هزروبیری بارزانیی،واتا یەكریزی ویەكهەوڵوێستی نەتەوەیەك ..

هزروبیری بارزانیی،واتا یەكریزی ویەكهەوڵوێستی نەتەوەیەك ..
تێكۆشان و خەباتی بێ وچان بارزانی بە درێژایی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان لە پێناو یەكریزی و رزگاری خاك و نیشتیمان بووە ،ئێمەی كورد پێویستمان بەوەیە بگەڕێینەوە بۆ ناو مێژووی نەتەوە، مەبەستمان ئەوە نییە بگەڕێینەوە ناو قۆناخێكی مێژووەكە، بەڵكو گەڕانەوەیە بۆ مێژوو، وەك زنجیرەیەكی پێكەوە گرێدراو، بۆ ئەوەی ئەو مێژووە بەردەوامیی هەبێت، ئێمەش وەك سەركردەكانی پێش خۆمان شەرەفی نووسینەوەی مێژوومان پێبڕێت، بەڵام تەواوكردنی هەمان مێژوو، نەك رەتكردنەوەی مێژوو و هەوڵدان بۆ سەپاندنی مێژوویەكی خواستراو بەسەر نەتەوەدا. لە فیكری بارزانی مستەفادا وەك ئامرازێك بۆ بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەت، ئەوا دەبینین بە پێچەوانەی هەموو ئەو پێناسە ئایدلۆژیانەی بۆ حزبی سیاسی دەكرێت، حزب لە فیكری مستەفا بارزانیدا، مانای نوێنەرایەتیكردنی تەواوی گەلی كوردستانی هەبووە، نەك تەنیا بەشێك یان چینیك یان ئایینێك، هەر لەسەر ئەم بنەمای چەمكی یەكگرتن و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی تەواوی چین و توێژەكانی گەلی كوردستان، بارزانی مستەف،ا پارتی دیموكراتی كوردستانی لە یەكگرتنی كۆمەڵێك حزب و بەشداریپێكردنی كەسایەتییە ناودار و نیشتمانییەكانی كوردستان دامەزراند. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دوای ئەوەی كۆماری كوردستان لە 1946 لە مه‌هاباد رووخا و چووە یەكێتیی سۆڤیێتی پێشان، یەكەم بەرنامەی بارزانی مستەفا لە كۆنگرەی باكۆ، دووبارە هەوڵدان بوو بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان و بەرنامە دانان بووە بۆ دامەزراندنەوەی جمهوریەتی كوردستان، هەموو ئەمانەش پێكەوە ئەو راستییەمان لە فیكری مستەفا بارزانیدا بۆ ئاشكرا دەكەن، كە بارزانی مستەفا هەموو ئەو توخمانەی لەبەردەستیدا بوون بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە، وەك ئامرازێك رێكیخستوون و بەكاریهێناون بۆ بونیادی ژێرخانی دەوڵەتی كوردستان و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان، هەر ئەم ئامانجە كە بونیادی دەوڵەتی كوردستانە، وایكردبوو بە هیچ شێوەیەك رێگە نەدات یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان درز و كەلێنی تێبكەوێت، ئەگەر لە یەكێك لە قۆناخەكانی خەباتدا درزێكیش كەوتبێتە نێو یەكڕیزیی نێوماڵی كورد، ئەوا بارزانی مستەفا چاوی لە هەموو شتێك دەپۆشی دووبارە نێوماڵی كوردستانی رێك دەخستەوە.
بیری نەتەوەیی لە فیكری بارزانی-دا لەسەر بنەمای بوونی كوردو كوردستان بۆ تێگەیشتن لەو سەردەمەی كورد تیایدا دەژی و كوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت خۆی پێناسە دەكاتەوە، ئەمەش بەو مانایەی بارزانی هەوڵیداوە، هەوڵدان بۆ بینینی پڕشنگی هەستكردنی نەتەوە بە بوونی خۆی ئەو شەوە تاریكە رۆشن بكاتەوە كە خەریكە نەتەوە تیایدا ون دەبێت، ئەم رێگەیە ئەگەرچی لە قۆناخە جیاوازەكاندا رێچكەی جیاواز دەگرێت، بەڵام لە ئامانج و گەیشتن بە دوایین ئامانج هەمان ئەو رێگەیەیە كە بەرەو سەرفرازیی یەكجارەكیمان دەبات و ئەو راستییە دەكاتە هەقیقەت كە بوونی نەتەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆدا بەرجەستە دەبێت و شكۆی نەتەوە لەچوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆدا دەردەكەوێت.
