یەكهەڵوێستی گەلی كورد لە ناوچەیەكی ناسەقامگیردا..

یەكهەڵوێستی گەلی كورد لە ناوچەیەكی ناسەقامگیردا..
روون وئاشكرایە، هەرێمی كوردستانی باشوور هەرێمێكی یاسایی و دەستوورییە و پایتەختی هەرێم نشینگەی دەیان كونسولگەری و نوێنەرایەتیی وڵاتانی دونیایە كە بە درێژایی مێژوو كورد شتی وای بە خۆیەوە نەبینیوە. ئەوە بۆ خۆی هێز و پێزێكی تایبەت و مێژووییە بۆ دۆزی نەتەوەیی كوردان كە پێویستە بە هەمووان دەستی پێوەبگرین و هەوڵ بدەین بەرەو باشتری بەرین. ئێمەی كورد باجی زۆرمان بە دەست پەرتەوازەیی و پشتكردنە یەكترییەوە داوە، بۆیە چیتر ناكرێت لەوە زیاتر لەو رەوشە بەردەوام بین و زیان بە ئایندەی گەلی خێرلەخۆنەدیوی خۆمان بدەین. زۆر گرنگ و پێویستە هێزە سیاسییەكانی گۆڕەپانی خەباتی كوردایەتی جارێكی دی و بەدیدێكی فراوانتر خۆیان رێكبخەنەوە و هەوڵەكانی خۆیان چڕبكەنەوە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو مەترسییانە ببینەوە كە لە سەر دۆزی نەتەوەیی كورد، كە وا دووبارە سەریان هەڵداوەتەوە، یان خەرێكن لێرەو لەوێ سەر هەڵئەدەن، ئەوەش لە كاتێكدا كە مەترسییەكان زۆر لەوانەی جاران جیاوازتر و قورسترن، چونكە وا پێ دەچێت، ئەمجارە نەیارانی كورد و دۆزەكەی بە هەماهەنگیی نێوانیان بڕیاری سەخت و چارەنووسسازیان بەرامبەر كورد دابێت و لە پێناو كۆتاییهێنان بە دۆزی سرووشتی و رەوای كورد، جیاوازی و ململانێكانی نێوان خۆیان تا راددەیەك خامۆش كردبێت، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە ئەو نەیارانە بە دەستەجەمعی لە هەوڵی ئەوەدان زلهێزانی جیهان بە خواست و دیدی خۆیان بۆ دۆزی كورد قایل بكەن و دواجار خۆیان واتەنی: دۆزە رەواكەمان بۆ هەتا هەتایە خامۆش بكەن. چونكە ئەم نەیارانە لە لایەكەوە خاوەنی دەسەڵاتی زەبەلاحن و لە لایەكی تریشەوە هێندە بژاردەو هێزی ئابووری و میدیا و ریكلامیان لە بن دەستەدایە، كە كەم تا زۆر دەتوانن كار بكەنە سەر رای زلهێزانی جیهان و هاوكێشەكە لە بەرژەوەندیی خۆیان بشكێننەوە. كەواتە ئەوەی پێویستە ئەمڕۆ بكرێت، هەماهەنگیی بەرفراوانی هیزە كوردییەكانە لەگەڵ وەلانانی دید و جیاوازییەكانی خۆیان لە پێناو وەدیهێنانی خیتابێكی یەكگرتووی نوێ و ستراتیژێكی هاوبەشی كوردانە و وەگەڕخستنی مەكینەیەكی دیپلوماسیی هاوبەش و بەپێز، تاوەكو ئەم هێزانە لە رێگەیانەوە بتوانن رای گشتیی وڵاتان و گەلانی جیهان بە لای خۆماندا رابكێشن، دۆز و مافە سرووشتییەكانمان بكەنە پرسێكی جیهانی و نێودەوڵەتی، تاوەكو لە بەردەم ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا بەرگریی سەخت لە دۆزی رەوای كورد بكرێت، ئەمانەش هەمووی بە دروستكردنی مەرجەعیەتێكی باڵای كوردی دەكرێت كە هەموو هێزە سیاسییەكان تێیدا بەشدار بن و پشتگیریی ئەو مەرجەعییەتە بكەن.
لە ئێستادا هەرێمی كوردستان تاكە قەوارەی فەرمیی ددانپێدانراوی دەستووری و یاسایی كوردییە، بۆیە هەنگاوی یەكەم: پێویستە هەموو هێزە كوردی و كوردستانییەكان پابەند بن بە ددانپێدانان و حورمەتگرتنی خاك و سەروەریی هەرێمی كوردستانەوە. هەنگاوی دووەم: بڕیاری هەموو ئەو هێزانەیە بە كۆدەنگی كە فیداكاری بۆ ئەو هەرێمە بكەن و بیپارێزن، نەك ئاریشە و تەنگەشەی ناجۆر و نادروستی بۆ دروست بكەن، بگرە دەبێت خۆیان لە هەر جووڵەیەك بپارێزن كە ببێتە دەردەسەری بۆ ئەم قەوارەیە كە بۆ خۆی بەرهەم و سینبولی بەرخۆدانی هەموو كوردە لە سەرتاسەری كوردستان. هەنگاوی سێیەم: دروستكردنی مەرجەع و كۆدەنگیی هەموو كوردانە لە سەر پرسە ستراتیژی و نەتەوەییەكان لە روانگەی ئەوەی دۆزی كورد لە هەموو پارچەكان یەك دۆزە، بەڵام دەكرێت هەر پارچەو تایبەتمەندی خۆی هەبێت، كەواتە دەكرێت و زۆریش شیاوە هەرێمی كوردستان ناوەندی مەرجەعییەتی كوردان بێت و هێزە كوردییەكان دەست لەناودەستی یەكتر بن و هەرێم بكەنە خاڵی وەرچەرخان و جووڵە بۆ وەگەڕخستنی هەڵمەتێكی دیپلۆماسی و سیاسی و میدیایی و پەیوەندیگرتن لەگەڵ تێكڕای هێزە دۆست و مەزنەكانی جیهانی. خۆشبەختانە ئەمڕۆ لە باشوور سەركردایەتییەكی بەئەزموون و كەسایەتی دیار و خاوەن مێژوو و ناسراوی وا هەن، كە ئەگەر هێزەكانی گۆڕەپانی خەباتی كوردایەتی تواناكانیان بە ئاراستەی سەر لەنوێ ناساندنی دۆزی رەوای میللەتی كورد بە شێوازی ئاشتییانە یەك بخەن، دەرنجامی زۆر باشی لێ دەكەوێتەوە.دەبێت ئیدی باش لەوە تێگەیشتبێتین كە سەردەم، سەردەمی خەباتی ئاشتییانە و دیپلۆماسییە، ئەو خەباتەش بە یەكگرتوویی و یەكدەنگی و كۆدەنگی و خەباتی دیپلۆماسیی ژیرانە و هاوسەنگ و بە پێكهێنانی مەرجەعیەتێكی هێور و پڕئەزموون و رێز بۆ یەكتریدانان دەبێت، بۆیە ناكرێت ئێمە بانگی كوردایەتی و سەربەخۆیی كورد لێ بدەن و رێز لە سەروەری هەرێم و دەستكەوتەكان نەگرین، چونكە ئەم هەرێمە لای هەموو كوردێكی شەرەفمەند پیرۆزە و خاڵی جووڵەكردنە بەرەو سەربەخۆیی سەرتاسەری وئامانجە گەورەكەمان..
Top