بەرهەم ساڵح لەبەردەم دوو کێشەدا
December 17, 2019
وتار و بیروڕا
بەرهەم ساڵح لە یەک کاتدا رووبەڕووی دوو کێشەی سەخت بۆتەوە و ئەوەش هەردوو پۆستەکەی خستۆتە ژێر هەڕەشە، لە بەغدا خۆپیشاندەران هەڕەشە لە پۆستی سەرۆک کۆماریەکەی دەکەن و لە کوردستانیش کۆنگرەی یەکێتی ئەگەر بکرێ مەترسی خستۆتە سەر بۆستی جێگری سکرتێریەکەی.
لە بەغدا لەم دوو رۆژەدا دەبێ کەسێک بۆ سەرۆکی حکومەت راسپێرێ، ئەوەش بۆ بەرهەم ساڵح ئەرکێکی قورسە، چونکە ململانێی ناو باڵەکانی شیعە و فتوای مەرجەع و فەرمانی ئێران پۆستی سەرۆک کۆماریەکەی دەخەنە ژێر هەڕەشە، بۆ بەرهەم ساڵح لەوەش خراپتر داواکاری خۆپیشاندەرانە کە دەڵێن: دەبێ هەرسێک سەرۆکایەتیەکە بڕۆن.
کۆنگرەی یەکێتیش لە ٢١ی ئەم مانگە ئەگەر بکرێ هەمان هەڕەشە لەسەر پۆستی جێگری سکرتێریەکەی درووست دەکات، چونکە چۆن لە بەغدا بەدەست باڵەکانی شیعەوە دەناڵێنێ، ئەوهاش لە کوردستان بە دەست باڵەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە دەناڵێنێ، کەواتە هەردوو پۆستەکەی کەوتوونە ژێر رەحمەتی باڵباڵێن و یاسای باڵباڵێنیش وایە رەحم بەکەس ناکات، بە تایبەتیش کەسێکی لاوازی وەک بەرهەم ساڵح بەرگەی غەزەبی باڵباڵێن ناگرێ، بۆیە ئەوەی بۆ بەرهەم ساڵح ماوەتەوە دوعای خێرە و دەبێ بڵێ: خوایە لە غەزەبی ئەو شەڕە باڵەی بەغدا و کوردستان بمپارێزی و ئەو دوو پۆستە چەور و ئەو دوو کورسییە نەرم و نۆڵەم لێ نەستێنی.