ئاڵۆزی و پاشاگەرادانی لە ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا
March 5, 2020
وتار و بیروڕا
لێرەوە قسەی ئێمە لەسەر ئەوە نییە كاندیدی راسپێردراوی رەتكراوە بۆ حكومەتی كاتیی عێراق، كێیە، یان چ هێزێكی سیاسی كاندیدی كردووە، بەڵكو قسەی ئێمە لەسەر ئەو میكانیزمەیە كە ئەو كاندیدە دەیەوێت بەرنامەیەك لە دەرەوەی چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەكەی بسەپێنێت، ئەمەش لەژێر پەردەی حكومەتێكی سەربەخۆ بشارێتەوە، دیارە ئەمەش بە ئاسانی بەسەر فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەماندا تێناپەڕێت و، سەرەنجامیش ئەوانەی كە خۆیان لە چوارچێوەی دەستوور هێناوەتە دەرەوە و دەیانەوێت خەڵك چەواشە بكەن، دەبێت جارێكی دیكە بە خۆیاندا بچنەوە و رێز لە ئیرادەی هێز و پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق بگرن و پارێزگاری لەو تەوافوق و هاودەنگییە بكەن، كە لە دوای ساڵی 2003 وە پڕۆسەی سیاسی لەسەری بەڕێوە دەچێت.
هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێك لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقدا (ئەگەر ئەوان عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی پێناسە بكەن) لە چوارچێوەی دەستووردا میكانیزمی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی ریك خراوە، ئەمەش بەو مانایەی نەك هەر لە پێكهێنانی حكومەتی فیدڕاڵیدا ناكرێت پێگەی ئەم هەرێمە لە بەرچاو نەگیرێت، بەڵكو هەتا ئەگەر حكومەتەكە پێكهات و، بیەوێت ئەو بەرنامەیەی خۆشی جێبەجێ بكات، كە پەرلەمان دەنگی پێ داوە، ئەوا بە بێ هەماهەنگی و هاوكاری دەسەڵاتی فەرمی هەرێمی كوردستان بەرنامەكەی بۆ جێبەجێ ناكرێت، بۆیە ئەوەی لە پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتە رەتكراوەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی بینیمان و جۆرێك لە سەیر و سەمەرەیی پێوە دیاربوو، ئەوە بوو كە لای ئەم كاندیدە راسپێردراوە ئەو چوارچێوە دەستوورییە فەرامۆش كرابوو كە پێگەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا پێناسە دەكات، ئەمەش گەیاندیە ئەوەی كە سەرۆك مسعود بارزانی راشكاوانە ئەو پەیامەیان ئاراستە بكات، ئەگەر توانییان بە بێ نوێنەرانی كوردستان حكومەتەكەیان پێكبهێنن، با پیرۆزیان بێت.
ئەو هەڵەیەی چەند لایەنێكی ناو هێزەكانی شیعە لە چوارچێوەی كاندیدكردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی كردیان، هەوڵێك بوو بۆ ئەوەی نمایشی هێزی ماسوولكەی مەزهەبگەرایی خۆیان بەرامبەر پێكهاتەكانی دیكەی عێراق بەتایبەتی (كورد و سوننە) بكەن، بەڵام پشتگیریی بەشێكی هێزەكانی شیعە لەو دەنگە ناڕازییانەی نوێنەرانی كوردستانی و بەشێكی سوننە و پێكهاتەكانی دیكەی عێراق و كوردستان، بووە هۆكاری ئەوەی نەتوانن ئەو ئامانجە بەدەست بهێنن، كە پیلانیان بۆ داڕشتبوو.
لە ناو ئەم ئاڵۆزی و پاشاگەردانییەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، جێگەی خۆیەتی شانازی بەو یەكدەنگی و یەكهەڵوێستییەی فراكسیۆنە كوردستانییەكانەوە بكەین، ئەمە لەگەڵ ئەوەی دووسێ پەرلەمانتاری كوردستان خۆیان لەو یەكدەنگی و یەكڕیزییە دابڕان، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە هەڵوێستی ئەو دوو سێ ئەندام پەرلەمانتارەش لەسەر هەڵوێستی فراكسیۆنەكانیان حیساب ناكرێن و، فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بوون، ئەم یەكدەنگی و یەكهەڵوێستییەش بۆ ئێستای پڕۆسەی سیاسیی عێراق كە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی پێی بڵێن لە بەردەم تونێڵێكی داخراودایە و رووناكیی ئەوسەری تونێڵەكە بە هیچ شێوەیەك دیار نییە، باشترین بنەمایە بۆ ئەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە قەوارەی خۆیانەوە شان بە شانی پێكهاتەكانی دیكە هەوڵەكانیان یەك بخەن، بۆ ئەوەی ئەو تونێلە داخراوە بكەنەوە.
ئاستەنگی سەرەكی لە شكستی پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا ئەوەیە، كە لایەنی دەسەڵاتدار ئەقڵییەتی دەوڵەتداریی نییە و، لە بری ئەوەی هەوڵبدات ئاشتی ناوخۆیی دروست بكات و هێزەكان كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ كێشە ئاڵۆزەكان بدۆزێتەوە، كەچی بە ئەقڵییەتی مەزهەبگەرایی و بە ئەنقەست هەوڵدەدەن كە هێزەكان پەرتەوازە بكەن و كێشەی لابەلا دروست بكەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە كێشە راستەقینەكە كە بریتییە لە دابینكردنی خزمەتگوزاری و وڵامدانەوەی خواستی خۆپیشاندەران بدزنەوە.
بە هەر حاڵ، وەك سەرۆك بارزانی-یش لە پەیامەكەیدا بۆ تەواوی هێز و لایەن و پێكهاتەكانی عێراق رایگەیاندووە، كوردستان نابێتە هاوپەیمانی شیعە دژی سوننە و هەروەها ناشبێتە هاوپەیمانی سوننە دژی شیعە و، هەموو هەوڵی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی ئەوەیە لایەنێكی هاریكار بین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و رێگرتن لە شكستی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، بەڵام ئەگەر لایەنە دەسەڵاتدارەكانی ئێستای بەغدا لەم پەیامە راشكاوە وەك خۆی تێنەگەن، ئەوا هەرێمی كوردستان خۆی ناكاتە بەشێك لە پڕۆسەیەكی سیاسیی شكستخواردوو، یان بەشێك لەو پاشاگەردانییەی كە ئێستا لەو ناو پڕۆسەكەدا هاتۆتە ئاراوە.
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق*