سەرۆكی هەرێم كاراكتەری رێكخستنەوە نێوماڵی كوردستانێكی بەهێزتر ..
December 19, 2019
وتار و بیروڕا
روون وئاشكرایە، ناوچەكە بە رەوشێكی هەستیار و رووداوی كتوپڕ ولە ناوكاودا گوزەر دەكات ، ئەو رەوشەش دەخوازێ نێو ماڵی كوردستانێكی رێك و پێك بێ .بەدڵنییاییەوە وەك هەمیشە چۆن لە ماوەی چوار ساڵ شەڕی جیهانی تیرۆر و قەیرانی دارایی و گەمارۆدانی كوردستان هەرێمی كوردستان خۆراگری كرد و رێزدار نێچیرڤان بارزانیی رۆڵێكی سەڕەكی و كارایی بینی لە ئێستاشدا جارێكی تر كاراكتەرێكی سەرەكییە لە سەركردایەتیكردنی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆیە ئەو لەناو ڕووداوەكاندایە و داتاكانی لە لایە و بۆچوونی دەستەبژێری سیاسی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت، سەردان و كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەریمی كوردستان بەشێكە لەو هەوڵانەی كە پێشتر بۆ یەكڕیزی و تەباییی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان داویەتی و تەواوكەری كۆبوونەوەكانی پێشترە، كە هەر خۆی دەسپێشخەر بوو بۆ كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان لەسەر میزی گفتوگۆ.سەردان و دیداری لایەنەكان دەرەنجامی سیاسەتی دیپلۆماسیەتی نەرمی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و هەمیشە لە گشت پرسە چارەنوسسازەكاندا دەسپێشخەر بووە و كوردستانی بە ئاراستەی خۆشگوزەرانیدا بردووە. زۆرێك لەوانەی كە چاویان بە مافەكانی گەلی كورد هەڵنایەت و لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو، دا دەستووریان جێبەجێ نەكرد و خۆیان لێ دزییەوە و ئینجا گەلی كوردیان گەمارۆدا و هێرشی سەربازییان خستەسەر گەلی كورد ، ئێستا لە ژێر پەردەی ئەو خۆپیشاندان و نارٍەواییانە و لەڕێگای هەمووار كردنەوەی دەستوور عێراق بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆرییەت، لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق لە21 كەس پێكدێت 15 یان عەڕەبن و6 كەسیان كوردن ئەم دەستوورە لە پەڕلەمانەوە دەكرێتەوە سەرۆكایەتی واتە عێراق لە فیدرالییەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆرییەت هەموو دەسەڵاتەكان دەكەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار، ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەبیندرێت و هەستی پێدەكرێت پیلانێكی گەورە لە دژی هەرێمی كوردستان لە ئارا دایە بۆیە، كۆبوونەوەی لووتكەی هێزولایەنە كوردستانییەكان لە بارەی رەوشی ناوچەكە و بەتایبەت هەر هەولێك بۆ گۆرینی دەستوور بە زیانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی روون و ئاشكرابوون بۆ رێگریكردن لە پێشێڵكردنی مافەرەواكانی كورد .واقیعی ئەمڕۆی عیراق پێچەوانەی دەستورە، ئەمەش بە هۆی پەکخستنی دەستور و زۆربەی ماددەکانی دەستورە لە لایەن میلیشیا نادەستوریەکانی سەر بە میحوەری هەرێمی، کە عێراقیان بە جەمسەری هەرێمی گرێداوە.لە ماوەی دەیەی داهاتوو چەند سیناریۆیەك بۆ ئایندەی عێراق ئەگەریان هەیە، سیناریۆی فیدڕاڵیەتێکی لاواز بە هۆی کێشە تایفەگەرییەکان و ئاستی بەرزی توندوتیژیەکان، لەگەڵ دوو سیناریۆی تر، کە ئەگەریان کەمترە، لەوانە ئاشتەوایی نیشتمانی و سەقامگیری و چاکسازی فراوانتر لە هەرێمەکان و سیناریۆی جەنگی ناوخۆ و لێکترازانی عیراق.ئەمڕۆ هەر چوار پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان، کە لە ڕووی فیدڕاڵی بوونیان هەیە، لە بەرامبەردا 15 پارێزگای تر هەیە کە بە شێوەیەکی ناوەندی سەر بە بەغدان، ئەمەش پێچەوانەی دەستورە.