پارتی دیموکراتی کوردستان .. ،، رێبازی بارزانی، عەقیدە ، کوردایەتی ،،
January 2, 2020
وتار و بیروڕا
(( 5 ))
گەرانەوەی پارتی بۆ ناو گۆرەپانی سیاسی عیراقی لە دەرگا گەورەکەیەوە، دەرفەتێکی تری مێژوویی بو بۆ پارتی و سەرکردایەتی کورد، قۆناغێکی تری خەبات بوو لە کەش و هەوایەکی جیاواز دا کە پارتی دەتوانێ بە شێوەیەکی ئازادانە داکوکی لە مافە رەواکانی گەلی کورد بکات لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی دا.
لە ماوەیەکی کورت دا پارتی توانی بوونی خۆی بسەلمێنێ وەکو لایەنێکی بەهێزی کوردی لە ناو گۆرەپانی سیاسی عیراقی و داکوکی کرێکی سەرسەخت لە مافە رەواکانی گەلی کورد، جگە لەو پێکە بەرفراوانە جەماوەریەی کە رۆژ بە رۆژ فراوانتر و بەهێزتر دەبوو، لە نا،تەخ و چینەکانی کۆمەڵگای کوردەواری رێبازی بارزانی وەکو عەقیدەیەک دەبینراو ئومێدیان پێ هەبوو.
بەڵام ئەو هێزو توانایەی پارتی لە لایەن ناحەزانی گەلی کورد قبول نەدەکرا وبە مەترسی دەزانرا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، بۆیە کەوتنە پیلان گێری لە بەینی عبدالکریم قاسم و سەرکردایەتی سیاسی کورد کە خودی پارتی و بارزانی نەمر بوون، ناحەزان توانیان کار لەسەر هەڵوێستی عبدالکریم قاسم بکەن و بە ئاراستەیەکی تر بیگۆرن کە دژایەتی کورد بکات، بەم چەندەش جارێکی تر دۆزی کورد کەوتە بەر پەلاماردان، حکومەتی عیراق دەستی کرد بە دەرکردنی بەیاننامە دژی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد و تومەتی بێ بنەما وەکو سەرەتایەک بۆ دژایەتی کردنی پارتی، دەست کرا بە داخستنی بارەگاکانی پارتی و دەزگا راگەیاندنەکانی و راوەدونانی ئەندامانی پارتی و دروست کردنی کێشە لە ناوچە کوردیەکان بە گشتی.
ئەم هەلومەرجە نوێییە و فەرز کراوە لەسەر پارتی مایەی قبول کردن نەبوو و سەرەرای هەوڵی زۆر بو دیار کردنی راستیەکان و هێور کردنەوەی دۆخەکە، بەڵام هیچ سوودی نەبوو بەلکو فشارەکان زۆرتر دەبوون، بەو پێیەش سەرکردایەتی سیاسی کورد و شەخسی بارزانی نەمر گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە جگە لە بەرگری کردن هیچ رێگایەکی تریان لەبەر دە نەماوە.
لە سالی 1961 کار گەیشتە ئەو ئاستەی دەست بۆ خەباتی چەکداری ببرێت بو پاراستنی دەستکەوت و بەرکری کردن لە مافە رەواکانی گەلێکی زولم لێکراو، کە جگە لە خەباتی چەکداری هیچ رێگایەکی تر لەبەردەم پارتی نەمابوو، هەر بویە شۆرەشی ئەیلول هەڵگیرسا وەکو وەڵامێک بۆ زولم و ستەمی حکومەتی عیراقی ئەوکات، بەم پێیەش دوزی کورد کەوتە ناو قۆناغێکی تری خەباتی چەکداری.
شۆرشی ئەیلول، شۆرەشێکی سەرتاسەری جەماوەری نەتەوەیی هاوچەرخ بوو لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کورد دا، کە دەرهاوێژتەی زۆر گرنگی بە دواوە هات لە بەرژەوەندی کورد و دۆزە رەواکەی.