من فەرهادم... من کوڕی رۆژهەڵاتم!

من فەرهادم... من کوڕی رۆژهەڵاتم!
تەمەنم چواردە ساڵە، دەمتوانی زۆر شت بکەم و نەمکرد، رەنگێکی ناحەز بم و نەبووم، بۆنێکی ناخۆش بم و نەبووم، دانیشم و وڕک بە باوکم بگرم بۆ هەموو شتێک و نەمکرد، بەیانیان لە قوتابخانە بم و دوای نیوەڕوان لە کافەیەک، لە فەیس بووک خۆم بکەمە مۆدێل و کچانی وڵات بخەڵەتێنم و نەمکرد، سڵاو من فەرهادم!

دەڵێی قەدەری ناوەکەم لە فەرهادەوە وەرگرتووە، دەڵێی قەدەری کوردبوون ئیدیەمی بەناوبانگی کوردانەیە "شاخەکان دۆستمانن"، دەڵێی خاڵۆوەڵە بوومەتەوە و چومەتەوە سەر ئەسڵ.

ناوم فەرهادە، چوارد ساڵم، خەڵکی نێی مەریوانم و خۆشەویستەکەم ناوی شیرین نیە، عاشقی شیرین نیم، کۆبەکۆ بۆ شیرین ناگوازمەوە، ئەسڵەن نازانم عەشق چیە، شیرین لە گوندەکەی ئێمە تەنیا تەشی دەڕێسێ، شیرین لێرە هی فەرهاد نیە کە شاخی بۆ بڕمێنێ و بەردی بۆ بتاشێ، شیرین لێرە شەڕ دەکا، وەک من و براکەم و باوکم و دایکم و دراوسێکەم، شیرین لێرە شەڕی نان و ژیان دەکا!

سڵاوتان لێبێت، لەناو بەفرەوە بە دەستێکی تەزیوەوە، رەقهەڵاتووی یەخبەندانی ئێرەوە، سڵاوتان لێدەکەم، دەمەوێ پێش ئەوەی تەنافەکە و گوریسەکە دەستم دابڕنن، پێش ئەوەی کۆڵەکەم تل بێتەوە، پێش ئەوەی هەناسەم سوار بێت و زمانم هەڵگەڕێتەوە، پێش ئەوەی قاچم هەڵخلیسکێ، دەمەوێ پێش ئەوەی رەقم ببمەوە سڵاوتان لێبکەم.

ئاخر دوای خۆم کێ چیرۆکی کوڵبەرەکان، کێ چیرۆکی ونبوونەکان و کێ چیرۆکی ئەم هەموو سەرمایەتان بۆ بگێڕێتەوە.

سەرما لەو کاتەوەی پیاوێکی خستە پێکەنین، کە دەمو لووتی تەزاند و گوێچکەی پێ قرتاند، لەو کاتەوەی پیاوەکەی کردە گاڵتەجاڕی کۆڵانان و منداڵان بە پیاوە خەندانەکە دوای کەوتن. هەر سەرمایە و هەر زوڵم لە منیش ئەکا.

من لێرەم، هێشتا هەناسە ئەدەم، ئاها پاڵم یاوە بە پشتێکی بۆشەوە، بەردەمم بەفر و سەرم بەفر و پشتم بەفرە، چاوم بڕیوەتە شارەزوور، ئاها خەریکە سوور دائەگیرسێ، گڵۆپەکانی غروبی هەڵەبجەم لێوە دیارن، چاوم تروسکایی شەختە بەفرەکانی پێوە ماوە و تاوێک بیر لەو چیرۆکانە ئەکەمەوە باوکم بۆی ئەگێڕامەوە.

لە دوورەوە گوێم لە دەنگێکە بانگم ئەکات: فەرهااااد، تۆ لە کوێی .. بەدواتا وێڵین .. جار جار کزەی چرایەک، لامپایەک، و گلۆپی مۆبایلێک لە دوورەوە تروسکەی دێ، بەڵێ هێشتا ماوم، ئەوە نیە هەناسە ئەدەم، بەڵام دەمم بەستوویەتی، گیانم بەستوویەتی، ناتوانم بجوڵێمەوە، ناتوانم بە دەم بانگەکەوە بچم، ئاخر بانگ بۆ ئەوەیە بە دەمیەوە بچی، بانگی ئەو کەسانەی لە ناو بەفرەکەوە بەدواما ئەگەڕێن، لەو بانگە ئەچێ ناومی پێنرا، ئاخر ئەو کات نەمتوانی وەڵامی بانگەکە بدەمەوە و ئێستاش ناتوانم وەڵامی ئەم بانگە بدەمەوە، بانگی یەکەم، بێدەنگی یەکەم، هاتنم بوو بۆ دونیا و کەیفوسەفام بوو بۆ ژیان .. بانگی ئێستا رۆشتمە لە دونیا و بەجێهێشتنی ژیان.

سڵاو من فەرهادم، کۆکەنی کۆڵبەران و مێژوونووسی دەیەی ماندوویەتی و شەکەتی، من چاپتەری نوێی مێژوویی کوردم، ئەستۆرە و ئەفسانەی پادشاکانی رابردووی کورد نیم، کوڕی باوکمم بە کۆڵەپشتێ خەمەوە و کوڕی دایکمم بە تەشتێ فرمێسکەوە، جارێکیتریش خۆم ئەناسێنمەوە: "بنام خدا .. این جانب فرهاد خسروی، ۱٤ سالە، اهل روستای ن مریوان، کردستان ایران".

واقم وڕماوە لەو هەموو سەرمایەی ئەمشەو، دایکە زۆپاکە پێکە، سەرمامە، دایکە چواردە ساڵە وەک ئەمشەو سەرمام نەبووە، لیفەکەم پیا دە، پێم تەزیوە، دەستم تەزیوە، دایکە مۆبایلەکە لە گیرفانمایە دەری بێنە و نەوایەکی خۆشم بۆ بخەسەر، با حەسەن زیرەک دەنگی بێ، نا، دایکە حەزم لە دەنگی خۆتە .. لایلایەم بۆ بکە، چاوەکانم ئیتر تروسکاییان نەماوە، لێڵ لێڵ دەچنەوە، دایکە قوربانی چاوەکانت بم، تێر سەیرم بکە، تەنیا تۆ لە چاوەکانم تێدەگەی، دایکە بەو مەردمە بڵێ، رێگای نان سەخت و سەرماسۆڵەیە، دایکە بەو قەومانە بڵێ، با فەرهادەکان نەنێرنە ناو بەفر، دایکە پێیان بڵێ کۆستی شیرینەکان نەخەن، دایکە برسیمە، دایکە تینوومە، دایکە ماندووم، قاچەکانم بشێلە .. دایکە من فەرهادم، کوڕی خۆت، وا دەڕۆم و چاوم بە دیارتەوە نیە، دایکە بەو خەڵکەم بناسێنە، لە زمانی منەوە پێیان بڵێ: من فەرهادم .. من کوڕی رۆژهەڵاتم!
Top