ئەو ڕۆژەی کاک ئیدریس شەهید بوو، چی ڕوویدا؟!

ئەو ڕۆژەی کاک ئیدریس شەهید بوو، چی ڕوویدا؟!
مامی گەورەمان کاک نەوزاد سرێشمەیی، بۆی گێڕامەوەو گووتی
ڕێک سی و سێ ساڵی ڕەبەق پێش ئێستاو لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ، ٣١ مانگی کانوونی دووەم، زستانێکی سارد بوو، بەفر تەنگی بە کوچەو کۆلانەکانی گوندەکەمانی هەڵچنی بوو،
تا دەهات سەرما فشاری زیاتری بۆ دەهێناین،
بەڵام ئەو ڕۆژە ئاهەنگی بووک گواستنەوەی خزمێکمان بوو
کوڕو کچ، سەرقاڵی شیکپۆشی و خۆ ئامادەکردن بوون بۆ ئاهەنگەکە،

ئاوێنەی هەڵواسراوەکانی ماڵانی گوند، ڕەنگاو ڕەنگ بە جلی جوانی کوردی کوڕو کچانی گوند دەدرەوشایەوە،
دوای نیوەڕۆ هەمووان لە ماڵی زاوا کۆبووینەوەو پیرەکان سەرەوەی مەجلیسان بە دووکەڵی جگارە ئاوێتە لەگەڵ هەڵمی سەماوەر گەرم کردبوو، گەنجەکانیش بە پێوە لە چاوەڕوانی تەپڵی هەڵپەڕکێی کۆنی کوردەواری وەستابوون،


ئەم چاوەڕوانیە زۆری نەبرد و بووک بە زاوا سپێردراو بانگی هەڵپەڕکێدرا، م زوو گەنجە خوێن گەرمەکان مەیدانیان تەژی کرد و کچەکانیش تا داوەت گەرمتر دەبوو، لە پشتەوەی شایی بە ڕیز وەستابوون،

پیرەکان بە دەنگێکی ڕەسەن، بەستەو بەندیان دەهۆنیەوەو لاوەکانیش بەدوای ئەوان دەیانگووتەوە، سەر بانەکانی دەرووبەری مەیدانی هەڵپەڕکێکە، پڕ بوو لەوانەی حەزیان بە تەماشاکردنی شایی دەکرد، تا دەهات گەرم و گوڕی شایی هێزی بەفرو سەرمای زستانی زیاتر پاشەکشێ پێدەکرد، خولاصە چاک هەڵدەپەڕێن و دەتوانم بڵێم گشتی ئەوانەی لە هەڵپەڕکێکە ئامادە بوون، بە درێژای ژیانیان تامی هەڵپەڕکێ ی لەم چەشنەیان نەکردبوو،

لە گەرمەی شایی و لوتکەی چێژ بووین، بێخەبەر لەوەی کە لەدەرەوەی بازنەی هەڵپەڕکێ چی دەگوزەرێ، چونکە سەردەمەکە وەک ئێستا نەبوو، تەلەفۆن و هیچ ئامرازێکی پەیوەندی خێرا و هێڵێکی گەرم بوونی نەبوو، تا زوو لە رووداوەکان ئاگاییمان هەبوایە، جاری وا هەبوە دوای مانگێک بەسەر ڕوودانی ڕووداوێکدا تێدەپەڕی، ئینجا ئێمە دەمانزانی،

خەبەر هات، بەڵام چ خەبەرێکی باوەڕ پێنەکراو و جەرگبڕ، کە گووتیان کاکە ئیدریس شەهید بووە، هەمووان تووشی شۆک بوون،
خۆشیەکان بوون بەشین، دەنگی گریان تا تەشقی ئاسمان بەرز بۆوە، کچ و کوڕەکانی نێو هەڵپەڕكێ دەستی یەکتریان بەرداو چۆکیان دادا و کەسێک نەبوو دڵی ئەوەی تریان بداتەوە، خەبەری شەهید بوونی کاک ئیدریس تۆزقالێک ئومێدی وە کەس نەهێشت، لە بری خۆشی، ناخۆشی باڵی بەسەر تەواوی گوندەکەمانی داپۆشی، گەورە و بچوک پیرو جەوان کچ و ژنانی لادێ، وێکڕا تازییە بار بوون و بۆماوەیەکی درێژ رەشیان پۆشی،

ئای چ خەسارەتێکی گەورەو چ کەلێنێکی مەزن بوو، کاتێک خەبەری شەهید بوونی کاکە ئیدریسمان پێگەیشت،


سلاو لە گۆڕی گشت شەهیدانی کوردو کوردستان
دروود بۆ گۆڕی کاکە ئیدریسی جوانە مەرگ،
Top