ئایینداری بە فۆڕمێکی خۆماڵی!

ئایینداری بە فۆڕمێکی خۆماڵی!

گەلی کوردستان بەر لەوەی شوێنکەوتەی هەر ئایینێک بین کوردین و ناسنامە و بوونمان بەستراوەتەوە بە نەتەوەکەمانەوە، بۆیەش کاتێک باسی لایەنی ئایینی و ئاینداری دەکەین حەتمەن پێویستە بیبەستینەوە بە بونیادی نەتەوەییمانەوە، یانی وەک هەر دیوێکیتر و دیدگایەکیتر و سامانێکیتری ئەم نەتەوەیە ئاینییش بە فۆڕمە جیاوازەکانییەوە و لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەشێکە لەم نەتەوەیە، هەر ئەم تێروانینەشەوەیە کە درەوەشانەوەی گەورە بەرچاو دەکەوێت.

ئایینە جیاوازەکان (ئیسلام و مەسیحییەت و یەهودیەت و ئێزدی و کاکەیی و زەردەشتی ... تاد) لە ناو کورددا نەک هەر پێشوازی لێکراو بوون بەڵکو پێکەوەژیانی ئایینی وەک یەکێک لە بنەماکانی کۆمەڵگەی ئاشتیخواز لە دێرزەمانەوە لە ناو کورددا رەنگی داوەتەوە و بووەتە بەشێک لە کلتور و فەرهەنگ و رۆشنگەری کوردی.

کاتێک باس لە ئایینی ئیسلام دەکەین و ئەگەر کتێبی "کوردستان لەبەردەم فتوحاتی ئیسلامیدا" لە نوسینی "حەسەن مەحمود حەمەکەریم" وەک سەرچاوەیەکی مێژووی بۆ پەیوەستبوونی کورد و ئیسلام وەربگرین دەبینین تێڕوانینە درەوشاوەکە زیاتر زەق دەبێتەوە، چونکە کورد باوەشی بۆ ئیسلام کردۆتەوە و ئەم پێشوازییەش لە چەندین بیرمەند و موفەسیر و زانا و موجاهیدی هەڵکەوتە ورێبەری شۆڕشگێڕیدا رەنگی داوەتەوە. ئیسلام بۆ کورد لە زۆرینەی قۆناغ و وێستگە جیاوازەکاندا رەحمەت و چارەسەر بووە، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی پێیان وایە بەشێک لە سەرئێشەکانی کورد لە مێژوودا بە هۆی ئەو کوردانەوە بووە کە خۆیان وەک نوێنەری ئیسلام دەرخستووە، من رەشبینانە سەیری ئەم مێژووە ناکەم بەڵام لەگەڵ ئەوەی کەمێژوویەکی نزیکیشە ئەوە چەندین ساڵە بە بڕوای تەواوەوە کار بۆ فۆرمەلەکردنی دیدێکیتری درەشانەوەی ڕۆڵی ئیسلام لە ناو کورددا دەکەم و خۆشم و هاوڕێکانیشمان لەبەردەم ئەرکی قورسدا دەستمان پێکرد و هەرواش بە قورسی وا خەریکین درێژەی پێدەدەین و دیدگایەکی نوێ بۆ کاری ئیسلامی بەشێکە لە پڕۆژەکە.

کوردبوون و ئیسلامیبوون، نەک هەر پێکەوە ناساز نین بەڵکو هەمیشە توانراوە ئیسلام بۆ چارەسەری کێشە و قەیران و ناکۆکییە کۆمەڵایەتی وسیاسیی و ئابوری و فەرهەنگییەکانی کورد بخرێتەگەڕ و ئەو کاتانەش کە مشەخۆری بە ناوی ئیسلامەوە نەکرابێت پرشنگی ئیسلامەتی زیاتر رەنگی داوەتەوە و بونیادێکی پتەوی پێکەوەبوون و هاودەمی و هاوماڵی و نزیکیی و بەدەمەبوونی یەکتر و دەستبارگرتنی یەکتری و ئاشتەوایی لە جێگای تۆڵە و کاڵبوونەوەی ناکۆکی و تەنکبوونەوەی چینایەتی زیاتر و زیاتر بوونەتە سیمای کوردایەتی رەسەن، بۆیەش ئیسلام بە پیچەوانەی ئەو ڕایانەی بە بەڵا بۆ سەر گیانی کوردی دەزانن، بە خێر وبەرەکەت و سۆزی دەبینم و پێم وایە بەشێکی گەورە ودرەوشاوەی نەتەوەوەکەمان ئیسلامیبوونەکەمانە.

