هەولێر ناوەندی دیپلۆماسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
January 19, 2020
وتار و بیروڕا
بارودۆخی شڵەژاوی عێراق و خۆپیشاندانە بەردەوامەكان و دەستلەكاركێشانەوەی د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، دۆخێكی نامۆی وەهای دروستكردووە كە عێراقی بەرەو تۆنێلێكی تاریكی نادیار بردووە، كە كەم كەس بتوانێت لەم دۆخەدا رۆڵی كاریگەری هەبێت، بەتایبەتی كە لە عێراقدا حكومەت نەماوە، خۆپیشاندان تەواوی وڵاتی گرتۆتەوە، هاووڵاتیان متمانە بە حكومەت هێز و لایەنە سیاسییە شیعەكان ناكەن و ،مەرجەعییەتی قوم و نەجەف بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماڵی شیعە لە ناكۆكیی بەردەوامدان و، سهرباری ئهمانهش كوژرانی قاسم سولەیمانی زەنگی جەنگێكی ماڵوێرانكەری بە گوێی تەواوی هاووڵاتیانی عێراقدا دا و، ناكۆكیی نێوان ئەمریكا و ئێرانیشی بەهێزتر كرد، تەنانەت رەوشەكە بە جۆرێكە ئەگەر هەنگاوی خێرا نەنرێت، جەنگی ناوخۆیی لە دەرگای عێراقییەكان دەدات.
بەراوردێك لە نێوان هەولێر و بەغدا
لەم كاتەدا ماڵی شیعە بە جۆرێك لێك هەڵوەشاوە كە موقتەدا سەدر لە رێگەی بڵاوكردنەوەی تویتەوە خۆی بە نوێنەری خۆپیشاندانەران دەزانێت، فەتح هێشتا لە عەقڵییەتی سەردەمی جەنگی داعشدا دەژی و خۆی بە خاوەنی سەركەوتنەكان دەزانێت و دەیەوێت دوابڕیار لەلای خۆی بێت، هەریەك لە مالیكی و عەبادییش حزبی دەعوەیان لە نێوان خۆیاندا دابەش كردووە، كە چاككردنەوەی ئەستەمە ، ئەمە بێجگە لەوەی كە پەرتەوازەیی تەنیا لە ماڵی شیعەدا كورت نەبۆتەوە و ناكۆكیی نێوان هێزە سوننەكان زۆر بە روونی دەردەكەوێت، حەلبووسی خۆی بەسەركردەی سوننە مەزهەبەكان دەزانێت، بەڵام هێشتا هەریەك لە خەمیس خەنجەر و نوجێفی و جبوری، خۆیان بە نوێنەری سوننە دەزانن، واتا عێراق لە پاشاگەردانییەكی مەترسیداردایە، هیچ جۆرە ئاسۆیەك بۆ چارەسەری كێشەكان نەماوە، لەم دۆخەدا ئەمریكییەكانیش متمانەیان بە عێراقییەكان و روونتر بڵێین بە شیعەكان نەماوە، چونكە بە درێژایی ماوەی رابردوو تەنگەژەكانی عێراق روویان لە هەڵكشان كردووە و ئاسۆیەك بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دیار نییە، ئەمە بێجگە لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان كە ئەمریكای تەواو نیگەران كردووە ، ئەم رووداوانە هەمووی وایكردووە كە جیهان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكان روو لە هەولێر بكەن، واتا هەولێر دەبێتە ناوەندێك بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی عێراق و تەنانەت پردێكی پەیوەندییش دەبێت لە نێوان هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكاندا.
رەهەندەكانی پشت هاتنی عەبدولمەهدی
سەردانی ئەم دواییەی (عادل عەبدولمەهدی) بۆ هەولێر و ئەنجامدانی چەندین دیداری دیپلۆماسی، لوتكەی ئەو راستییەی خستەڕوو كە تاكە رێگە بۆ دەرچوون لەم قەیرانەی ئەمڕۆی عێراق و دەربازبوون لە تەنگەژە سیاسییەكان هەنگاونانە بەرەو هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، لە ئێستادا پێویستە عێراقییەكان بڵێن: «سەرجەم رێگەكان دەچنەوە هەولێر»، چونكە هەولێر لە دوای پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق لە ساڵی 2003وە بۆ سەرجەم پێكهاتە سیاسییەكانی نێوخۆیی و عێراقیش پێگەیەكی گرنگی دیپلۆماسی بووە و تەنانەت هێزە بیانییەكانیش لەم شارەدا زۆر پرسی گرنگیان یەكلا كردۆتەوە، تەنانەت زۆربەی كابینەكانی حكومەتی عێراق لە دیدارە دیپلۆماسییەكانی هەولێردا بەرهەمیان هەبووە و پێكهاتوون، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە هەمیشە هەولێری پایتەختی كوردستان لە سایەی سیاسەتی حەكیمانەی مەرجەعی نەتەوەییمان، مسعود بارزانی لەسەر ئاستی عێراق و زۆربەی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كەسایەتییەكی متمانەپێكراوی دیپلۆماسی بووە، سهرۆك مسعود بارزانی زۆر بوێرانە هەنگاوی ناوە، بە درێژای ساڵانی رابردوو متمانەیەكی وەهای دروست كردووە كە تەواوی سهركردهكانی جیهان وەك ناوەندێكی هێز لە هەولێر بڕوانن و بە گرنگییەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن.
