عادل عەبدولمەهدی، قوربانیی ململانێ سیاسییەكان
December 3, 2019
وتار و بیروڕا
بەرزبوونەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی جەماوەری لە چەندین پارێزگای عێراقدا، ھۆكارە سەرەكییەكەی، نەبوونی خزمەتگوزاری و بێكاری و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە گشت دامودەزگاكانی حكوومەت و هەروەها نەبوونی ئاسایش و ئارامییە لەو وڵاتەدا، بەڵام ھەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن، ئەوەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێ، تەواو سیاسییە و هەندێك لایەن دەیانەوێت لە ڕێگەی ناڕەزایی ھاووڵاتیانەوە بە ئامانجە سیاسییەكانی خۆیان بگەن.
یەكێك لە لێكەوتەكانی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە، دەرخستنی ئەو ململانێ قوڵەی نێوان ھێزە شیعییەكان بوو، كە لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە پاش ٢٠٠٣ بە شێوەیەكی شاراوە بوونی ھەبوو، چەند ھۆكارێكیش ھەبوون بۆ دەرنەكەوتنی بە درێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو، ئەوانیش كاریگەریی بەھێزی ئێران بوو لەسەر ھێزە سیاسییەكانی عێراق، كە ئەوانی بەیەكەوە ھێشتبووەوە، ھاوكات پێگەی بەھێزی مەرجەعیەت لەسەر كۆی دانیشتووانی شیعەی عێراق، ھۆكارێكی تر بوو بۆ كپكردنی ناڕەزایەتییەكانی خەڵك بە بیانووی پارێزگاریكردن لە دەسەڵاتی ھاوتا مەزھەبییەكانیان، ئەوەی ئێستا ڕوونە، ئێران لەبەر كێشە ناوخۆییەكانی و لاوازبوونی پێگەی مەرجەعیەت لەنێو كۆمەڵگەی شیعەدا بە گشتی، ناتوانن ئەم ناڕەزاییانە كپ بكەنەوە.
دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە عێراق و لوبنان بەیەكەوە، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ئەوەی لە واقیعدا عێراق بووەتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی نێوان دەوڵەتە زلھێز و هەروەها وڵاتە ھەرێمییەكانی ناوچەكە، دیاریشە ئەوەی خۆپیشاندان دەكات شیعەیە و ھەموو درووشمەكانیش دژی وڵاتێكی ھەرێمیی دیاریكراون، پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، لە كاتێكدا كە زۆرینەی وڵاتانی ھەرێمی لە عێراق بوونیان ھەیە، بۆچی ھەموو ناڕەزایەتییەكان ئاراستەی یەك وڵاتن، كە بە شێوەیەكی كرداری حوكمی عێراقی كردووە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا و بەرپرسیارە لە زۆرینەی كێشەكانی عێراق؟ كەوابێ پاڵپشت و تەمویل بۆ بەردەوامیی خۆپیشاندانەكان سەرچاوەكەی دیارە، مەبەستەكەش لاوازكردنی پێگەی ئێران و ھێزە سیاسییەكانی نزیك لەو وڵاتەن لە عێراقدا.
ھەنگاوە ئەرێنییەكانی سەرۆكوەزیرانی پێشوو (عادل عەبدولمەهدی) بەرامبەر كورد و سوننە تایبەت بە باشتركردنی رەوشی ئەمنیی ناوچە سونییەكان و ھەوڵە بەردەوامەكانی بۆ ئاشتكردنەوەی حكومەت و جەماوەری سوننە، دەرچوونی ھێزە شیعییەكان لەناو شارەكان و ڕێككەوتن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان لە پرسی بودجە و گشت كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، لەلایەكی ترەوە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ھێزەكانی حەشدی شەعبی، ترسی لای ھێزە سیاسییە شیعییەكان دروست كردووە، بۆیە دەكرێ ئەمە بە ھەوڵێكی ئەم ھێزانە ھەژمار بكرێت بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران، ئەمە لە كاتێكدایە بەرپرسی سەرەكی لەم پاشگەردانییەی لە عێراقدا ھەیە، ھەر ئەوانەن كە ماوەی ١٦ ساڵە حوكمی عێراق دەكەن.
شازدە ساڵ بەس بوو بۆ ئەو نوخبە سیاسییە شیعییەی كە ئێستا حوكمی عێراق دەكەن، تا سەربەخۆیانە مامەڵە بكەن و چاكسازی لە گشت سێكتەرەكانی حكومەتدا بكەن، بەڵام نە سەربەخۆیانە مامەڵەیەن كرد و نە توانیشیان چاكسازی ئەنجام بدەن، بۆیە متمانەی جەماوەر و پاڵپشتیی ئەمەریكایان لە دەست دا، دەكرێ وتنەوەی درووشمەكانی بەعس لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، بە كۆتایی تونێلەكە ھەژمار بكرێت و ھاوكات زەنگێكی ئاگاداركردنەوەیە بۆ ئەو ھێزانە، كە ئیدی نە ھاووڵاتیان و نە ھێزەكانی ھاوپەیمانان قبووڵ ناكەن لەبری ئەم ھەموو قوربانیانەی لە عێراق داویانە، ئەو وڵاتە لەلایەن كۆمەڵێك ھێزی نزیك لە ئێرانەوە بەڕێوە ببردرێت.
بەردەوامیی خۆپیشاندانەكان بە درێژایی مانگی ئۆكتۆبەر و مانەوەی زۆرێك لە خۆپیشانداران لەسەر شەقامەكان، بە دڵنیاییەوە پێویستی بە پاڵپشتیی ماددی ھەیە، بەو ھۆكارەی زۆینەیان خەڵكی ھەژارن، بڕیاری تەقەكردنیش لە خۆپیشاندەران لە سەرچاوەی نادیارەوە و ڕفاندنی چالاكوانانی مەدەنی و فەرماندە ئەمنییەكان بە ڕۆژی ڕووناك، ئەو ئەگەرە زیاتر دەكات كە ئامانجەكانی خۆپیشاندانەكان سیاسین، لە لایەكی ترەوە بەئامانجگرتنی سەرچاوەكانی داھات لە كێڵگە نەوتییەكان و بەندەرەكان، كە سەرچاوەی سەرەكیی داھاتن بۆ میلیشیاكان و ھێزە سیاسییە جیاوازەكان، ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەكاتەوە، كە مەبەستی خۆپیشاندەران سیاسییە و عادل عەبدولمەهدیش بووە قوربانیی ململانێكان.