سەرنجێکی وردەتری قۆناغە مێژووییەکان بدەین، دەبنین ئیسلام بونیادێی پتەوی نەتەوەی کوردە، شۆڕشە حەڵاڵ و رێپێدراو و واجبەکانی کورد بۆ سەربەخۆی گەر نەڵێم هەموویان ئەوا زۆرینەی زۆریان بە سەرمەشخەڵی کەسایەتیە ئیسلامییەکان هەڵگیرساون و زیکری خێر و تەکبیری خێر هاندەر و ئاڵنەری شۆڕشگێڕانی کورد بووە بەرامبەر بە ستەمکارە یەکلەدوایەکەکان، ئەگەر دابەشبوونە سیاسیەکان لە مێژووە بۆ ئێستا نەبوونایە ئەوا کورد و ئیسلام زیاتر پێکەوە دەدرەوشانەوە و دەبوونە تەواوکەری ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ تاکێکی کوردی لە سەپان و جوتیار و باخەوان و شوان و ئاشەوان و هەنگەوانێکەوە تاوەکو ئەفەنییەک و موختارێک و خان و سان و بەگ و ئاغا و میر و مەلا و ئەندازیار و مامۆستا و پزیشک و دکتۆر و سیاسی و سەرکردە ورێبەرانی کورد.

پاش ئەوەی باسێکی کورتمان لەسەر نزیکی و هاوماڵی و پەیوەستیی کورد و ئیسلام کرد و تیشکی خێراش خرایە سەر زەروورەتی داماڵین و ریفۆرمی ئایینی و پێویستی بوونی فۆڕمێکی ئیسلامیی کوردی. لێرەدا قسە لەسەر بوونی ئاینە جیاوازەکان لە کوردستاندا دەکەین.

سەرەتا گرنگە باس لەوە بکەین کە جیوپۆلەتیکی کوردستان یارمەتیدەرە بۆ تێهەڵچوونێکی وردتر فرەچەشنەی ئاینەکانی ئیسلام و یارسان و ئێزدی و کریستیانی و زەردەشتی و کاکەیی و جوو و ناونیشانە جۆراوجۆرەکانیەوە، ئیسلامی سوفیزم و شیعە و سوونە ھەموویان بەیەکەوە بەدرێژایی ڕۆژگار لەسەر ئەم خاکە ژیاون.

ھەر لە سەرەتای سەدەی دوانزەیەمەوە سۆفیگەری لە کوردستان سەریھەڵداوە و کۆمەڵە جیاجیاکان بە پەسەندکردنی ڕێبەرێکی ھاوبەش لە باوەشی تەریقەیەکەدا یەک دەگرن. لە ھەموویان کۆنتر کە تا ئێستاش لە کوردستان زۆر کارایە، تەریقەی قادری یە کە لەلایەن عەبدولقادری گەیلانیەوە (١٠٧٨ ـ ١١٦٦) دامەزراوە و لە شاری بەرزەنجە (نزیک شاری سلێمانی) ناوەندی بۆ دانراوە.