كەواتە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسیار و رەتكردنەوە لە فیكری بارزانی-دا، دەبێتە هۆكاری ئەوەی لەو شەوەزەنگە تێبگەین كە ئێستا سیاسەتی حزبەكان لە كوردستاندا دروستیان كردووە. دۆخەكە راشكاوانە پێمان دەڵێت، هۆكاری سەرەكیی ئەو شەوەزەنگەی ئێستا حزبەكان دروستیان كردووە، هەلومەرجی بابەتی و خودی قۆناخی ئێستای كوردستان نییە، بەڵكو شێوازی سیاسەتكردنی حزبەكانە كە بیری نەتەوەییان لە مێژووی نەتەوە دابڕیوەو مێژوویەكی خواستراویان بۆ دروستكردووە، یان بەشێكیان بە تەواوەتی خۆیان لە مێژوو دوورخستۆتەوە، ئەمەش گوتارێكی ئایدیۆلۆژیی مردووی دروستكردووە كە لەناو ئەو گوتارەدا پرسیارو رەتكردنەوەی ناو بیری نەتەوەیی بوونی نییە، ئەم حاڵەتەش ژینگەیەكی لەباری بۆ ڤایرۆسی پەرتەوازەیی و لێكدووركەوتنەوە دروستكردووە كە هەتا ئەو بازنەیە نەشكێندرێت، یان تێنەپەڕێندرێت، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی دروست نابێتەوە، لەمەش زیاتر لەناو ئەم بازنە ناتەندروستەی كە خۆی لە مێژوو دابڕاندووە، چەند كۆبوونەوەو وتووێژ بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی قۆناخی ئێستامان، بێجگە لە خوولانەوە لەناو بازنەیەكی بۆشدا هیچی دیكەی لێ بەرهەم نایەت و لەمەش خراپتر هەموو حزبەكان نە دەزانن لەسەر چی ناكۆكن و نە دەشزانن لەسەر چی رێكدەكەون، سەرەنجامی ئەمەش لەبری ئەوەی ئومێدو متمانەبەخۆبوون لەناو هاووڵاتیان و رای گشتی دروست بكەن، جۆرێك لە ترس و دڵەڕاوكێ بڵاودەكەنەوە، هەروەك چۆن لە واقیعی ئێستاماندا بەئاسانی هەستی پێدەكەین.سەرۆك مه‌سعوود بارزانی كە لە ئێستادا درێژەپێدەری هەمان فیكر و ئامانجی نەتەوەیە، كە پێش ئەو بارزانی مستەفا رێبەرایەتیی كردووە، دەبینین سەرۆك مه‌سعوود بارزانی بەهەمان شێوەی بارزانیی نەمر و تەواوی باوكانی دامەزرێنەری فیكری نەتەوەیی نەتەوەكانی جیهان، چەمكی دەوڵەت و بونیادنانی دەوڵەتی تەنیا لەیەك وشەدا چڕ كردووه‌تەوە كە ئەویش، یەكگرتن و یەكڕیزیی گەلی كوردستانە و دروشمی سەرەكیی خەبات و تێكوشانی سەرۆك مه‌سعوود بارزانییش، لە یەك رستەدا خۆی بەرجەستە دەكات كە بریتییە لەوەی (ئەگەر یەكگرتوو بین هیچ هێزێك نییە بتوانێت كورد تێك بشكێنێت)، كەواتە ترسی گەورەی سەرۆك مه‌سعوود بارزانییش لە لێكترازان و پەرتەوازەیی نێوماڵی كوردستانە، بۆیە سەرۆك مه‌سعوود بارزانییش بە هەمان شێوەی بارزانیی نەمر و سەرۆكە كاریزماكانی نەتەوەكانی دیكە، لەپێناوی پاراستنی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان، زۆر جاران غەدری لە پارتی كردووە و سازشی لەسەر ماف و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی پارتی كردووە، بۆ ئەوەی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان بپارێزرێت.
Top