سەد رۆژ کار و هەنگاوی گەورە
December 9, 2019
وتار و بیروڕا
لەگەڵ دەست بەکار بوونی کاک مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت نەک هەر خەڵکی پارتی، بەڵکو خەڵکی لایەنەکانی تر و خەڵکی بێلایەنیش ئومێدێکی زۆریان لەسەر هەڵچنی، خەڵک بە گشتی پێیوابوو دەتوانێ ئومێدەکانیان لە خزمەت کردنی خەڵک و پێشخستنی حکومەت و بەگژدا چوونەوەی گەندەڵی و بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر بێنێتەدی، دەبێ ئەوەش بڵێین کە لە یەکەم رۆژی دەست بەکار بوونی و خستنە رووی پڕۆژەکەی، گەندەڵکاران و نەیارانی چاکسازی ترسیان لێ نیشت و ناچار بوون بەرنامەی ئەوە دابنێن چۆن رووبەڕووی هەنگاوەکانی ببنەوە و، چۆنیش بتوانن بەرژەوەندیەکانیان بپارێزن و بەردەوامیش بن لەسەرگەندەڵی و مسۆگەر کردنی زیاتری بەرژەوەندی، بۆ ئەو مەبەستەش بە ئاشکرا و بە نهێنی کاریان لەسەر ئەوە دەکرد لە رێگای درووست کردنی گرفت و بەربەستەوە پێش بە هەنگاوە چاکسازیەکانی بگرن.
لە وتارەکەیدا هیچ لایەن و کون و کەلەبەرێکی حکومەت نەما تیشکی نەخاتە سەر، هەر لە ئاستی چاکسازی و خزمەتگوزاری و پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گوزەرانی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان و پرۆسەی دیموکراسی و پێکەوەژیان، تا دەگاتە کارگێڕی و ئابووری و دارایی و زۆر بوار و لایەنی تریش، بە تایبەتیش هەنگاوەکانی لە ئاستی چاکسازی و بەگژدا چوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران و شەفافی لە داهات و خەرجیدا کە خواستی خەڵکی کوردستانە، ئەوەی خەڵکی زیاتر دڵخۆش کرد و قەڵای گەندەڵکارانی پێ هەژاند ئەوەبوو کە گوتی: چاوپۆشی لە گەندەڵی هیچ کەس و لایەنێک ناکەم, بەوەش سەلماندی کە پیاوی دەوڵەتە و لای ئەو خزمەت کردنی هاووڵاتیان لە پێش هەموو شتێکەوەیە و زۆرترین جاریش لە وتارەکەیدا بەڵێنی زیاتر خزمەت کردنی هاووڵاتیان و شەڕی گەندەڵی و گەندەڵکارانی دووبارە کردەوە.
خاڵێکی تر کە دەمەوێ تیشکی بخەمەسەر کە لە کابینەکانی پێشوودا زۆر کەس و لایەن هاوکات لەگەڵ پەلاماری رێکخراوی تیرۆریستی داعش و بەرگریەکانی پێشمەرگە و قووت و مووچە بڕینی خەڵکی کوردستان و چەندین کێشە و گرفتی درووست کراوی تر، کاریان لەسەر ئەوە دەکرد چۆن کێشە و گرفت بۆ حکومەتی هەرێم درووست بکەن و چۆن شکستی پێبێنن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هێڵە سوورەکانیان بەزاندن و ئەوەی پێیان کرا کردیان و درێغیان نەکرد، هەر لە کێشە درووست کردن و هاوکاری بەغدا و دژایەتی کردنی حکومەتی هەرێم کە خۆیان بەشێک بوون لە حکومەت، تا دەگاتە ورووژاندنی شەقام و بڵاو کردنەوەی دڵەڕاوکێ و نەهێشتنی متمانەی هاووڵاتی بە حکومەت، بە تایبەتیش ئەو کاتانەی بەغدا گوشارەکانی لەسەر حکومەتی هەرێم توند دەکردن و هەوڵی دەدا پەوەندیەکانی کورد و حکومەتی هەرێم لەگەڵ جیهانی دەرەوە ببڕێ، ئەوانیش لەباتی ئەوەی هاوکاری حکومەتی هەرێم بن، کەچی بە پێچەوانەوە لە بەغدا و هەولێر و تەنانەت لە دەرەوەش چەندین تۆمەتی هەڵبەستراویان دەدایە پاڵ حکومەت و هەوڵەکانیان لەسەر لاواز کردنی هەرێم و بەدیهێنانی خواستە شۆڤێنیەکانی بەغدا چڕ دەکردنەوە، لەوەشدا مەبەستیان بوو حکومەت نەتوانێ چاکسازی بکات و دەرگای گەندەڵیان بە روودا دابخات، بەڵام کاک نێچیرڤان بارزانی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی و پشت ئەستوور بەو قوتابخانەی لێی پەروەردە کراوە، لە کاتە زۆر سەختەکەدا شانی دایە بەر ئەرکە قورسەکە و توانی هەموو پیلانەکان پووچەڵ بکاتەوە و، پێگەی شایستە بۆ کورد و حکومەتی هەرێم بگێڕێتەوە و خەونە هاوبەشەکانی بەغدا و ئەوانیش لە شکست پێهێنانی حکومەتی هەرێم بزڕێنێ.
سەد رۆژ بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەی حکومەتێک کە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراقی و هەرێمیش هەوڵی درووست کردنی بەربەستی بۆ دەدرێ چاو ترووکانێکە، بەڵام وەک لە وتارەکەی کاک مەسرور بارزانی ئاماژەی بۆ کرا و بە کردەنی و رۆژانەش هاووڵاتی بەچاوی خۆیان هەنگاوی گەورە و جێگای ئومێد دەبینن، لەوەش جێگای ئومێدتر ئەوەیە کە بەڵێنی بەردەوامی و جێبەجێ کردنی تەواوی پرۆژەکەی دا، ئەوەش ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەخاتە سەر شانی لایەنەکانی بەشداربووی حکومەت و تەواوی هاووڵاتیان کە پشتیوان و هاوکاری کاک مەسرور بارزانی بن، چونکە ئەوەی خواستی ئەوە خزمەتکردنی خەڵک و نەهێشتنی گەندەڵی و بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزترە، خزمەت کردنی خەڵک و نەهێشتنی گەندەڵی و بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتریش لە خزمەتی هەژاران و پرۆسەی سیاسی کوردستان دایە، هەنگاوێکی وا گەورەش هەم لەلایەن داگیرکارانی کوردستان و هەمیش لەلایەن گەندەڵکاران و نەیارانی ناوخۆ جێگای قبوڵ کردن نییە و هەوڵ دەدرێ کێشە و بەربەستی بۆ درووست بکرێ، بەڵام کورد دەڵێ: مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە، هەنگاوەکانی کاک مەسرور بارزانیش لە دەستپێکەوە دڵ خۆشکەر و جێگای ئومێدن.