یادی ئیدریس بارزانی و پەیڤێکی کورت

یادی ئیدریس بارزانی و پەیڤێکی کورت

لێدوان و قسەکردن لەسەر ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕی و بڕوا بە خۆبوون و کوردبوون و کوردایەتی ئیدریس بارزانی، بۆ بابەیکی وەک من کە تەنها چەند جارێک بە دیداری شاد بووم و لە ئامۆژگاری و رێنماییە شۆڕشگێڕیەکانی بەهرەمەند بووم کارێکی ئەستەم و لەودیوی مەحاڵە، بۆ ئەوانەش کە بەردەوام لێی نزیک بوون و لەگەڵی ژیاون کارێکی ئاسان نییە ، چونکە ژیانی ئیدریس بارزانی تەژی بووە لە نوێگەری شۆڕشگێڕی و خەبات و قوربانیدانی بەردەوام، ئەو نوێگەریەشی دەکردە وزەی بەردەوامی شۆڕش و وەڵامی قۆناغە سەختەکانی خەبات و بە ئومێدەوە روانین بۆ سەرکەوتن.
ئەوەی من لەو چەند جار بە خزمەت گەیشتنەی لێی فێر بووم و دەمەوێ لە یادی کۆچی دواییدا بیڵێم: ئیدریس بارزانی پێچەوانەی زۆرێک لە سیاسی و سەرکردەکانی ئێستا و رابردوو، سیاسەتی لە هەڵوێستی شۆڕشگێڕیدا وێنا دەکرد، هەڵوێستی شۆڕشگێڕیشی لە بڕوا بە خۆبوون و بەردەوامیدا پێناسە دەکرد، بڕوا بە خۆبوون و بەردەوامیشی لە ئاستی پێشکەوتنی هزر و بیری کوردایەتیدا چڕ دەکردنەوە، هەموو ئەوانەش زادەی ئەو ژینگە سیاسی و شۆڕشگێڕی و نەتەوەییە بوون کە ئیدریس بارزانی تێیدا پەروەردە کرابوو، بۆیە کۆچی دوایی نەک هەر بۆ پارتی خەسارەتێکی گەورە بوو، بەڵکو کەلێنێکی وای خستە ناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد کە پڕ کردنەوەى زەحمەتە.
حیکمەتێکی تری ئیدریس بارزانی کە دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم و ئەو حیکمەتەش لە تاک و تەرای رابەر و سەرکردەکاندا بوونی هەیە ، دەیزانی چۆن وزە و هێزی شۆڕشگێڕی بە پێشمەرگە ببەخشێ و چۆنیش ئومێد بەبەر نائومێداندا بکاتەوە، ئەوەش لە کاتێکدا دەردەکەوت کە پێشمەرگەیەک یان شۆڕشگێڕێک لەو پەڕی بێ ئومێدیدا بە خزمەت ئەو پیاوە ئومێد بەخشە دەگەیشت، وای هەست دەکرد کە سەرەتای پێشمەرگایەتی و بەرگری کردنیەتی لە کوردستان و ئەرکی رزگاری کورد بە تەنها لەسەر شانی ئەوە.
من لە یەکەم بە خزمەت گەیشتنی زۆر پێی سەرسام بووم و دەرگای جیهانێکی نوێی بە روودا کردمەوە، بەڵام لەگەڵ ئاشنا بوونی زیاترم بە قوتابخانەکەی و نایسنی مامۆستاکەی بەرە بەرە ئەو سەرسامیەم کەم دەبووەوە، ئاخر کەسێک لە قوتابخانەی کوردبوون و کوردایەتی وانەی شۆڕشگێڕی وەرگرتبێ و بارزانی نەمر مامۆستای بووبێ و کلتووری بڕوا بەخۆبوون و خۆڕاگریشی لە بارزانی نەمر بە میرات بۆ مابێتەوە، دەبێ ئەو ئیدریس بارزانییەی لێ دەربچێ کە شوێنکەوتووانی هێزی بەردەوامی و بڕوا بەخۆبوونی لێ وەربگرن و دوژمنانیش پێی سەرسام بن.
لەلای ئیدریس بارزانی بەردەوامی و بڕوا بەخۆبوون دووانە مەرجی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بوون، بۆیە چەندی باسی لێزانی و بڕوا بەخۆبوونی ئیدریس بارزانی بکرێ هێشتا زۆر لایەنی سیاسی و شۆڕشگێڕی بە شاراوەیی دەمێننەوە و ناتوانی وەک ئەوەی هەبووە بیناسێنی، هەموو ئەوانەش بۆ ئەو قوتابخانە سیاسی و شۆڕشگێڕیە دەگەڕێنەوە کە وانە و ئەزموونی کوردبوون و کوردایەتی لێ وەرگرتوون، ئێستا کە ٣٢ ساڵ بەسەر کۆچیدا تێدەپەڕێ رێنمایی و ئامۆژگاریەکانی هێزم پێ دەبەخشن و لە شکستدا هێزی هەستانەوەیان لێ وەردەگرم, بۆیە لە یادی کۆچی و لە کۆتایی ئەم کورتە پەیڤەدا دەڵێم: باشترین رێز و وەفا بۆ ئیدریس بارزانی بەردەوامی و بڕوا بەخۆبوونە وەک ئەوەی خۆی بڕوای بە بەردەوامی و بڕوا بەخۆبوون بوو.
Top