لۆژیك ودیپلۆماسی حەكیمانە بۆ رووبەرووبوونەوەی رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە ..

لۆژیك ودیپلۆماسی حەكیمانە بۆ رووبەرووبوونەوەی رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە ..

روون وئاشكرایە، گەلی كورد بە درێژایی مێژوو بۆتە، قوربانیی بەرژوەندی زڵهێزان ، بە تایبەت ئەو كاتەی كە خاك و نیشتیمان بە سەر چەند وڵاتێكی دا داگیركرا . لەو كاتەوە تا بە ئەمرٍۆ چەند شۆڕش و ڕاپەرینی رەوایی بۆ گەڕانەوەی مافە زەوتكراوەكانی ئەنجامدا و و لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆری بەخشیووە .لە ماوەی رابردوو، تا بە ئەمرٍۆ رووداو و پێشهاتی نوێ لە ناوچەكە روویانداوە كە ئاماژەیەكی روون و ئاشكران بۆ گۆرانكاری لە سەر نەخشەیەكی نوێی لە ناوچەكە دا ، بە تایبەت لە سەر ئاستی سوریا ، عێراق و ئێران ، كە راستەوخۆ یا ناراستەخۆ كاریگەریان لە سەر گەلی كورد دەبێ‌ وەك نەتەوەیەكی خاك دابەشكراوە و بێ‌ دەوڵەتی كە ژمارەكە زیاترە لە 40 میلیۆن كەس.ئەوە ستراتیژی و سیاسەتە حەكیمانەی كە گەلی كورد و سەركردایەتییەكەی جێێیان دەكات زۆر ئیجابی و گرنگە بۆ داهاتووی گەلی كورد و سەرەتا و دەستپێكی ئەم هەنگاوەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە كورد بە هەنگاوی جددی بۆ یەكخستنی زیاتری نێوماڵەكەی كار بكات.چونكە گرنگە ئەوەی بەرهەمی دەیان ساڵە خەبات و قوربانیدانە و بەدەستهاتووە كورد پارێزگاری لێبكات و رێگە نەدات دەستكەوتەكانی لەناو بچن، بۆ ئەم پارێزگاریكردنەش هیچ گومان لەوەدا نییە كە كورد ناتوانێت بە هێز و لە رێگەی توانا سەربازییەكانیەوە ئەم كارە بكات، كەواتە تاكە رێگەی دروست لە بەردەم مانەوەی كورد و پاراستنی دەستكەوتەكان تەنها هەوڵدانە بۆ دیالۆگ لەلایەك و لەلایەكی تریش پاراستنی هاوسەنگییە لە نێوان كێبڕكێ و ململانێكانی ئەو وڵاتانەی جەنگەكانیان خستۆتە ئەو ناوچەیەوە و قەدەری كوردیش هەر ئەوەیە كە بەشێكە لەو جوگرافیایەی بە درێژایی مێژوو خاڵی ناكۆك و شوێنی یەكلابوونەوەی هێز و هەژموونی ئەوانی ترە بەرامبەر بە یەكتری.گەلی كورد لە زۆر قۆناغی گرنگدا بووە بە پردی پەیوەندی و لە زۆر كاتی تریشدا لە پاڵ زلهێزەكانی دونیاوە توانویەتی بووەستێت، سێ‌ دەیەی رابردوودا ئەگەر بەنموونە بهێنینەوە، رووخاندنی رژێمی بەعس و جەنگی تیرۆریش تا دەگات بە لەناوبردنی رێكخراویی تیرۆریستی داعش، كورد هەمیشە لە پاڵ ئەو زلهێزانەی دونیادا بووە و لە زۆر كاتیشدا كورد وەك قارەمان و نەتەوەیەكی ئازادیخواز ناسێنراوە، بەڵام هیچ یەكێ لەو وڵاتانەی بەم شێوازە وەسفی كوردیان كردووە، لە قۆناغی گرنگدا كە كورد پێویستی پێیان بووە بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانی، وەك ئەوەی كورد خواستی لەسەر بووە هاوكار و پشتیوانی نەبوون و هەندێ جاریش گڵۆپی سەوزیان بۆ هێرش و قڕكردنی كورد داگیرساندووە، رەنگە ئەمە بەشێكی پەیوەست بێت بەو راستییەی كە كوردیش خۆی بەرامبەر بە مافەكانی لە جۆر و شێواز و كاتدا دەقیق نەبووبێت و لە هەمان كاتیشدا هیچ یەكێ لە هاوكارییەكانی كە پێشكەشی دونیای كردووە، بە نووسراو و بە شێوازێكی رەسمی نەبووبێت، بەڵام هەمدیسان ئەوەش نابێتە بیانووی ئەو وڵاتانەی كە كۆی ئەو زوڵم و ستەمەی رابردووی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتیان بینیوە و ئێستاش بەرامبەری كەمتەرخەمن.
لەم قۆناغەشدا كە ململانێی زلهێزەكان بەردەوامی هەیە و لە رۆژانی رابردووشدا گرژیی نێوان ئەمریكا و ئێران گەیشت بە لوتكە و لە بەرامبەر هەنگاوەكەی ئەمریكاشدا، ئێرانیش ژمارەیەك مووشەكی ئاراستەی بنكە سەربازییەكانی كرد، دەبێت گەلی كورد زۆر زیاتر لەوەی پیشانیداوە ورد و هێمن بڕیارەكانی بدات، باشترین بژاردەش لە بەردەم كورددا ئەوەیە كە بۆ هیچ لایەنێك نابێت ببێتە تەرەف و بە سیاسەت ولۆژیكی ژیرانە مامەڵە بكات و دەستكەوتی گەورە لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ گەل و كوردستان بەدەست بێنێت
Top