كورد لە نێوان ململانێی زلهێزەكاندا چی بكات؟

كورد لە نێوان ململانێی زلهێزەكاندا چی بكات؟

بەرەبەیانیی دوێنێ هەینی، لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی سوپای قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران و (ئەبوومەهدی موهەندیس) جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی، كرانە ئامانج و لە هێرشێكی مووشەكیی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمەریكادا، خۆیان و چەند سەركردەیەكی دیكەی حەشدی شەعبی كوژران، كە ئەمەش رووداوێكی ئاسایی نەبوو و لەسەر ئاستی جیهان و لە ناوەندە میدیاییە نێودەوڵەتییەكانیشدا، كاردانەوەی جودای بە دوای خۆیدا هێنا.

دوای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵی كوژرانی (سولەیمانی) و (موهەندیس) لەلایەن واشنتۆن و تارانەوە، كە وەك كاردانەوەیەك بوو بەرامبەر هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، پینتاگۆن بە فەرمی رایگەیاند كە بڕیارەكە لەلایەن (سەرۆك ترەمپ)ـەوە دراوە و وەك خۆیشیان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیان داوە: "قاسم سولەیمانی، بەرپرس بووە لە كوشتنی سەدان ئەندامی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ناوچەكەدا".

لە بەرامبەریشدا، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی كوشتنی (سولەیمانی) و (موهەندیس)ـی سەركۆنە كرد و هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە لە بكوژانیان دەكەن، كە وەك دەربڕینی نیگەرانی و هاوخەمی، سێ رۆژ ماتەمینی لەو وڵاتەدا راگەیەندرا.

پەیوەست بە عێراقیش، شیعەكان بوون بە دوو بەرەوە، هەندێكیان بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێڕن و هەندێكی تریشیان تازیەبارن و چاوەڕێی پێشهات و گۆڕانكاریی نوێ دەكەن، كە تا ئێستاش كاردانەوەی جەماوەری شیعەمەزهەبی لایەنگری ئێران و تەنانەت هی خودی كۆماری ئیسلامییش، لە قاڵبی میدیاوە نەچوونەتە چوارچێوەی كردارییەوە و ئەوەی دەبینرێ و دەبیسترێت، تەنیا هەڕەشەی میدیا و سۆشیال میدیایە.

بێگومان هەڵوێستی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییش لەوبارەیەوە ڕوونە و بەشێكیان هاوخەمی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەردەبڕن، بەشێكیشیان پاڵشتی ئەمەریكان و ژمارەیەكیشیان هەوڵی نێوەندگیری دەدەن.

بە وردبوونەوە لە لێدوانی بەرپرسە باڵاكانی ئەمەریكا و ئێران، كە لێدوانی توند و دژبەیەكن و بۆنی تۆڵەكردنەوە و هەڕەشەی جددییان لێ دێت، دەكرێ بگەینە ئەو باوەڕەی، ململانێی نێوان زلهێزەكان لە عێراق و ناوچەكەدا قوڵتر و ئاڵۆزتر دەبێت، چونكە لە لایەك تاران رایگەیاندووە كە لە خوێنی فەرماندەكانی خۆش نابێت و، لە لایەكی دیكەشەوە واشنتۆن هەڕەشەی لێدان لە كەرتی نەوتی ئێران دەكات، كە لە هەردوو بارەكەدا پێشبینیی پێشهاتی باش ناكرێت و رەنگە گۆمەكە زیاتر بشڵەقێت و سەقامگیریی ناوچەكەش پتر بكەوێتە مەترسییەوە.

بەوپێیەی هەرێمی كوردستانیش لە رووی جیۆگرافییەوە كەوتووەتە نێو چەقی ململانێكانەوە، پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ورد و ژیرانە لە كۆی رووداو و پێشهاتە پێشبینیكراوەكان بڕوانێت و پتر لەوەش، دەكرێ تا ئاستێك و بە مانا شموولییەكەی، تەماشاكار بێت نەك لایەنگیر.

بە واتایەكی دیكە، دەشێ جارێكی دیكە و رێك وەك پاش دەسپێكی خۆپیشاندانەكانی عێراق، بەپەلە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و سەركردەی تێكڕای حزبە كوردستانییەكان، پێكەوە كۆببنەوە و تا دوای یەكلابوونەوە و كپكردنەوە و ئاساییبوونەوەی دۆخی ناوچەكەش، كۆبوونەوەكان بەردەوام بن، چونكە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی پرشكی ئاگرە بێئامانەكەی بەرنەكەوێت، پێویستی بە راگرتنی باڵانس هەیە لە نێوان هەرێم و ئەمەریكا، هەرێم و ئێران، هەرێم و عێراق و.... تا دوایی
Top