئەمە كاری سەرەكیمانە لەم بابەتە قسەی لەسەر بكەین.
دیارە ئەم نیعمەتی ئەمن وئەمانە زۆر گرنگە بەلای هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە، دەبێت بەردەوام لە هەوڵی هێنانەدی سەقامگیری بین بۆ ئەو خاك و نیشتمانەی تێیدا لە دایك بووین و لە سەری دەژین.
هەڵبەتە ئەم ئەمن و دڵنیاییە وا بە سانایی بەدەست نایەت، بەڵكو دەبێت بەرپرسەكان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن، دادپەروەر بن لە حوكمدارێتی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بپارێزن و بواری ئاژاوەگێڕ و شەڕانگێزەكان نەدەن بە ئارەزووی خۆیان شار تێك بدەن، پێویستە بە رێكاری یاسایی رووبەڕووی دادگا بكرێن و سزایان بە سەردا بسەپێندرێت.
كەواتە نەمانی ئەمنیەت كاریگەری راستەوخۆ لەسەر ژیانی خەڵك دروست دەكات، تەنیا ئەوانەی ئەم نیعمەتە لە دەست دەدەن، دەزانن چییان لە دەست چووە، بۆیە زۆر پێویستە ئاگاداری نیعمەتی ئەمن و ئاسایشی ئەم نیشتمانەمان بین و نەهێڵین لە دەستمان بچێت، وەك ئەوەی گوێبیستی كەسانێك بین، بەردەوام باس لە رەوش و خراپیی خاك و نیشتمانەكەمان بكەن لە هەندێك رووەوە، بەوەی تەماشا بكەن، فلانە وڵات چۆنە و ئێمە چ وەزعێكمان هەیە، توخوا ئەمە وڵاتە ئێمەی تیا دەژین؟ بەم جۆرە دەنگانە دەیانەوێت خوتخوتەی جەماوەر بدەن، تەنیا بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە سەقامگیرەی كە ئێستا لە نیشتمانەكەماندا هەیە، تێكی بدەن .
زۆر نین ئەو وڵاتەنەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە وەكو ئێمە ئەمن و ئاسایشیان سەقامگیر بێت، ئەگەر بە وێژدانەوە سەرنج بدەینە دەوروپشتمان كام شار و وڵات سەقامگیرە وەكو هەرێمەكەی ئێمە؟ ئەوەتا ئەوانەی لە وڵاتانی جیهانەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، شاهیدی ئەوە دەدەن كە ئەمن و ئاسایش بەرقەرارە، یان ئەوانەی كە پەنایان هێناوە بۆ ئەم هەرێمە لە ترسی ستەم و زوڵمی دەستەڵاتدارەكانی لای خۆیان، ئەوانیش گەواهی ئەوە دەدەن كە ئەم هەرێمە لە رووی ئەمەنییەتەوە توندوتۆڵە، كەواتە ئەم هەرێمەی ئێمە بۆتە لانكەی ئەوانیش وا ئێستا لێرە دەژین. تاوانێكی گەورەیە هەست بەم نیعمەتی ئەمن و سەقامگیرییە نەكەین، بێوەفایی و نمەك حەرامییە دژی ئەم ئەزموونەی كوردستان بین و، دڵی ناحەزان و نەیاران و دوژمنانمان خۆش بكەین كە بە ئاواتی ئەوەن بارودۆخی هەرێمی كوردستان تێك بچێت، زۆر ئاساییە گلەیی و رەخنەتان هەبێت لە كەمیی خزمەتگوزاری و ناعەدالەتی و بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی كوردستان، بەڵام دەبێت ئەمنییەت و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لە پێش هەموو داواكارییەكانتان بێت.
ئەم قسانەی ئێمە پاساو نییە بۆ دەستەڵاتی هەرێم و دەستەڵاتدارانی، بەڵێ بە هۆی كەموكورتییەكانەوە لە شەقامدا ناڕەزاییەكی زۆر هەیە لەو دەستەڵاتە و زۆر راستە حكومەتی هەرێم لە رووی گەیاندنی خزمەتگوزارییەوە كەمتەرخەمە، بەڵێ ناعەدالەتی هەیە لە رووی سوودوەرگرتن لە خێروبێری ئەو كوردستانە، هەروەها گەندەڵی هەیە و مووچەخۆران لە كاتی خۆیدا مووچەیان نادرێتێ، ئینجا لە ساڵێكدا كەس نازانێ مووچەی سێ مانگی پاشەكەوتی فەرمانبەران چی لێ دێت، ئەمانە و چەندەها شتی دیكە هەن، كە جەماوەری هەرێمی كوردستان لێی نیگەران و ناڕازین، دەبێت هەوڵی چارەسەركردنی بۆ بدەین، كە ئەمە ئەركی دەسەڵاتدارانی هەرێمە.
