تێگەشتنێكی نزیكتر لەپیاوی كورد!
February 15, 2020
وتار و بیروڕا
وێناكردنی ژیانی رۆژانەی زۆرینەمان، لەپێكەنینێكی بەیانیو لەئاخو خەمێكی ئێوارانەوە، توڕەییەكانمان دەشارینەوەو وڕێنەكانمان دەكەینە واقیع، كەتووڕە ئەبین هەموو شتێكی تێك ئەدەین، ئاخر ئەگەر بالۆرەكانی سایكۆلۆجی بۆ توڕەبوونەكانی رۆژئاوا فیت بن بەخوا بۆ توڕەبوونی ئێمە فلسێ ناژین، ئێمە هۆكاری زۆرمان هەن بۆ مردن چ جای بێتاقەتیو توڕەبوون.
پیاوی كورد پڕ پڕە، هەزار هەزارە، پیاوی كورد ئالودەیە ئالودە، ئالودەی خەیاڵێكی زۆرو ئامانجی گەورەو ئالودەی دێڕێكی گەورەترو قەڵەوتر بۆ مێژوو، ژیان لێرە لەمەرگ ناچێ، ئاخر مەرگ چێژی هەیە ئەوە نیە رۆژئاواییەكان وەسێتی مەرگ ئەنوسن كەچی هێشتا زیندووشن، دەرزیو حەبی مەرگ ئەخەنە ژیانیانەوەو خۆیان چێژی مەرگ ئەنۆشن.
ژیانی ئێمە، لەڤێلایەكی سیتەكەوە تا باخێكی شەقڵاوە، لەفاستفودێكی سەهۆڵەكەوە تا گرانبەهاترین خواردن لە رێستێکی هەولێر، ژیانی ئێمە لەدیناوە تا نەڤیدو تا هەڵكەوتو تا كێو كێیتر، ژیانی ئێمە لەئایفۆن هەزارەوە تا پەبجیو تا هەموو شتانەی ناوەكانیشمان پێ لەبەر ناكرێن، توڕەییان تیایە، دە نا هۆكارێكی توڕەیین، ئێمە موعتادی ژیانێكی نەگریسین بەهەرچی شت، ئاری "نامەیەك بۆ خوا" ئەنێرێو سوهەیب " پاساری رووخاوی خانوویەك سەوزئەكاتەوە"، ستونێكی ڕۆژنامەوانی ووتارێكی ئەکادیمی و راپۆرتێكی "رووداو"و ڤیدیۆیەكی "فەیس بووک" و شیعرێكی "توردی" و ... تاد ئەو شتانەن ژیانی ئێمەیان گرتووە، مامۆستای مزگەوت ئەڵێ "ئاگاتان لەئەمانەتەكان بێت، منداڵەكانتان ئەمانەتن، هەیانە بووەتە جەردەو بەڵا بۆ گیانی خەڵك"، ئێزدییەكان میرێكی نوێ دائەنێنو توركمانەكان بەسكرتێرێ بێدەنگ ئەبنو ئەوەی ماوەتەوە پیاوێكی ماندووی كوردە.
لای ئێمە، ژیان پشوویەكیشی نیە بسرەوین، هەنارێك نیە بەتوێكڵیشەوە بیخۆین تا تەواو بێ، ژیان لای ئێمە گوریسێك نیە بیپچڕێنینو كتێبێك نیە بیپێچینەوە، ژیان لای ئێمە، لای ئێمە كورد، لای ئێمەی پیاوی كورد، توڕەبوونێ زیاتر نیە، ئاخر بەرگەی هیچ ناگرین، نەگریانمان لێدێو نەشیعرو نەهەستو نەریفراندۆم دادمان ئەدا، ئێمە تەنها شتێك كەهەمانەو هی خۆمانە بیر ئەكەینەوە، بێ ئەوەی بزانین تا كوێو تا كەی!
لێومان سواق داوە بەپێكەنین، دڵمان رەنگ كردووە بەقاقا، ڤژمان بۆیاخ ئەكەینو تەسبیحەكەی دەستمان توندتر با ئەدین، دۆلار ئەكەین بەدەفتەرو بەبلۆكی ئەسپێرین، وەنەوشە بەلێكزو ئۆدیو چیو چیتر ئەگۆڕینەوە، بەتەنیشتمانەوە ساختمانەكان بەرزتر ئەرۆن بەحەوایا، ژیانمان نغرۆی توڕەبوونێكی ساردە، شەڕێكی ساردە بۆ خۆمان، پیاوی كورد گریانیشی لەهی ئومەتی محەمەد ناچێ، غەمبار فەرمووی" كاپتن تۆ تێناگەی ئەو دەمەی پیاو ئەگری كەون چ خەلەلێكی تیایە"، كەچی هەزاران پیاو گریانو خەلەلێك نەبوویە دوانو ژیان رانەوەستا.
پیاوی كورد لەهەموو پیاوانی جیهان زیاتر تەنیایە، پیاوی كورد لەسەرزەوی زیاتر ماندووە، پیاوی كورد لەشێخ زیاتر بەدینە، پیاوی كورد لەشكسپیرێك، كورە ئۆسكار وایەڵدێكە بۆ خۆی، كەچی ئەوەی نازی ئەكێشێ كۆنترۆڵێكی تەواوە كەژیانی داپۆشیوە، كۆنترۆڵی سیاسەتو كۆمەڵگەو كلتورو ئایدۆڵۆجیا، ئێمە پیاوانێكین، لەنەسلی رۆبۆت، نەهێز هەیە بۆ لەخشانو نەكات هەیە بۆ هەڵڕشتنی توڕەبوونەكانو نەهەناسەیەك هەیە بۆ جگەریەكیتر.
پیاوی ئێرە، ئەوەی هەیەتی پێویستی نیە وئەوەی نیەتی وێڵە بەدوایا، پیاوی كورد خۆی لەهەموو كەسیتر باش ئەیناسێ، ئەوە نیە هەرگیز ئاسایی ناژی، ئەوە نیە هەرگیز ئاسایی ناپۆشێو ئاسایی بیر ناكاتەوەو ئاسایی ناژی.