کورد بوویەک خاسێتی بکەری ھەیە
February 17, 2020
وتار و بیروڕا
ئەزموونی حکومڕانی باشوری کوردستان بوویەک خاسێتی بکەری هەیە، ئەزموونێک بیست و هەشت ساڵە بەردەوامە، بیست و هەشت ساڵە پەیامی بوونی نەتەوەیەکی هەڵگرتووە، ئەزموونێک هەموو جوڵە و کردەکانی زادەی سەلماندنی بوونن، سەلماندنی هەبوونی نەتەوەیەکی مرۆڤدۆستە.
گەلی کوردستان بیست و نۆهەمین ساڵیادی ڕاپەرین پیرۆز دەکەین، دوای نزیکەی سێدەیە لە حکومڕانی کوردی و کوردستانی، بەشێکی گەورە لە ئامانجەکانی ڕاپەڕین هاتوونەتەدی، هەرێمی کوردستان قۆناغی گرنگی بڕیوە بەرەو کیانێکی سیاسی بەهێز، ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی گەلەکەمان وێستگەیەکی گرنگی ژیانی نەتەوەیی و هەبوونی ئێمەیە، وێستگەیەک کە بووە خاڵێکی زێڕین لەبەرجەستەکردنی هەبوونی کورد، وێستگەیەک کە زنجیرە ڕووداوێکی گرنگ بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
ڕووداوی ئازادکردنی عێراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانکانی ڕۆژئاوا سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو بۆ بەهێزتربوونی هەرێمی کوردستان وە ئامادەییەکی بەهێزتر لە چوارچێوەی بەدەستووری بوونی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا، وە مامەڵەیەکی فراونتری نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەزموونی باشوری کوردستان.
هاتن و هەڵتۆقینی دەوڵەتی تیرۆرستی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" لەساڵی ٢٠١٤ دا، ئەگەرچی لێکەوتەی خراپی مرۆیی بەدوای خۆیدا هێنا، لێ سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان توانی بیکاتە خاڵی وەرچەرخانی سیاسییی و دیپلۆماسیی و ئامادەییەکی بەهێزتری هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق و ناوچکەدا.
بەشداری کورد لە گۆنگرە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکان وێستگەیەکی گرنگی هەڵکشان و پێشکەوتنی دۆزی کوردە لە ئاستی نێودەوڵەتی و بەجیهانیبوونی پرسی کوردا، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو یەکێک لە فیگەر و ئامادەبووە گرنگ و جێبایەخەکانی کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس و کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کوردە، ئەمەش ڕووداوێکی گرنگە لە کاتێکدا ئامادەبووەکانی ئەم کۆڕبەند و کۆنفرانسە نێودەوڵەتیانە دەوڵەتە گەورە و کاریگەرەکانی دونیان، لێ ئەزموونی کوردی لە باشوری کوردستان و ئەو کاریگەرییە گەورە و فراوانەی کورد لە ناوچەکەدا هەیەتی کوردی کردۆتە دیفاکتۆ و کوردی بردۆتە ناوەندە گەورە و کاریگەرەکانی جیهان.
٢٠٢٠ کە ژمارەیەکی جوانە، هاوکاتیش پێدەچیت ئەزموونی کوردستان جوانتر و پێشکەوتووتر دەربکەوێت، لە مەحفەلی نێودەوڵەتیدا، سەرەتای ساڵ ڕێزدار سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس بوو، دەرکەوتن و دیدارەکانی لە هەڕەمی لوتکەی داڤۆس دابوو، بەتایبەت دیداری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ئاماژەیەکی گرنگ بوو لە هەڵکشانی دیپلۆماسیەتی کوردی و پێشکەوتنی سیاسیی و دیپلۆماسی باشوری کوردستان.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و بەشداری و پێشوازی و دیدارە گرنگەکانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زادەی پێشکەوتنی ئەزموونی حکومڕانی کوردین، قسەکانی وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دەستپێکی دیداری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا لەبەردەم مایکی ڕۆژنامەنووسان دا گووتی (هەرێمی کوردستان بەهۆیی لێهاتووی سەرکردایەتییەکەی کاری موعجیزە ئاسایانکردووە) باشترین گەواهیە لە دروستبوون و بەبکەر بوونی کورد و ئامادەییەکی بەهێزیی سیاسیی و دیپلۆماسیی باشوری کوردستان.
سەرۆکی ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