تا چه‌ند سه‌رمایه‌دارانى كوردستان به‌شدارییان كردوه‌ له‌ دروست كردنى قوتابخانه‌

تا چه‌ند سه‌رمایه‌دارانى كوردستان به‌شدارییان كردوه‌ له‌ دروست كردنى قوتابخانه‌

ئیمپراتۆری فه‌ره‌نسى ناپلیۆن پۆناپه‌رت ده‌لێ"ئه‌وه‌ى قوتابخانه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه‌، به‌ندیخانه‌یه‌ك داده‌خات".
گومانى تێدانییه‌ كه‌ قوتابخانه‌ ده‌زگایه‌كى په‌روه‌رده‌یی و فێركردنه‌ و قوتابیان لێیه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن و فێری جۆره‌ها زانست وزانیاری ده‌بن، ده‌زگایه‌ كه‌ بۆ بنیاتنانى تاكه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناكانیان تادوایی.
ئه‌وه‌ى لێره‌دا ده‌مه‌وێ باسى بكه‌م گرنگى دروست كردن و بنیاتنانى قوتابخانه‌یه‌ كه‌ چه‌ند گرنگ و سوودبه‌خشه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و ووڵات. ئه‌وانه‌ى رۆژێك له‌ رۆژان قوتابخانه‌یان دروست كردوه‌ هه‌رده‌م جێگاى شانازى میلله‌ت و وڵاته‌كه‌یانن و خۆشیان زۆر ئاسوده‌ن.
لێره‌ و له‌وێ له‌ كوردستان ژماره‌یه‌كى دیارى كراو قوتابخانه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێك دروست كراون، به‌ڵام ئه‌و ژماره‌یه‌ وه‌كو پێویست نییه‌، چونكه‌ گه‌ر ته‌ماشای ووڵاتانى جیهان بكه‌ین، ژماره‌یه‌كى یه‌كجار زۆر قوتابخانه‌ له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دار و بازرگانه‌كانى ووڵاته‌كان حۆیان دروستیان كردوون، هه‌ر بۆنموونه‌ له‌ ووڵاتى توركیای دراوسێ ژماره‌یه‌كى یه‌كجار زۆر قوتابخانه‌كانیان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیان دروستكراون، هه‌ر بۆنموونه‌ (حسنو ئۆزجین) زیاتر له‌ (50) په‌نجا ملیۆن دۆلاری له‌ پاره‌ى خۆی ته‌رخان كردوه‌ بۆ دروست كردنى (36) سی و شه‌ش قوتابخانه‌ى سه‌ره‌تایی و دروست كردنى به‌شى ناوه‌خۆیی بۆكچانى كه‌م ده‌رامه‌ت، هه‌روه‌ها ئۆزجین له‌ به‌رنامه‌یدایه‌ به‌ پێی پلانێك له‌ ماوه‌ى (15) پازده‌ ساڵ ژماره‌ى قوتابخانه‌كانى كه‌ دروست ده‌كات بیگه‌یه‌نێته‌(100)سه‌د قوتابخانه‌ى سه‌ره‌تایی ودروست كردنى زانكۆیه‌ك به‌ ناوى خۆی، له‌ مه‌كسیك (كارلۆس سلیم) پیاوی كاره‌ له‌ بوارى گه‌یاندن چه‌ند ملیار دۆلاری ته‌رخان كردووه‌ بۆ هاوكارى كردن ویارمه‌تیدانى هه‌ردوو بواری په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى، له‌ هیند (ئه‌زیم به‌رمه‌جی) سه‌رۆكى كۆمپانیایه‌كه‌ ده‌زگایه‌كى تایبه‌تى دروست كردیه‌ بۆ پاڵپشتى كردنى خوێندنى سه‌ره‌تایی كه‌ ملیاره‌ها دۆلاری تێدا سه‌رف كردووه‌.
نامه‌وێ ناوی ووڵاتان و كه‌سه‌كان درێژ بكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ له‌ هه‌ر ووڵاتێك بگری به‌ده‌یان كه‌س پاڵپشت و هاوكاری ته‌واو ده‌كه‌ن له‌ دروست كردنى قوتابخانه‌ وسه‌رخستنى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، ئه‌وه‌ى گرنگه‌ لاى خۆمان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ ده‌یان بگره‌ به‌ سه‌دان كه‌س و زیاتریش له‌ خێرو بێری كوردستان و حكومه‌تى هه‌رێم سوودمه‌ند بووینه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌ركێكى ئاینى و ره‌وشتى ونیشتمان په‌روه‌رییه‌ كه‌وا به‌شدارى بكه‌ن له‌ دروست كردنى قوتابخانه‌، له‌ رۆژى ئه‌مڕۆ دا گرنگتره‌ له‌ دروست كردنى مزگه‌وت و نه‌خۆشخانه‌، مزگه‌وت به‌ بێ مه‌لا و پێشنوێژ چ سوودی هه‌یه‌، نه‌خۆشخانه‌ش به‌بێ پزیشك چ كه‌ڵكى هه‌یه‌، به‌ڵام گرنگى قوتابخانه‌ له‌وه‌دایه‌ هه‌م مه‌لا و پێشنوێژ وهه‌میش پزیشك و دكتۆر لێیه‌وه‌ ده‌رده‌چن، بۆیه‌ گرنگه‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ به‌ پێی پلانێك ئاماده‌كاری بكات، سه‌ره‌تا ناونووسی و به‌دواداچوون بۆ هه‌موو ئه‌و به‌رێزانه‌ى كه‌ ساڵانى پێشوو قوتابخانه‌یان دروست كردیه‌، یانیش نۆژه‌نیان كردۆته‌وه‌ و هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ چه‌ند پاره‌ به‌شدارییان كردوه‌، ئامارێك ئاماده‌ بكرێت و به‌ ناوى كه‌سه‌كان وقوتابخانه‌كه‌ و بڕى پاره‌ كه‌ خه‌رجیان كردووه‌. هه‌م به‌رچاو روونى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بێت بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ تاچه‌ند هاوكاری په‌روه‌رده‌ و فێركردنیان كردوه‌. هه‌میش وه‌زاره‌ت له‌ داهاتوودا له‌ رێوڕه‌سمی تایبه‌ت سوپاس و پێزانین بداته‌ هه‌موو ئه‌و به‌رێزانه‌ كه‌ پاڵپشتی پرۆسه‌كه‌ بوونه‌، هه‌میش له‌ داهاتوودا به‌ پێى پلان و به‌رنامه‌یه‌ك ئاماده‌كاری بكرێ بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى به‌رچاو قوتابخانه‌ دروست بكرێ له‌لایه‌ن كه‌سانى ده‌وڵه‌مه‌ند و كۆمپانیاكانى كوردستان، وه‌كو ووڵاتانى ده‌ره‌وه‌ هاوكارى میلله‌ت و ووڵاتى خۆیان بكه‌ن و هه‌ریه‌كه‌یان به‌ پێى توانا و تایبه‌تمه‌ندى پرۆسه‌كه‌ به‌شدارى بكه‌ن، به‌دواداچوون و جێ به‌جێ كردنى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ پێویستییه‌كى په‌روه‌رده‌یی و نیشتمانییه‌.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چالاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی
Top