تەریقەی دووەم نەقشبەندی سوونی لەسەر دەستی بەھائەددین نەقشبەند (١٣١٧ ـ ١٣٨٩) لە بوخارا (ئوزبەکستانی ئەمڕۆ) دامەزراوەو لە ساڵی ١٨٠٨ گەیشتووەتە کوردستان. ئەم تەریقەتە کە لەلایەن مەولانا خالیدی نەقشبەندی ھێنراوە، شێخەکانی بارزان، تەوێڵە و شەمدینان دەگرێتەوە خۆی. ئەمان مەراسیمەکانیان لە بێدەنگی تەواودا ئەنجام دەدەن. سووفیەکان بەدەوری یەک لە شێوەی بازنە دادەنیشن و بیر لەو بابەتە دەکەنەوە کە لەلایەن شێخەوە کە بەڕیوەبەری کۆبوونەوەکەیە، ھەڵدەبژێردرێت و تاوتوێ دەکرێت. (کوردستان وڵاتی خوا، فرانسا گزاڤێ لۆڤا- شوکری بەرواری).
یەکێکی تر لەو ئاینانەی ژمارەیەک بەرچاو پەیڕەوانی لە کوردستان هەیە ئایینی ئێزدییە، ئەم ئاینە تا ئێستاش بەتەواوی نەناسراوە، ماوەیەکی زۆر نیە ئێزدیەکان دەرگای نھێنیەکانی خۆیان بەرەو ڕووی دنیای دەرەوە کردۆتەوە. خەڵکی دەرەکی دەتوانن چاویان بە دەقە پیرۆزەکان بکەوێ و گوێ لە نزا و نوێژە تایبەتمەندییەکانیان بگرن و سەردانی پەرستگاکانی ئەم ئایینە بکەن.
ئایینی ئێزدی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و بەشێوەیەک لە سووفیگەری ناسرابوو و پیاوانی پیرۆزی ئیزدی و سەرکردە ئایینی و نوێژەکانیان دەخرانە ژێر پەردەی سۆفیگەری، ڕێوڕەسمی تایبەتی سەردانی مەزاری شێخ ئادی (١٠٧٣ ـ ١١٦٢ )کە ھەموو ساڵێک لە ھەفتەی دووەمی مانگی تشرینی یەکەم لە لالش ئەنجام دەدرێت.

لەلایەکی ترەوە ھەموو مەسیحیەکانی ڕۆژھەڵات ھەمان بیروباوەڕیان ھەبوو کە ماوەی ((کونسیل نیسا)) لە ٣٢٠ی دووای زایین ڕاگەیەنرابوو. پاشتر کلێسای ڕۆژھەڵاتیان دامەزراند، بەڵام ململانێی نێوان ئیمپراتۆری بیزەنتی لە ڕۆژئاواوە و ئیمپراتۆری فارس لە ڕۆژھەڵاتەوە بووە ھۆی دابەشبوونی ئەو مەسیحیانە (س. پ).

هەرچی دەربارەی جووەکانیشە تەنیا ھەندێک گۆڕستان و ئاسەواری پەرستگاکان لە کوردستان ماون. بۆ نموونە لە ئاکرێ ھێشتا ئاسەوارەکانی جوولەکەی کوردستان ماونەتەوە. بەڵام کۆمەڵگای کورد لە ئیسرائیل زۆر بەھێزن و ناسنامەی فەرھەنگی خۆیان پاراستووە. (س. پ).

زەردەشتییش لە رۆژھەڵاتی ئێران لە ساڵی ٦٦٠ پ.ز لە دایک بووبێت و لە ساڵی ٥٨٣ پ.ز لە ناوبراوە. لە ئێستاشدا ژمارەیەک باوەرپێکەران لە ناوچە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە جێ ماون.

لەگەڵ بوونی پەیڕەوانی جیاوازی ئایینەکان لە کوردستان ئەوەی وەک سەروەتێکی گرنگ بۆ کورد و کوردستان دەدرەوشێتەوە ئەو پێکەوەژیانەیە کە لە مێژووی کورددا رەنگی داوەتەوە، بەڵام فۆڕمی خۆماڵی بۆ هەموو ئایین و ئایینزاکان لە کوردستاندا پێویستی واقیعەکەیە بەشێوەیەک گرنگی زیاتر بخرێتە سەر رێز و شکۆ و کەرامەتی تاک و هەموو پەیڕەوێکی ئایینی بخرێتە خزمەتی فراوانترکردنی رێزی مرۆڤی کوردی بە رەچاوکردنی کلتور و رۆشنگەری کوردستان.

چاوی ئێمە لەم وتارەدا روانینێکی تیژترە کە چۆن بتوانین پێکەوە ژیان بکەینە بنەمایەک بۆ بوونی دەوڵەت و ئایینداریش بە فۆڕمی خۆماڵی جەختکردنەوەیە لە پێناو گونجاندنێکی زیاتری ئەم سەروەتە ئاسمانییەی کورد.
Top