پێشمەرگە ، هێزوشكۆی كوردوكوردستانە ..

پێشمەرگە ، هێزوشكۆی كوردوكوردستانە ..

پیشمەرگە ئەو مرۆڤە راستەقینەیه کەلە پێناوی رزگاری و ئازادی و سەربڵندی گەل و نیشتمانەکەیدا، له هەموو خۆشی و ئاسوودەیی‌یەکی ژیانی گوزەراوە و لەو رێبازەدا بە شێوازی رەوا و گونجاو، شێلگیرانە، ئازایانە و چالاکانە خەبات دەکات. پێشمەرگە ئەو مرۆڤە مافخوازەیە کە دژی چەوسانەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ و لەپێناوی بنبڕکردنی هەرچەشنە ستەمێکی چینایەتی، رەگەزی، ئایینی، نەژادی و نەتەوایەتیدا خەبات دەکات. پێشمەرگە، ئەو زاراوە پڕمانا و پیرۆزە، بەسیەتی کە بارزانی نەمر ھەمو تەمەنی لە ژێر ئەم ناو نیشانە پیرۆزەدا و لە پێناو رزگاری گەلی کورد و کوردستان بەخت کرد و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، ئەندازیاری یەکخستن و یەکگرتنی نەتەوەی کوردیش لە میانەی ووتە بەنرخەکانیدا ھەمیشە فەخر و شانازی بەوە دەکات کە پێشمەرگەی کوردستانە. پێشمەرگەی کوردستان، بریتیە لە تاکێکی کورد کە خۆ بەخشانە ئەرکی پاراستن و بەرگریکردنی نەتەوەی کوردی لە ستۆ گرتووە. ئەم تاکە کوردە نموونەی بەرز و سیمبۆلی بەرخودان ، خۆڕاگری ، خۆبەخت کردن، کەرامەت ، شەرەف ، و جوامێری و مێرخاسی و ھەر ووشەیەکی جوانی ئەدەبیات و مێژووی مرۆڤایەتیە. پێشمەرگە ئەو ناوە پیرۆزەیە كە وەك قەڵایەكی پۆڵایین و خۆبەخشانە و خۆرسكانە هەردەم و بەدرێژایی مێژوو بەرامبەر داگیركەران و ناحەزانی كوردو كوردستان وەستاوتەوە و خوێن و رۆحی فیداكردووە و دەكات لە پێناو سەربەستی گەل و نیشتیمانەكەی .ئەگەر هەڵوستەیەك لە سەر 4 ساڵ جەنگی پاراستنی كوردستان بكەین ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێت و شارەزایانی سەربازی دونیا شاهیدن ، لەسەر ئازایەتی ھێزی پێشمەرگە و ئەو سەرکەوتنانەیە کە لەبەرکانی جەنگ لەگەڵ دەوڵەتی تیرۆرستی داعش بەدەستھاتوون، ھەروەک چۆن دونیا بە ئازایەتی و سەرکەوتنی پێشمەرگە سەرسامە، ئاواش شارەزا سەربازییەکانیان قسە لە ئەزموونی پێشمەرگە لەشەڕی شاخ و دەشت و دەستەویەخەو تەنانەت شەڕی ماڵبەماڵی پێشمەرگە دەکەن و باسی ئەوەش گەرمە ئەو ئەزموونەی کوڕە ئازاکانمان بۆ ئەکادیمییە سەربازییەکانی رۆژئاوا بگوازرێتەوە و وانەی سەربازی لەسەر بخوێندرێت.ھەر کەسێک شارەزایی لە مێژووی دوور و نزیکی نەتەوەکانی دەوروبەرمان و دونیا ھەبێت، بەئاسانی ھەست بەو راستییە دەکات، کە ھیچ ھێز و سوپایەکی چەکدار لەدونیا نەبووە و نابێت ئەگەر فەرماندەیەکی ئازا و چاونەترس و بوێر، فەرماندییان نەکات. تۆ لەشارەزایی مێژووش بگەڕێ، بینی ئەو دەیان زنجیرە دۆبلاژکراوە کوردیانەی شاشەکانی تیڤی پیشانمان دەدەن، بەروونی رۆڵی فەرماندە و رابەرەکان دەبینین کە چۆن ئەو سوپایەی فەرماندەکەی باشە، نسیبی سەرکەوتنەکان بەدەست دەھێنێت.