هێرشێكی ناڕەوا و كاڵفامانە دەكرێتە سەر پەرلەمانی كوردستان!

هێرشێكی ناڕەوا و كاڵفامانە دەكرێتە سەر پەرلەمانی كوردستان!
ماوەیەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە قاڵبی نوكتە و گاڵتەجاڕیدا داوا دەكرێ، پەرلەمان راستكردنەوە بۆ وشەی هەڵە لە زمانی كوردیدا بكا.. خۆزگە و سەد بریا پەرلەمانی كوردستان لێژنەیەكی شارەزا و پسپۆڕی لە زمانی كوردیدا دەبوو، هەتا بە یاسا ئەو زمانە دەوڵەمەند و فرەكوێخا و بێ باوانەیان لەو پەتپەتییە ڕزگار كردبا.
ئەو هاوزمانانەی پەرلەمان بە شوێنی یەكدەستكردنی زمانی نەتەوە نازانن، لەوە خافڵن كە ئەگەر سەد ناوەند و دامودەزگا و كۆڕی فەرهەنگ و زمان بۆ ساغكردنەوەی زمانێك كاری بێوچان بكەن و ماندوویی نەناسانە هەوڵی جێگیركردنی بدەن، ئەوا بە بێ یاسا ناتوانن دوابڕیاری خۆیان بچەسپێنن.. لێ ئەگەر یاسای سزادان هەبێ، ئا لەو بێ سەروبەرییە ڕزگارمان دەبێ، كە لە میدیای نابەرپرسدا ناوی وڵاتێك بە زیاتر لە دە جۆر (فەرانسە، فەڕانسە، فەرەنسا، فەڕەنسا، فرانسە، فڕانسە، فرەنسا، فڕەنسا، فرانسا، فڕانسا...) بنووسرێ!! هەر بۆیە پێویستە پەرلەمان لێی بە خاوەن دەركەوێ، لە بەر ئەوەی ئەو بەربەڕەڵایی و پەتپەتییەی بە سەر ڕێزمان و ڕێنووسی كوردیدا هاتووە، تەنیا بە یاسا چارەسەر دەكرێ. دەبوو بەرایی(ئەولەوییەت)ی كاری پەرلەمان ئەوە بێ، لێژنەیەك لە نوخبەی زمانناس و كوردیزان پێك بێنێ، هەتا لەو زمانە بێ خاوەنە بە خاوەن دەركەون. زمانی هیچ نەتەوەیەك وەك كورد، وا بێ خاوەن نییە. هەتا بە یاسا سزای كوردینووسی كوردینەزان دەستنیشان نەكرێ، ئەو شەپشەپێنە بە ڕێنووس و ڕێزمانی كوردی هەر بەردەوام دەبێ. بێگومان تەنیا دەوڵەت و یاسا دەكارن زمانی شەكەت و شەتەكدراو و ئاوس بە وشەی بیانی بپاڵێون. لە كۆتاییدا ماوە بگوترێ: بەبێ بنەمایەكی تیۆریی لەسەر زانستی زمانناسی، ناكرێ خۆمان لە قەرەی باسێكی قورسی وەك ساغكردنەوەی ڕێزمان و ڕێنووسی كوردی بدەین، بەڵام ئەركی هەر نیشتمانپەروەرێكە گوشار بخاتە سەر پەرلەمان بۆ ئەوەی ئاوڕێكی بەرپرسیارانە لەو كێشە و گرفتە نەتەوەییەمان بداتەوە، كە هیچی لە شەكاوەڕاگرتنی ئاڵای كوردستان كەمتر نییە..


Top