گەلی كورد هەوێنی ئاشتیی و چارەسەری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دا..
January 16, 2020
وتار و بیروڕا
سەرۆك بارزانی وەك رابەر و كەسایەتیەكی دیار و كاریگەر لە دروستكردنی بڕیاری ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیر دەكرێت . بارزانی لەوەتەی دەستی بە خەباتی رزگاری و ئازادی كردووە، بۆ ئەوە كاری كردووە ئاشتی بەسەر شەڕدا سەركەوێت و گەلی كورد لەسەر خاكی خۆی بە ئاشتیو دوور لە چەوساندنەوە بژیت. هەرگیز بڕوای بە شەڕ و توندوتیژی نەبووە، بۆیە چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی لە بواری ئاشتی، پێیەخشراوە لەبەر رۆڵی كاریگەر و ئاشتیخوازانەی سەرۆك بارزانی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش گوێ بۆ بۆچوون و تێبینی و سەرنجەكانی بارزانی رادەگیرێ. وڵاتانی خاوەن بڕیار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا، ناچارن پەنا بۆ بارزانی بێنن، بۆ هەموو تەنگژەیەك بە تایبەت ئەو كێشەو تەنگژانەی لە عێراقدا روو دەدەن، داوا لە بارزانی دەكەن دەستپێشخەری نوێ بخاتە روو، تەنها بارزانی بە رزگاركەری بارودۆخە ناهەموارەكان دەزانن، كە زۆرینەی گەلی عێراقیش بە كوردو عەرەبی شیعە و سوننەوە متمانەی پێ دەكەن. ئێستا دەبینین رۆژانە هەموو لایەنەكان پەنا بۆ بارزانی دێنن و داوای لێ دەكەن چارەسەرێك بۆ تەنگژەی عێراق بدۆزێتەوە. بارزانی لەسەر ئاستی نەتەوەی كوردیش هیوا و ئومێدێكی گەشە لە دڵ و دەروونی هەموو كوردێكدا، هەتا ئەوانەش كە لە رووی سیاسیەوە جیاواز لە بارزانی بیر دەكەنەوە، هەر بۆیە بارزانی كەسایەتیەكی كاریگەری هەیە لەدروستكردنی بڕیاری ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. خوا نەخواستە ئەگەر شەڕێكی دیكە لەسەر كورد فەرز بكرێت، ئەوا بڕیارەكانی بارزانی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەشلەژێنێ، لەبەر ئەوەی زۆربەی گەلی كورد بە رابەر و سەرۆك و مەرجەعی خۆیانی دەزانن، هەر بارزانی بوو رێگری كرد لە سەرهەڵدانی شەڕی براكوژی لە رۆژئاوای كوردستان و هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكانی لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆكردنەوەو رێكەوتنی پێ ئیمزا كردن، هەموویان لەژێر یەك چەتر كۆكردەوە، كە ئەویش دەستەی باڵای كورد یە. هەر ئەو پشتگیری و گەورە سەیركردنی گەلی كوردیشە بۆ بارزانی سەنگ و پێگەی كوردی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رۆژ بەرۆژ بەهێزتر و كاریگەرتر دەكات. ئەمە وای لە وڵاتانی زلهێزی جیهانی دەكات، بە شێوەیەكی فەرمی بارزانی داوەتی وڵاتەكانیان بكەن و فەرشی سووری بۆ رابخەن و وەك سەرۆك دەوڵەتێكی خاوەن پێگە، پێشوازی و حیسابی تایبەتی بۆ بكەن. ئەوە دەبینین لەسەر ئایندەی چارەنووسی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا وڵاتێكی گەورەی وەك روسیا، كە هێزێكی كاریگەری و خاوەن بڕیارە لەسەر كێشەكانی هەموو جیهان، ناچارە وەك وڵاتێكی گەورە و كاریگەر مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و خودی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكات. چەندین ناوەند و سەنتەری لێكوڵینەوەی ستراتیژی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانیشتن دەكەن، بۆ گوێ گرتن لە راو سەرنجەكانی سەرۆك بارزانی، هەروەها وڵاتانی داگیركەری كوردستانیش ناچارن بە فەرمیو بە سیفەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، داوەتنامەی سەردان پێشكەش بە سەرۆك بارزانی بكەن و بەناچاریش گوێ لە بۆچوونەكانی بگرن، بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد لە وڵاتانی خۆیاندا بە شێوازی ئاشتیانەو سیاسی. چونكە سەرۆك بارزانیی باش دەزانێ تا پرسی كورد چارەسەر نەبێ ناوچەكە بە گشتی ئارام و سەقامگیر نابێ .. هاتنی شاندی وڵاتان بەردەوامە و ترافیكی دیپلۆماسی هەرێمی كوردستان زۆر قەرەباڵغە. لەلایەك مایك پێنس جێگری سەرۆك كۆماری ئەمەریكا لە هەولێرە و جیمس جێفری نێردراویی سەرۆكی ئەمەریكا و وەزیری بەرگری ئیتالیا و باڵیۆزی وڵاتان و لەم لاشەوە برنار هێنری لیڤی لە رۆژئاوا. لەلایەكی ترەوە وەزیری دەرەوەی پێشوویی ئەڵمانیا یوشكا فیشەر دەڵی: بەبێ كورد هیچ چارەسەرێك لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا سەرناگرێت. هەرروەها پێش چەند رۆژێك عەبدولفەتاح سیسی سەركۆماری عەرەبی میسریش بە كچە كوردەكەی بەشداربووی كۆڕبەندی لاوانی جیهان لە میسر دەڵێ: ئەمڕۆ كەس ناتوانێت لە ناسنامەكەت بێ بەشت بكات، كە مەبەستی ناسنامەی كوردبوونە.بەدڵنیاییەوە هەمو ئەو سەردان و لێدوانە یەك لە دوای یەكەكان لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی ئەجیندای تایبەتی لە پشت ئەو سەردان و لێدوانانە هەن، كە رەنگە خێر بێت، یان شەڕ بۆ كوردستان، بەڵام هەموی یەك چشت دەسەلمێنن، ئەویش ئەوەیە، ئیتر كەس ناتوانێت كوردو كوردستان فەرامۆش بكاتن، ئەمە زلهێزبێت، یان ملهێز.ئەگەر تا دوێنی داگیركەران بە هەموو شێوەیەك هەوڵی لە ناوبردن و سرٍینەوەی گەلی كوردیان دەدا و ئەو كوردستانەی بەزەبری هێز دابەشكراو كرا بە عیراق و توركیاو ئێران و سوریا، ئەمڕۆ كۆت و زنجیری دابەشكاریی پچڕاندو زەمینەی بەردەوامبوونی داگیركاری نەهێشت و وا خەریكە بەرەو یەكگرتنەوە هەنگاو دەنێت.داگیرگەران و دوژمنان بە لەناوبردنی كوردو سڕینەوەی كوردستان ویستیان ئاین و شارستانیەت بسڕنەوەو لە ژێر ناوی بریقەدار وەحشیگەری بەسەر زەمیندا بڵاوبكەنەوە. هەموو ئەمانە نیشانەی هەڵاتنی خۆری كوردو بووژانەوەی شارستانی كوردستانە، ئەمرۆش خۆرەكەی لە هەڵاتندایە.