په‌روه‌رده‌ و په‌ره‌پێدان له‌ كۆمه‌ڵگه‌

په‌روه‌رده‌ و په‌ره‌پێدان له‌ كۆمه‌ڵگه‌

فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگى یۆنانى ئه‌رستۆ ده‌لێ" ره‌گه‌كانى په‌روه‌رده‌ تاڵن، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كانى شیرینه‌".
بێگومان پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ پرۆسه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ و به‌رپرسیاریه‌تى ئاماده‌كردنى نه‌وه‌یه‌كى نوێی و زیندووه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێ پێوه‌ر و بنه‌ماى په‌روه‌رده‌یی نوێی و هاوچه‌رخ پاڵپشت به‌ به‌رنامه‌ و پرۆگرامێكى پێشكه‌وتوو، وه‌ به‌رپرسیاریه‌تى ئه‌و نه‌وانه‌ش بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى نوێیه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌ك هاوكار ده‌بن بۆ بنیاتنانى نیشتمان له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێ چه‌مك و بنه‌مای زانستى و په‌روه‌رده‌یی.
واته‌ په‌روه‌رده‌ و په‌ره‌پێدان هه‌ردووكیان له‌ سه‌ر یه‌ك ته‌وه‌ر كارده‌كه‌ن كه‌ مرۆڤه‌، بۆیه‌ كه‌ ته‌ماشای پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ین، پرۆسه‌یه‌كى په‌ره‌پێدانییه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا په‌ره‌پێدانیش پرۆسه‌یه‌كى په‌روه‌رده‌ییه‌، واته‌ هه‌ردووكیان په‌روه‌رده‌ و په‌ره‌پێدان پرۆسه‌یه‌كى جمك و هاوته‌ریبن له‌ پێناو بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتى بنیاتنانێكى زانستى و كۆمه‌ڵایه‌تى و رۆشنبیری و ئابوری، بۆیه‌ هه‌رده‌م ته‌ماشای پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ین كه‌وا پرۆسه‌یه‌كى پێویستى ژیانه‌ بۆ پارێزگاری كردن له‌ مرۆڤ و بنیاتنانى له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ خۆى له‌ خۆیدا هاوكاره‌ بۆ گۆڕانكاری و پێشخستن و سه‌رخستنى كۆمه‌ڵێ داب و نه‌ریت و ئاراسته‌ و بنه‌ماكانى میلله‌تان و كۆمه‌ڵگه‌كان، كه‌ هه‌رده‌م په‌روه‌رده‌ هۆكار و ئامرازی سه‌ره‌كى و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ په‌ره‌پێدانى ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تى و رۆشنبیری میلله‌تان.
بۆیه‌ هه‌رده‌م ووڵاتانى پێشكه‌وتوو به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵى پێداچوونه‌وه‌ و به‌دواداچوونه‌وه‌ى ریشه‌یی به‌رده‌وامن بۆ پرۆگرامه‌كان و سیسته‌م و رێنماییه‌كانى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، تا بتوانن دڵنیایی ته‌واوى بده‌ن بۆ په‌روه‌رده‌كردن و تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندنى تاكه‌كان له‌ سه‌ر بنه‌مای په‌روه‌رده‌كردنێكى راست و دروست و هه‌مه‌ لایه‌نه‌، بۆیه‌ هه‌رده‌م ده‌بینین ئه‌و ووڵاتانه‌ى پێشكه‌وتوو و گه‌شه‌سه‌ندوون له‌ هه‌موو بوارێكدا له‌لایه‌ن ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تى و زانستى و رۆشنبیری ئه‌و ووڵاتانه‌ن، كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكیان خستۆته‌ گه‌ڕ و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ سه‌ر بنیاتنانى مرۆڤـــ و وه‌به‌رهێنان له‌ تاكى كۆمه‌ڵگه‌ له‌ رێگاى گرنگیدان و بایه‌خدانیان به‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن، كه‌ هه‌رده‌م وه‌كو كێشه‌ و پرسێكى گرنگ و پڕ بایه‌خ سه‌یر ده‌كرێ، له‌ هه‌مان كاتیشدا یه‌كێكه‌ له‌ پێویستییه‌ هه‌ره‌ له‌ پێشینه‌كانى ووڵات و پێویستى سه‌ره‌كى و هۆكاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنى سه‌رجه‌م پرس و پرۆژه‌كانى په‌ره‌پێدانى نیشتمانى ووڵات. واته‌ په‌روه‌رده‌ خاڵى ده‌ستپێك و چه‌قی هه‌نگاونانى هه‌موو هه‌ولێكه‌ به‌ره‌و هه‌ر گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانێك كه‌ پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگه‌ و نیشتمانی له‌ سه‌ر ده‌وه‌ستێت، بۆیه‌ په‌روه‌رده‌ هه‌رده‌م رۆڵى پێشه‌نگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ په‌ره‌پێدانى كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و نوێی بوونه‌وه‌ و پێشكه‌وتن، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ كلیلی هه‌موو په‌ره‌پێدانێكه‌، چونكه‌ له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ داڕشتنى مرۆڤـــ و پێك هێنان و بنیاتنان ده‌ست پێ ده‌كات، واته‌ كۆمه‌ڵگه‌ى پاشه‌ رۆژ له‌ رێگاى په‌روه‌رده‌وه‌ دیارى ده‌كرێت، بۆیه‌ گرنگه‌ به‌ دیدو په‌یامى نوێ و سه‌رده‌میانه‌ هه‌نگاو بنێین پاڵپشت به‌ نه‌خشه‌رێگاى دوورمه‌ودا كه‌ مه‌به‌ست و ئامانج په‌ره‌پێدانى كۆمه‌ڵگه‌ بێت له‌ رێگاى په‌روه‌رده‌.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چالاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی
Top