کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە نێوان واقیع و تاکتیكدا

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە نێوان واقیع و تاکتیكدا
لە دوای کردنە ئامانجی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپاس قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، لە لایەن ئەمریکا لە رێگەی فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوانەوە، ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران خستوەتە قۆناغێکی توندی لێدوان لە دژی یەکتر. تەنانەت ئەو باروودۆخە لێڵ و ئاڵۆزە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێناوەتە سەرخەت و بەجۆرێك کە زۆربەیان هۆشداری دەدەن لە ئاڵۆزبوونی باروودۆخەکە، بەڵام بەجۆرێك لە جۆرەکان ئەوروپیەکان چونەتە پاڵ ئەمریکا و تاکوو ئێستا هیچ دەوڵەتێك پرۆتستۆی کاری ئەمریکای نەکردووە.

ئەوەی هەوڵی بۆ دەدرا روونەدات روویدا:

لە سەرەتای درووسیبوونی ئاڵۆزییەکانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ زۆربەی توێژەر و چاودێر و سەرکردە نیشتیمانیەکانی عێراق لە ناویشیاندا سەرکردەکانی کوردستان هۆشداریان دا لەوەی کە عێراق نەبێتە گۆرەپانی شەڕی چاوەڕوانکراوی ئەمریکا و ئێران، هەرچەندە لەسەرەتا بەو ئاراستەیە کاردەکرا بەڵام دواتر بەهۆی رووداوی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و کوژرانی سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، پاشانیش بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق باروودۆخەکەی ئاوەژووکردەوە، و بەهۆیەوە عێراق بە مەبەستبێت یان بێمەبەست وەك بەشێك لە ململانێکان یاخوود وەك چوونەپاڵ ئیران دەرکەوت، ئە چوونە پاڵ ئێرانەی عێراقیش کارەساتێکی گەورە توشی عێراق دەکات و رەنگە بەهۆییەوە ببێتە میدانی جەنگ و درووستبوونی شەری ناوخۆ و دواجار تێکچوونی هاوسەنگی نێوان هێزەکان لە ناوچەکە.

بابەتە گەرمەکە:

لە ئێستادا باس و خواسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق باسێکی گەرمی میدیاکانە، من باسی ئەو پێشهات و زیانانە ناکەم کە لە جێبەجێکردنی وەها بریارێك عێراق توشی دەبێت، بەڵکوو دەمەوێت بابەتەکەم بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بەرم کە ئایا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە؟ بەو مانایەیی کە وجودی ئەمریکا لە عێراق نەمێنێت؟

بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەبێت ئەوە بەبیری خوێنەر بهێنمەوە کە سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩ بریاریدا لە هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە، بەڵام لە بریارەکەی پەشیمان بوویەوە، تاکە بیانووی دۆناڵد ترەمپ بۆ مانەوەی هێزەکانیان لە سوریا بریتی بوو لە پارێزگاریکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی باکوری سوریا.
بۆ زانین بە هەموو کێڵگە نەوتیەکانی سوریا توانای بەرهەمهێنان و بەبازارکردنی نزیکەی ٥٠٠،٠٠٠ بەرمیلە لە رۆژێكدا ئەوەش لە کاتێكدا کە سوریا ئارام و جێگیر بوو.

بەپێی ئەو هاوکێشەیە بێت ئەوا ئەمریکا هەرگیز لە عێراق ناکشێتەوە، چونکە عێراق بەرهەمهێنێکی گەورەی نەوتە و لە ئێستادا بە هەرێمی کوردستان و عێراق لە دوای سعودیە دووەم بەرهەمهێن و هەناردەکاری نەوتن لەو ناوچەیە، جگە لەمەی خاوەنی یەدەگێکی گەورەی نەوتە، هەموو ئەمانە پێماندەڵێن ئەمریکا لە عێراق ناکشێتەوە، بەڵکوو ئەمە بابەتێکی تاکتیکیە و دوای کۆبوونەوەی باڵیۆزی ئەمریکا و عادل عبدالمهدی سەرۆك وەزیرانی کاتبەرێکەری عێراق هاتە کایەوە، کە رەنگە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر حکومەتی عێراق و هێورکردنەوەی باروودۆخەکە ئەو پلانەیان دارشتبێت. بە پێی گووتەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش بێت لە ئێستادا هیچ پلانێکیان نیە بۆ کشانەوە لە عێراق.

ئەمریکا و نەوت:

ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم کە بە شێوەیەکی گەورە رووی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستکرد ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ووزەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بوو بەمەبەستی پارێزگاریکردن و بەردەوامی هەبوونی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، لە پاڵ ئەمانەش پاراستنی بایەخ و بەهای دۆلار و چەند ئامانجێکی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، چونکە ئەوان دەزانن هەر دەوڵەت و هێزێك نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەراست کۆنترۆڵ بکات واتا کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئابووری و سیاسەتی جیهان.
ئەمانە جگە لەوەی کە جیۆپۆلەتیکی عێراق زۆر گرینگە بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی سەروەری ئیسرائیل و پاراستنی هاوپەیمانەکانی و بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. بۆیە ئەستەمە لە ئێستادا پێشبینی ئەوە بکەین کە ئەمریکا لە عێراق دەکشێتەوە، دەبێت چاوەڕێی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بکەین لەهەمبەر ئەم پرسەدا.
Top