بۆچی هەولێر گرنگە؟
ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئەو راستییە بزانین كە بۆچی هەولێر گرنگە و سەركردە سیاسییە عێراقییەكان و تەنانەت هەرێمییەكانیش لەبەر چ هۆكارێك بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكانیان روو لە هەولیر دەكەن، ئەوا پێویستە شرۆڤەیەك بۆ دۆخی ناوچەكە و عێراق بكەین و لە چەند خاڵێكدا هەڵویستەكان روون بكەینەوە .
1. سەرۆك بارزانی هەمیشە سیاسەتێكی كوردستانیی پەیڕەو كردووە، ساڵانێكی زۆرە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە هەرێمییەكان بە گرنگییەوە لەم دپیلۆماسییەته دەڕوانن، چونكە سیاسەتی دیپلۆماسیی سەرۆك بارزانی بە جۆرێك بووە، هەمیشە سەربەخۆ بووە و هیچ كاتێك نەبۆتە بەرەیەك دژ بە بەرەیەكی دی لەناوچەكەدا، ئەمەش وایكردووە كە جیهان و هیزە نیودەوڵەتییەكان و هێزە هەرێمییەكان رێز لە هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی بگرن.
2. راگرتنی هاوسەنگیی هێز یەكێكی دیكەیه لە هەنگاوەكانی مەرجەعی نەتەوەییمانە كە توانی لە ساڵانی رابردوودا هەرێمی كوردستانی لە جەنگ و ماڵوێرانی بپارێزێت، تەنانەت زۆربەی چاودێرانی سیاسی بە گرنگییەوە باس لەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان تاكە ناوچەی ئارامە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەك دەوترێت هەرێمی كوردستان دورگەیەكی ئارامە لە ناو ئۆقیانووسێكی پڕ لە خوێندا، ئەمەش بۆ سیاسەتی حەكیمانەی مەرجەعی نەتەوەییمان دەگەڕێتەوە، كە هاوسەنگیی هێزی پاراستووە.
3. لەخۆبووردەیی و كارێزمایی خاڵێكی دیكەی سەركەوتنی هەنگاوی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی بوو كە توانیویەتی كوردستان لە مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش بپارێزێت و، خەونی نەیارانی كوردستانی پووچەڵ كردۆتەوە.
4. پاراستنی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد یەكێكی دیكە بووە لە هەنگاوە گرنگەكانی مەرجەعی نەتەوەییمان، كە هەموو هەوڵێكی لە ساڵانی رابردوودا بۆ پاراستنی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد بووە، تەنانەت زۆرجار لەم پێناوەدا سازشی بۆ لایەنە كوردستانییەكان كردووە، تەنیا ئامانجیشی پاراستنی ماڵی كورد بووە لە دووبەرەكی، لەم پێناوەشدا توانی تەواوی هێزە كوردستانییەكان لە یەك بەرەدا كۆبكاتەوە.
5. هەرێمی كوردستان لانكەی ئارامی ملیۆنان ئاوارە و لێقەوماو بووە، سەدان هەزار خێزانی مەسیحی و سوننە مەزهەب روویان لە شارەكانی كوردستان كردووە و، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە میوانداری كراون، تەنانەت زۆربەی سەرۆكی وڵاتە زلهێزەكانی جیهان و پاپای ڤاتیكان و چەندان كەسایەتیی دیكە بۆ ئەم مەبەستە كوردستانیان بە لانكەی پێكەوەژیان وەسف كردووە.
لە كۆتاییدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئەمجارەیان شەمەندەفەڕی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لە هەولێرەوە دەست پێ دەكات و عەبدولمەهدیش وەك كەسێكی دیاری عێراق، دەیەوێت هەولێر رۆڵێكی كارا لە یەكلاكردنەوەیدا بگێڕێت، چونكە بڕیارەكان لە هەولێر دەبن، نەك لە بەغدا، رۆژگاریش لە داهاتوودا ئەم راستییە دەردەخات.
* ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق