ِرِۆشنبیر كـــــــــــــێیه‌؟!

ِرِۆشنبیر كـــــــــــــێیه‌؟!

پێناسه‌یه‌كی دیاركراو و گشتگیر به‌مانا ئه‌كادیمیه‌كه‌ی له‌سه‌ر چەمکی ڕۆشنبیر نیه‌ هه‌ر كه‌سه‌و به‌جۆرێك لێكدانه‌وه‌ی بۆ دەکات ، به‌ڵام كۆده‌نگی زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ڕۆشنبیر ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ بیر ئه‌كاته‌وه‌ و وڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ ئه‌داته‌وه‌ كه‌ ئه‌سته‌من و چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشه‌ و ئاریشانه‌ ئه‌دۆزیته‌وه‌ كه‌ تا ئێستا به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یشتوون.
ڕۆشنبیر له‌ هه‌ر کۆمەڵگەیەکدا خاوه‌نی پێگه‌ و مه‌كانه‌تی خۆیه‌تی و ده‌سه‌ڵاتداران ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان له‌ خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ به‌ بڕوای ئه‌وان ڕۆشنبیران لێزانن و ڕۆلێكی گرینگ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌گێرن و باسه‌كان ده‌وروژێنن و ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت هه‌ر به‌خۆشیان كۆتایی پێ ده‌هێنن، لێره‌دا ئه‌بێت جیاوازی له‌ نێوان دوو جۆر ڕۆشنبیر بكه‌ین ئه‌وانیش (ڕۆشنبیری چاك) و (ڕۆشنبیری خراپ)ه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ چاك به‌و مانایه‌ی ڕۆشنبیر بیری بۆ ئه‌وه‌ ئه‌چێت شتگه‌لێكی خاوێن و پاك پێشه‌كه‌شی كۆمه‌ڵگه‌ی بكات و بیرۆدز و بیرۆكه‌ی وه‌ها بخاته‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌، تاوه‌كو نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ بحه‌سێنه‌وه‌ و ئامۆژگاری و ڕێنماییان بكات به‌و ئاراسته‌یه‌ی به‌ درێژایی ژیانی شارستانیان هه‌رگیز تووشی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ نه‌بنه‌وه‌ ئه‌وانه‌ ئه‌و جۆره‌ ڕۆشبیرانه‌ن كه‌ شایسته‌ی رێزی زۆرن، پێویسته‌ نوسین و به‌رهه‌مه‌كانیان بكرێته‌ پرۆگرامی خوێندن له‌ ووڵاتدا، چونكه‌ گومان له‌وه‌ دانیه‌ ڕۆشنبیری باش ده‌ست و ده‌میان چاک به‌كارده‌هێنن به‌ئاراسته‌ی به‌ها جوانه‌كانی ژیان.
جۆری دووه‌م ڕۆشنبیری خراپه‌ ئه‌ویش له‌سه‌ر دوو ئاست كارده‌كات ئاستی یه‌كه‌م ئه‌و ڕۆشنبیره‌یه‌ كه‌ خۆی له‌ كه‌شێكی سیاسی دیموكرات ئه‌ژیت و فكر و هزری نابوت و ناشیرین پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات ئه‌مانه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕۆشنبیری چاك هه‌نگاو ده‌هاوێژن ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌و جۆره‌ له‌ ڕۆشنبیران له‌ ڕێگای یاسا و دادگاوه‌ سزای گونجاو بدرێن، چونكه‌ هه‌بوونی ئه‌و جۆره‌ ڕۆشنبیرانه‌ كه‌ ناتوانن سوود له‌ كه‌شی ئازاد و دیموكراتیه‌ت بگرن شایه‌نی ئه‌وه‌ نین كه‌ ئێمه‌ تاكه‌كانی خۆمان بكه‌ینه‌ قوربانی هه‌وه‌س و فكره‌ ڕزیوه‌كانیان كه‌ هه‌رچی ڕاستیه‌كان و پیرۆزیەکان له‌ پێش چاوی خه‌ڵك ئه‌شێوێنن،
ئاستی دووه‌م له‌ جۆری ڕۆشنبیری خه‌راپ ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ن كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی نیزامێكی سیاسی فاشیست و دكتاتۆر ده‌ژین و هه‌میشه‌ به‌ باڵای ئه‌و حاكمه‌ خوێن ڕێژانه‌ هه‌ڵده‌ده‌ن كه‌ رۆژانه‌ خه‌ڵك ئه‌چه‌وسێنه‌وه‌ و له‌ سێداره‌یان ئه‌ده‌ن، جێگای خۆیه‌تی بڵێن ڕۆشنبیر میراتگری نیه‌، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سه‌یه‌ به‌ كۆششی خۆی بیرئه‌كاته‌وه‌ و خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆی ئه‌كات بۆ ئه‌مه‌ش مه‌رجه‌ ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی ڕوون بێت و لاسایی كره‌وه‌ نه‌بێت و ئازا و به‌ جه‌رگ بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بتوانێت به‌ زمانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بدوێ و ده‌ست له‌سه‌ر برینه‌ سارێژنه‌بووه‌كان دابنێت له‌هه‌مانكاتدا تێروانینێكی نیشتیمان په‌روه‌رانه‌ی هه‌بێت له‌ پێناو خزمه‌تكردن به‌ خاك و خه‌ڵكه‌كه‌ی.
Top