ئاڵا پێناسە و رەمزی باڵاو درەوشاوەیە بۆ ھەر گەل و نەتەوەیەك

ئاڵا پێناسە و رەمزی باڵاو درەوشاوەیە بۆ ھەر گەل و نەتەوەیەك

ئاڵا سیمبوڵی هە‌ر نە‌تە‌وە‌یە‌كە‌ ڕوخساری پێكهاتە‌ و چین و توێژە‌كانی ناو كۆمە‌ڵگە‌كە‌یە‌تی و، لەهەمان كاتدا سیمای ناسینە‌وە‌ی نە‌تە‌وە‌كە‌یە‌تی لە‌ نیو نە‌تە‌وە‌كانی تری جیهان. رۆژی ئاڵا، لە هەرێمی كوردستان وەك نیشانە و ڕەمزی خاوەندارێتی خاك و نەتەوەو ناسینەوەی شوناس و هێمای بەرخودان و گیان فیدای نیشتیمان و گەلە، بۆیە خەڵكی كوردستان بۆ بەكردەكردنی ئەو هاوكێشەیە لەڕۆژی 17/12ی هەموو ساڵێك بە شێوازی جۆراو جۆر ئەو ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕادەگرن. كورد وە‌ك هە‌ر نە‌تە‌وە‌یە‌كی تری جیهان ئاڵای لەلا پیرۆز بوە‌و بە‌پیرۆزیش ڕایگرتووە‌و، ڕە‌نگە‌كانی ئاڵاكە‌ش لە‌جوانی سروشت و ئاشتی و خۆری ئاوات و هیوای دوا ڕۆژی نە‌تە‌وە‌ی كورد پێكهاتووە‌، ئێستاش كە بە‌شێك لە‌كوردستان بۆتە‌ كیانێك لە‌ژێر سێبە‌ری ئە‌م ئاڵایە‌دا بە‌ڕێوە‌دە‌چێت. دوای كەمتر لە 11 مانگ و بەپیلانێكی دوژمنانی كورد، كۆماری كوردستان شكستی هێنا و لەرۆژی 1946/12/17 بەمەبەستی پاراستنی ئاڵاكە لەدوژمنان كە سووكایەتی پێنەكەن، ئاڵایەكەیان داگرتووە.

ئاڵای كوردستان، ئێستا بووەتە ئاڵای فەڕمی هەرێمی كوردستانی فیدراڵ و لە تەواوی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دان، لە داموودەزگا حكوومییەكان و ئۆرگانە فەڕمییەكان هەڵكراوە.ئاڵای كوردستان پێكاھاتووە لە سێ ڕەنگ و دروشمێك لە ناوەندی.ئاڵای كوردستان لە لاكێشەی ئاسۆیی پێكھاتووە، لاكێشەی سەرەوە رەنگی سوورە، ئەوەی ناوەند ڕەنگی سپییە، و لاكێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوزە.

بەرینی ئاڵا دوو لەسەر سێ درێژییەكەیەتی. لەساڵی 2009دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا، ڕۆژی 17ی كانوونی یەكەمی‌ هەموو ساڵێك، ڕۆژی‌ ئاڵای‌ كوردستان لەسەرجەم شار و شارۆچكەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بكرێتەوە.دروشمی نەتەوەیی ئاڵای كوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە 21 پەڕ (تیشك)ی یەكسان و ھاوشێوەی ھەیە كە بەرواری 21ی ئادار دەگەیەنێت كە سەرەتای ساڵی كوردییە. بە لەبەرچاوگرتنی دوو لەسەر سێ یەتی قەبارەی ئاڵا، خۆری زێڕین بە پەڕەكانییەوە یەك پێوەرە و بەبێ پەڕەكان نیو پێوەر، ئەم پەڕانە شێوەیان ڕاستە و لە دەرەوە خالێكی تیژ دروست دەكەن. خۆرەكە دەبێ ڕێك لە‌ چەق ناوەندی ئاڵای كورستان جێگیر بێت. خۆر بەشێوەیەك جێگیر كراوە كە ستوونی ناوەندی ئاڵا بە ناو خاڵی تیژی بەرزترین پەڕ(تیشك) تێدەپەڕێت.
ئاڵا پێناسە ‌و رەمزی ھەر نەتەوەیەكە ئێمەی كوردیش خاوەن ئاڵای تایبەتی خۆمانین، كە لەكۆماری كوردستان لە مەھابادەوە بە فەرمی ھەڵكراوە، ھەروەھا ئاماژەی بەوەشدا، قۆناغ دوای قۆناغ وەك ئەمانەتێكی مەزن پارێزگاری لەوئاڵایە ‌كراوە،‌ تا دەگاتە ئەمرۆ، كە دەبینین لە سایەی پیشمەرگە و سەركردایەتی كوردستان ئاڵای كوردستان سەنگی دیاری ھەیە. ئاڵا پێناسە و رەمزی باڵاو درەوشاوەیە بۆ ھەر گەل و نەتەوەیەك، گرنگی و تایبەتمەندی ئەو ئاڵایە ئەوەیە ھەموو رەنگە جیاوازەكان كۆدەكاتەوە، بۆیە ‌ئەركە لەسەر ھەموومان بە بەرزییەوە سەیری ئەو ئاڵا پیرۆزەمان بكەین.
Top