ئەگەر عیراق بەردەوام بێت لە گەڕانەوەی شكۆمەندی بۆ دەستور و ماددەی 140ی دەستور جێ بە جێ نەکات، وەکو چۆن 67 ماددەی تر پەکخراوە، یان ئەگەر کار لەسەر بە فیدڕاڵی کردنی پارێزگاکانی تر نەکات، ئەوا هەرێمی كوردستان قسەی خۆی دەبێت.بۆ ئەوەی دەستور جێ بەجێ بکرێت، پێویستە دیاردەی میلیشیا چەکدارە نادەستوریەکانی سەر بە وڵاتانی دەرەوە نەمێنێت.هەرچەند ئەم کێشەیە زیاتر نێودەوڵەتیە لەوەی تەنها پەیوەندی بە عیراق هەبێت و بەندە بە قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی مەرجەکانی مایك پۆمپیۆ، کە ئاراستەی رژێمی ئێرانی کردووە.ئێران ئەمڕۆ لە ململانێی خۆی لەگەڵ ئەمریکا عیراق وەکو کارتێك بەکار دەهێنێت بەمەبەستی پاراستنی ڕژێم و هەژموونی.توندوتیژیەکانی ئەم دواییە دژ بە خۆپیشاندەران لە بەغدا و شارەکانی تری عیراق ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە. واقیعی ئەمڕۆی عیراق، کە پێچەوانەی دەستورە، خزمەت بەو لایەنانە دەکات، کە بڕیاری ئاسایشی و سەربازی و سیاسیان بەدەستەوەیە و سەر بە دەرەوەن. گۆڕینی دەستووری عێراق پیلانێكی تر ناحەزانە كە كاریگەر لە كورد دەدات و ئەگەر پێیان بكرێت هیچ شتێك ناهێڵنەوە بە ناوی هەرێمی كوردستانبۆیە، گرنگە ئەو پەرلەمانتار و ئەوانەی كە لە لیژنەی دەستووری نوێی عێراقی بەشدارن دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بكەن و رێگە نەدەن زیان بە بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بگات. دەبێ سەركردایەتی سیاسی كورد پاڵەپەستۆییەكی زۆر بخاتە سەر حكوومەتی عێراق كە بە هیچ شێوەیەك مافی كوود و بەرژەوەندی كوورد نەكەوێتە مەترسییەوە.بۆیە، ئەمرٍۆ یەكهەڵوێستی كوردستانیی هەموو پیلانەكانی دژی گەلی كورد مایەچوو دەكاتەوە ..سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی دڵخۆشكەری پێ بوو، كە ئاسۆیەكی گەش چاوەڕێی هەرێمی كوردستانە، ئەم پەیامە واتای جارێكی تر ژیانەوەیە بۆ خەڵكی كوردستان و هەر ئەو ئاسۆیەش لە رێزدار نێچیرڤان بارزانی چاوەڕوان دەكرێت. یەكریزی پێكەوەبوونی لایەنە سیاسیەكان واتا بەهێزیی كوردستان و دەرچوون لە گشت هەڕەشە و مەترسییەكان.ئەم دیدار و كۆبوونەوانە بایەخی سیاسی و كۆمەلایەتی و مێژوویییان هەبوو، لە ڕووی یاساییەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان نوێنەری باڵای خەڵكی كوردستانە، یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتیی نەتەوەكەیەتی، كە بیپارێزێ و كامڵی بكات و پەرەی پێ بدات، بۆ هێنانەدیی ئەم ئامانجە و زیاتر بەهێزكردنی، بێشك ئەو سەردانە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، چونكە ئەو پارت و لایەنە سیاسییانە كارەكتەرێكی سەرەكین لە ژیانی سیاسیدا و ڕۆڵیان هەیە لە ڕووی پێگەیاندن و كۆمەڵایەتی و سیاسیی ناوچەكەوە، بۆیە ئەگەر جۆرێك لە گرژی و كێشە لە نێوانی پارتی سەرەكیدا هەبێ و جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بتوانێ ئەم گرێكوێرەیە خاو بكاتەوە، بیگومان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش كاریگەریی ئەرێنیی دەبێت، چونكە وێنایەكی باش و كاریگەر دەداتە وڵاتانی نێودەوڵەتی، كە سەرۆكی هەرێم دەیەوێ لەسەر ئاستی ناوخۆ یەكگرتووییی سیاسی و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان بەهێز بكات.بۆیە ئەم هەڵوێستانەی ئەو پشتئەستوورن بەوەی كە ئەو بیروبۆچوونی لایەنەكانی دیكە دەزانێ و خەمڵاندنێكی بێبنەما نییە، دەشبینێن كە پێشهاتەكان ئەوەمان پێشان دەدەن، كە ئاسۆی ئایندەی گەلی كوردستان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو دەنێ..