پەیامی ئێمە بۆ ئەوانەی گلەیی و ناڕەزایی دەردەبڕن لە كەمیی خزمەتگوزاری و بوونی ناعەدالەتی و.. هتد لە دەسەڵاتداران و ئیدارەی هەرێم، تەنیا تەماشایەكی ئەوانە بكەن كە لەژێر دەستەڵاتی حكومەتی ناوەنددان، بەتایبەت دانیشتووانی كورد لە ناوچە داگیركراوەكان، نەك جێناكۆكەكان، یا ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لەوەتی هەم باوەڕم بەم دەستەواژانە نییە، بە هیچ جۆرێك، جگە لە دەستەواژەی ناوچە داگیركراوەكان نەبێت .
ئەو خەڵكانە خەون و ئاواتیان ئەوەیە ناوچەكانیان وەكو هەرێمی كوردستانیان لێ بێت، بۆ نموونە بە پلەی یەكەم لە رووی سەقامگیری و ئەمنییەتەوە، ئینجا لە رووی زۆریی نەخۆشخانە و خوێندنگە و رێگاوبانەكان و.. هتد، سەرباری ئەمانە كوردەكانی ئەو ناوچانە زۆر بێنازن، لەلایەن گرووپە توندڕەوەكانەوە هێرش دەكرێتە سەریان و بە ناهەق دەكوژرێن، لایەنێك نییە بەرگرییان لێ بكات، ئەگەر هەشبێت زۆر شەرمنانەیە، هەروەها زەوییان زەوت دەكرێت، وەكو پێویست دانامەزرێن و...هتد.
هەر بۆیە زۆر گرنگە هەموو بیرمەند و مامۆستا و مەلا مێزەر بەسەرە بەڕێزەكانی كوردستان و راگەیاندنەكان، لە ئاست ئەو بارودۆخە هەستیارەدا بن، كە لە ناوچەكەدا سەری هەڵداوە و نەهێڵن ئەو سەقامگیرییەی كوردستان تێك بچێت، ئەگینا سەرجەم خەڵكی كوردستان زەرەرمەند دەبن، تەماشای رەوشی بەغدا و باشووری عێراق و سووریا و یەمەن و لیبیا بكەن، بزانن چی بەسەر هاتووە، ئەگەر بێتو پرسیار لەو ئاوارانەی ئەو ناوچانە بكەن، كە ئێستا بوونەتە چەقی شەڕ و پێكدادان و ململانێیەكان، پێمان دەڵێن ئەمنیەت و سەقامگیریمان لە دەست دا، بۆیە ئاوارە و سەرگەردان بووین.
بە ئومێدی ئەوەی ژیرانە و بیرمەندانە بیر بكەینەوە، با بڕوانینە ئەم فەرموودەیەی پێشەوامان محەمەد (دخ) سەبارەت بە ئەمنییەت و سەلامەتی كە دەفەرمووێت: «من أصبح آمنا في سربه، معافى في جسده، عنده طعام يومه فكأنما حيزت له الدنيا»2. واتە ئەوەی رۆژی لێ بووەوە ئەمنییەت و سەلامەتی پارێزراو بوو، نەخۆش نەبوو، تەنیا رزق و رۆزی هەر ئەو رۆژەی هەبوو، وابزانێت هەموو دونیای پێ دراوە. بۆیە لەم سۆنگەیەوە دەبێت هەنگاو بنێین، مادام ئەمنیەتمان پارێزراوە بە پلەی یەك كە زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ژیانمان، وەكو لە فەرموودەكەدا هاتووە، دابینكردن و پاراستنی نیعمەتی سەقامگیریی ئەمن و ئاسایشی خاك و نیشتمانمان، ئەركەو واجبێكی شەرعی و ئەخلاقییە و لە ئەستۆی هەمووانە، بەردەوام دەبێت چاومان كراوە بێت، رێگە بە هەلپەرست و كاڵفامەكان نەدەین كە ئاوات و خواستی دوژمن و نەیارانمان بێننەدی، بەوەی رەوش و ئەمنییەت و ئەزموونی كوردستان لە وجوود نەهێڵن و تێكی بدەن و خەونی سەد ساڵەی كورد و كوردستانیان لەناوبەرن .
دەبێ ئاگاداری ئەوە بین گۆڕینی نیعمەتی ئەمن و ئەمان بۆ پشێوی و ناسەقامگیری، لە رووی شەرعەوە تاوانە و كوفرانەی نیعمەتە، لە كۆتاییدا داوادەكەم هەمووان لە نزا و دوعا و پاڕانەوەكانماندا وەكو حەزرەتی ئبراهیم ئاسا (دخ) بڵێین و دوعاكەی لە بیر نەكەین كە دەیفەرموو: ﴿رَبّ اجعل هذا البلد آمِنًا﴾3.

1. سورة النور الاية 55 .
2. الأدب المفرد / البخاري رقم 300 ص 84 و ابن ماجة رقم الحديث 4141ج5 ص253 .
3. سورة البقرة الاية 126 .

Top