سەرۆک مەسعود بارزانی، شانازییەکی مێژووی لە سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگە پێ بڕا. بۆ جیھان سەلمێندرا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە مێژووی نیو سەدەی رابردووی نەک ھەر ناوچەکە، بەڵکو ھی سەرانسەری دونیا، سەرکەوتووترین فەرماندە بووە، کە دەوڵەتێکی ئایدۆلۆژی بە ناو دینی و مەترسی داری وەکو رێكخراوە داعشی تێکشکاند.بەردەوامی سەرۆک بارزانی لەگەڵ پێشمەرگە و سەرپەرشتی شەڕەکان و ئامادەگی ئەو فەرماندە ئازایە لە شەنگالەوە بۆ نزیک چیاکانی حەمرین، داینەمۆی ئەو ئازایەتیانەی پێشمەرگە و سەرکەوتنانەبوو کە لەپاراستنی کوردستان و تێکشکاندنی داعش بەدەستھاتن.لەماوەی چوار ساڵی جەنگی جیهانی تیرۆر بەرامبەر بە درندەترین رێكخراویی تیرۆریستی ، زەرورەتی سەرۆک بارزانی لەناو پێشمەرگە کردۆتە نموونەیەکی باش، کە ئیلھام بەھەر پێشمەرگەیەک و خۆبەخشێکی ئەم کوردستانە دەدات، کە لەسایەتی شەونخونی سەرۆکە ماندووەکەیان، پێشمەرگەکانمان سڵ لە بەخشینی گیانی خۆیان نەکەنەوە، کە بەکرداریش زۆربوون ئەو قارەمانەی بەخوێن و رۆحی خۆیان ئەمەیان سەلماند كە هەمیشە پاراستنی شكۆ ومێژوویی و دەستكەوتەكان ئەوڵییەتە. خەباتی نەپساوە و بێووچانی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرەتاکانی سەدەی رابردوو و تاوەکو ئەمرۆ ھێمای پاکی و راستەقینەیی زاتی ئەمەک ناسی ئەم تاکەیە و نیشانەی ھێزیی پۆڵاینی گەلی کورد و بڕوا ومتمانە بە بوونی خۆی و مێژوویەکەی و مافە ڕەواکانی- ئەو مافە سەرەتایی و ساکارانەی کە بە ناحەق لە لایەن دوژمنانیەوە زەوت کراوە و گەلە پڕ سەروەرەکەەمانی لێی بێ بەش کردووە.پێشمەرگە ئەو مرۆڤه ‌تێکۆشەرەیە کەلە پێناوی چەسپاندن و سەر‌کەوتنی دێموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی نەتەوایەتی، فرەچەشنی و پلۆرالیزمی سیاسیدا خەبات دەکات. پێشمەرگە ئەو مرۆڤه ژیر و بیرکراوەیه کە‌لە پێناوی بەرزکردنەوەی هەستی نیشتمانپەروەری، هوشیاریی نەتەوایەتی و بە هێزکردنی ئیرادەی سیاسی گەلەکەیدا خەبات دەکات. پێشمەرگە ئەو مرۆڤە پێشکەوتنخوازەیه کەلە پێناوی گەشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی نیشتمانەکەیدا خەبات دەکات. پێشمەرگە ئەو مرۆڤە خۆشناو دەست و زمان و داوێن پاکەیە، کە پارێزگاری لە کەرامەتی مرۆڤ، سەروەت و سامانی گشتی، مێژوو، زمان، کولتوور رەسەنی نەتەوەو نیشتمانەکەی دەکات. پێشمەرگە ئەو مرۆڤە هوشیارەیە کە بە زانین و تێگەیشتنەوه یاسا و رێسا و نەزم و دیسیپلینی گەل و نیشتمانەکەی پەسند دەکات و لەپێناوی سەلماندن و چەسپاندن و سەرکەوتنیدا خەبات دەکات. پێشمەرگە ئەو مرۆڤە ئاشتیخوازەیە کەلە مەیدانی \'\'شەری رەوا‌و وتووێژی شەرافەتمەندانە و ئاشتی سەربەرزانە و دادپەروەرانەدا لێهاتوو و ئازا و چاونەترسە. پێشمەرگە چرای رووناکی و هیوایه، قەڵای ورەیە، دوژمن بەزێن و هێزی كوردستانە...
Top