ناهەقم مەگرن لەوەی دەترسم
November 30, 2019
وتار و بیروڕا
دوای دەست لەکار کیشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و لە پێکهێنانەوەی حکومەتی نوێ ئەگەر پێکبهێنرێتەوە، عێراق دەبێتە فڕان فڕانی سیاسی و هەر کوتلە و میلیشیایەک دەیەوێ زۆرترین بەش و چاکترین بەش بۆ خۆی بەرێ و ئەمەریکا و ئێرانیش لە پشت ئەو فڕان فڕانە دەبن، با لەوە گەڕێین و بێینە سەر هەڵوێستی حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و فراکسیۆنەکانیان، ئایا ئەوان هەڵوێستیان چۆن دەبێ؟ ئایا ئەوان کورد گوتەنی دەبنە دزی گای حزبی، یان دەبنە پارێزەری گای کورد و هەوڵدەدەن لێیان نەدزرێ؟ ئایا لەدەوری ماف و ئازادیەکانی کورد کۆ دەبنەوە، یان وەک ئەو چەند ساڵەی رابردوو دزانی گای حزبی بەسەر باڵەکانی مالیکی و عەبادی دابەش دەبنەوە؟
ناهەقم نییە گەر دەترسم، هەر کەسێکیش وەک من بە دیقەت ئاوڕ لە مێژوو بداتەوە و ببینێ چۆن بەرەی دزانی گای حزبی ببوونە پاسەوانی بەردەرگای ماڵی دزانی گای نەتەوەیی و دەرگای کوردبوون و کوردایەتیشیان خستبووە سەر پشت، گەر نەترسێ نە کەڵکی لە ئامۆژگاریەکانی مێژوو وەرگرتووە و نە هاواری داهاتووشی بیستووە، چونکە ئەوەی دزانی گای حزبی لە رابردوو کردیان، ئەگەر دووبارەی بکەنەوە کورد نەک هیچی دەست ناکەوێ، بەڵکو دزانی گای حزبیش گیسکێکیان دەست ناکەوێ و گای کوردیش دەبەنە قەسابخانەی مەرجەعی شیعە و ئەویش بەسەر میلیشیا شیعەکانیدا دەبەش دەکات.