زیاتر متمانە و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ..

زیاتر متمانە و گەشەسەندنی  هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ..
تا دێت بارودۆخی ناوچەكە بە تایبەت لە عێراق و ئێران بەرەو كەشێكی ئاڵۆزتر هەنگاو دەنێت ، سەركردایەتی سیاسی كوردستان لە ماوەی رابردوو دا زۆر حەكیمانە لە رووی دیپلۆماسی و سیاسیەوە مامەڵەی لەگەڵ رەوشەكە كردووە و هیچ نەیویستووە بێتە نێو مڵمڵانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانەوە .ئەگەر هەڵوەستەیەك لە سەر دوای رووداوەكانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان بكەین دەبینین كە ـ لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان و لەسەر ئاستی حكوومەتی عێراق زۆر جاران باسیان لەوە دەكرد، كیان و قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان كوردی كۆتاییی هات، بەڵام بە هەوڵی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی رێزدار نێچیرڤان بارزانی، ئەوكات سەرۆكی حكوومەت بوو، بەستەڵەكی بەردەم پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان به ‌ڕووی كوردستاندا شكێندرا، ئەوە بوو سەرۆكی فەرەنسا ڕاستەوخۆ پێشوازیی لە سەرۆكوەزیران كرد، ئەمەریكا لە بەیانێكدا پشتیوانیی بۆ حكوومەتی هەرێم دەربڕی، ئیدی لەسەر ئاستی زۆر بەرزدا پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەرەو پێشەوە ڕۆیشتن.تادێت هەرێمی كوردستان بەهۆی بوونی كەشوهەوایەكی سەقامگیر وپر تەناهی زیاتر دەبێتە جێی بایەخ و متمانەپێكراوە لە سەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتیی . ئەوەش ئاماژەیەكی روونە كە هەرێمی كوردستان و گەلەكەی خاوەن دۆزێكی رەوا و چەندە ویستی ئاشتیخوازی و پێكەوە ژیان لە نێوخۆ و دراوسێیەكانی بە سەریاندا زاڵە . هەڕ ئەوەشە وایكردووە زیاتر سەرنجی بالیۆزخانە و كۆمپانیاكان روویان لە هەرێمی كوردستان بێ‌. ئەگەر هەڵوەستەیەك لە سەر پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان بكەین لە ماوەی ساڵی رابردوو تا بە ئەمرٍۆ ، ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێت كە پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان بەگشتی باش بوو، حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم و حزب و خەڵكی كوردستان چاویان لەوەیە پێوەندییەكانی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرەوپێشەوە بەرن، لە ڕوی یاسایی و دەستوورییەوە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی باشدایە". هەروەها لەماوەی رابردووە وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆك و وەزیرانی وڵاتان ڕاستەوخۆ سەردانی كوردستان دەكەن، تەنانەت بێ ئەوەی پرس، یان سەردانی بەغداش بكەن، حكوومەتی هەرێم لە زۆربەی وڵاتان نوێنەرایەتی هەیە و چەندین وڵات كونسووڵخانەیان لە هەولێر كردووەتەوە، لە ڕوی ئەمنی و دیموكراسییەوە باش بووە، بۆیە وڵاتانیش خواستی پێوەندییان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم هەبووه.سەرٍەرایی ئەوەی لە ڕوی سنوورەوە هەرێمی كوردستان كەوتووەتە نێوان ئەو دەوڵەتانەی كوردیان هەیه،‌ بەڵام لە ڕوی پێوەندیی نێودەوڵەتییەوە باشە، پێویستە حكوومەتی هەرێم زیاتر ئازادی و دیموكراسی بچەسپێنێت، سەرچاوەی دارایی باشتر بكات، كۆمپانیا زلهێزەكان بۆ وەبەرهێنان ڕاكێشێتە هەرێم، بەشێك لە داهاتەكەی لە بانكی وڵاتان دابندرێت و، گرنگی بە كوردانی دەرەوە بدرێت.بۆیە، ئەو دۆخەی كە لە ئێستادا لە عێراقدا بوونی هەیە، بەتایبەت كێشەی ئەمەریكا لەگەڵ شیعەكان بە سپونسەری ئێران ،‌ ئەوا هەرێمی كوردستان دەتوانێت پێوەندییەكانی لە رووی سیاسی ،دیپلۆماسی و ئابووری زیاتر لەگەڵ ئەمەریكا وهاوپەیمانانی و وڵاتانی تر بەرەو پێشەوە ببات . هەروەها لەسەر ئاستی بەرپرسانی باڵای وڵاتان، جێگری سەرۆك و وەزیرانی باڵای وڵاتان سەردانی كوردستان دەكەن و لەسەر ئاستی باڵای وڵاتان پێشوازی لە وەفدی حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم دەكرێت، لەماوەی رابردوو گەشانەوەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی كوردستان بوو.بۆیە، زۆر گرنگ و پیۆستە ، چەندە بازنەی پێوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی فراوان بكەین، گەرەنتیی بەهێزبوونمان لە ئایندە زیاتر دەبێ‌ و پێوستە لە رووی ئابوورییەوە هەوڵ بدرێت لە ساڵی 2020 تەواوی ئەو وڵاتانە و كۆمپانیا بەهێزانەی نەیارن، بیانكەین بەدۆستی خۆمان.
Top