سەرۆك بارزانی، رابەرایەتی خەباتی نەتەوەییە ودەبێ هەمووان پشتیوانی بین ..
December 18, 2019
وتار و بیروڕا
رابەرایەتی بارزانی ، خەباتێكی بێ وچان و بێ گەردە ، بەو پێی لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە تێكۆشانی بەردەوام بە هەموو توانایەكەوە بۆ دۆزی رەوایی گەلەكەی نەك لە چوار چێوەی بەرژوەندی حزبی و شەخسی ، هەمیشە پارتی وەك پردێك بووە بۆ بەدەسهێنان و چەسپاندن و ناساندنی پرسی كورد بە هەموو ناوچەكە و دونیا و هەموو كات بەرپرسیاریەتی و مەترسی گەورەی قبوڵكردووە لە پێناو داكۆكیكردن لە مافەرەواكانی كورد وكوردستان..دروستكردنی پارتی وەك قوتابخانەی كوردایەتی ، تەنیا لە پێناو ئامانجێكی حزبی و بەرژوەندییەكی دیاریكراو نەبوو ، بەڵكو یەكەم بناغەی ئەو حزبە لە پێناو ئەوە بوو تا گەلی كورد و خاكی كوردستان لە ژێر دەستی و داگیركراویی رزگاری بێ و بە مافی دەوڵەتبوونی خۆی بگات و بەدەستی بێنێت .گشت هەوڵ و تێكۆشانەكانی سەرۆك بارزانی، چ لە سەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەیە كە میللەتی كورد لە بێ دەوڵەتیی و ژێر دەستی رزگار بكات ، بۆ ئەوەی هیچی تررووبەرووی مەترسیی ئەنفاڵ ،كیمیا باران ، چەكی ئابووری و چەوشانەوە دەبینەوە .بیركردنەوە و تێروانینی سەرۆك مسعود بارزانی، بەردەوامی هەمان فیكر وفەلسەفەی مستەفا بارزانی نەمرە كە كوردانە و نەتەوەیی بوو ، بەكردەوەش ئەوە سەڵمێندرا ..یركردنەوەی سەرەكیی بارزانی-ی نەمر تەنیا بیركردنەوە بوو لەوەی كە چۆن هەموو كورد و كوردستانییەكان پێكەوە بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی خەبات بكەن بۆ ئەوەی كورد ببێتە خاوەنی كیانی خۆی و بە مافەكانی خۆی بگات، ئەم بیركردنەوەیەشی تەنیا بۆ باشوری كوردستان نەبوو، بەڵكو بۆ هەر چوارپارچەی كوردستان بوو، لەگەڵ كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكانی هەر چوار پارچەی كوردستانیش پێوەندی هەبوو، ئەمەش مانای ئەوەیە چەمكی حزب لای مستەفا بارزانی بەو جۆرە نەبووە كە حزبێك دابمەزرێت و ئەم حزبە ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو بەسەر خەڵكدا فەرز بكات، یان ئەوەی حزبەكان پێی دەڵێن تەسقیفی خەڵك بكەن بۆ ئەوەی خەڵك هان بدەن بۆ ئەوەی پێوەندی بە حزبەكەوە بكەن، نەخێر، لە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی- دا، ئەمە تەواو پێچەوانەیە، لەبەر ئەوەی چەمكی حزب لای جەنابی بارزانی بەوجۆرە بوو، چۆن حزب بتوانێت رایەڵەیەكی بەهێز لە نێوان سەرجەم بیروبۆچوونە جیاوازەكان و پارچەكانی دیكەی كوردستان و سەرجەم كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكانی كوردستان دروست بكات، هاوكات لەگەڵ ئەوەدا بوو تایبەتمەندی هەر پارچەیەكی كوردستان وەك خۆی بپارێزرێت. لێرەدا جێگەی خۆیەتی بۆ نەوەكانی ئێستا ئاماژە بەوە بكەم، بۆچوونی بارزانی بۆ شۆڕش و حزب بەو جۆرە بوو، كاتێك كورد شۆڕش دەكات، پێویستە حزبێكی هەبێت و ئیدارەی ئەو شۆڕشە بەڕێوە بەرێت و جۆرێك لە رێكخستن و ئیدارەیەكی سەركەتوو بۆ ئاراستەكردنی شۆڕش و بەڕێوەبردنی ناوچە ئازادكراوەكان دروست بكات، ئەمەش بەو مانایەی لای مستەفا بارزانی، حزب ئامرازێكی پێویست بووە بۆ ئەركی خۆی كە رێكخستن و بەڕێوەبردنی شۆڕش بووە، نەك حزب ئامانجێك بێت ...كورد بە درێژایی مێژوو و خەباتی قوربانیی خۆی قوربانیی بەخشیووە بۆ ئەوەی لە چەنگ داگیركاری رزگاری بێت .ئیستادا کورد پێگەیەکی گرنگ و بەرچاوی هەیە لە رووبوونەوەی گەورەترین دەوڵەتی تیرۆریستی وەک داعش، و رۆڵی کورد لە پێکەوە ژیان و تەبایی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق، ئاخو کورد هەمان سەنگی دەمێنیت؟ یا بەو شێوازەی کورد خۆی پیناسە دەکات، یا ئەوەتا رێککەوتنێکی دیکەی وەک سایکس- پیکۆ چاوەروانی دەکات، دەکرێت بڵێین ئەو رێککەوتنە دوور لە ئاگاداری کورد ئەنجام درا، بەڵام بارودۆخی ئەمرۆ جیاوازە، کورد تێگەڵاوی لەگەڵ سیاسەت و بۆ چوونە جیهانییەکان هەیە و دۆزەکەشی بۆتە بابەتێکی جیهانی و بوونی لە زۆر ناوەندەکانی بریاری جیهانی دا هەیە. یەک ریزی و یەک هەڵوێستی ناوخۆی کورد بەتایبەتی لە پرسە نەتەوەییەکان و گەیاندنی کورد بە کەناری ئارامی، و بێگومان بوونی ئەم تەبایی و یەک رێزییەی نێو مالی کورد دەبێتە هۆکاری سەرەکی پشتیوانی وڵاتانی دیکە، و دەبێت پەند لە مێژوو وەربگرین بۆ ئەوەی مێژوو دووبارە نەبیتەوە، و هێلکەکان لەنێو یەک سەبەتە دانەنیین و دەبێت کورد بە بابەتیانە و ژیرانە سوود لەم دەرفەتەی گۆرانکاری بکات.