دەربارەی (یەكێتیی كوردی)ی سووریا

دەربارەی (یەكێتیی كوردی)ی سووریا
لە دەستپێكدا، پێویستە روونی بكەینەوە كە حزبە كوردییەكانی سووریا كە بە گوفتار و كردار لە بەرژەوەندییەكانی كوردەوە سەرچاوە دەگرن، هەرچەندە هەڵقوڵاوی ناوەند و ئایدیۆلۆژیای دەرەوە نین، تا لەگەڵ سیاسەتەكانیان كۆك بین، یان جیاواز، بەڵام هەموویان بەشێوەیەكی گشتی بەشێكن لە بزووتنەوەی نیشتمانیی كورد، كە لە سرووشتی پێكهاتەی كۆمەڵایەتییاندا هەمەجۆرن، چ لە رووی پێگەی چینایەتی، یان بەرژەوەندیی تایبەتی و فیكر و بۆچووندا، كە دواجار ئامانجگەلێكی هاوبەش كۆیان دەكاتەوە، هەروەها لە بواری بەرپرسیارێتی لە شكست و زیان گەیاندندا، نابێت هەموو حزبەكان بخەینە یەك خانەوە، لە هەمان كاتیشدا پێویستە جیاوازی بكەین لە نێوان ئەو سەركردایەتییانەی كە بەرپرسن لە دەركردنی بڕیار و سوودمەندن لەلایەك، بنكە و لایەنگرانیان لە لایەكی دیكەوە. ئەوەی كە پەیوەستە بە كێشەی یەكێتیی بزووتنەوەكە، ئەوا شتەكان دیارو ئاشكران، بە شێوەیەك كە ئێمە دەستپێشخەریمان كردو بیروبۆچوونی خۆمان بە درێژایی پێنج ساڵی رابردوو وەك پرۆژەیەكی تەواو و نەخشەڕێگا بە ناوی (بزاڤ) بڵاوكردەوە، هەروەها سەدان دیداری راوێژكاریمان لە ناوەوە و دەرەوە بەڕێوە برد، لەگەڵ چەندین لایەنی پەیوەندیدار و شەریك و دۆست و برا گەنگەشەی ئەو پرسەمان كرد، لەوانەش دامەزراوەكانی سەر بە یەكێتیی ئەوروپا، سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە جارێكیش رامانگەیاند و ئەمڕۆش دووپاتی دەكەینەوە كە كێشەی كوردی سووریا و قەیرانی شەرعییەتی بزووتنەوەكەیان، خۆیان لە حزبەكانی (هەردوو ئەنجومەن- تەڤدەم، یان گرووپەكانی پەكەكە و ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی)دا دەبیننەوە، كە هەردووكیان بەرپرسن لە مەینەتیی كوردی سووریا و دابەشبوونی بزووتنەوەكەیان، رەوتی رووداوەكانیش هەر لە سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریا لە بەهاری ساڵی2011وە تا ئێستاش دەیسەلمێنێت كە ململانێیان لەسەر دەسەڵاتە، هەروەها لەسەر رێژەی پشكێنەی بەڕێوەبردنی هەندێ ناوچەی كوردی بووە، نەك لەسەر چۆنێتیی بەهێزكردن و یەكگرتن و تازەكردنەوە و بە شەرعییەتكردنی بزووتنەوەكە. لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا، برایان لە هەرێمی كوردستانی عێراق چەندین جار دەستپێشخەرییان كردووە و بۆ لێك نزیك كردنەوەی بیروبۆچوونی نێوان ئەو دوو حزبە، لە رێگەی رێكەوتننامەكانی هەولێر و دهۆك، كە بێ سوود بوون، بەڵام ئێمە هیچ گرنگییەكمان لە حزبەكانی نێوان ئەو دوو ئەنجومەنە نەبینی، تەنانەت بە ئاماژەیەكیش كە گوزارشت لە یەكێتیی بزووتنەوەی كوردی بكات، هەروەها هیچ پرۆژە، یان پێشنیارێكیان لەم رووەوە دەرنەبڕیوە، بەڵكو هەموو بانگەوازەكانیان رەتكردۆتەوە، یان پشتگوێیان خستووە، لەوانەش پرۆژەی بزاڤ، ئەوەش لەبەر ئەوە بووە كە هەر لایەنێك خۆی بە تاكە نوێنەری شەرعیی كوردانی سووریا زانیوە، خۆی لە دیدگای واقیعەوە بەرزتر پیشانداوە، هاوكات بەرامبەرەكەی بە جیاوازیی فیكری و سیاسی رەتكردۆتەوە.بەر لە چەند رۆژێك دەزگاكانی راگەیاندن لێدوانێكی (ژەنەڕاڵ مەزڵووم) فەرماندەی سەربازیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)یان بڵاوكردەوە، زۆر كەس بە شێوەی جیاواز لێكیان داوەتەوە، لە بانگەوازی حزبە كوردییەكان بۆ یەكێتی، بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەنەكەسە، بۆ كۆنگرەی حزبەكان، یان هەموو لایەك، بە پێچەوانەی كۆمێنتە تاكە كەسییەكانی فەیسبوك كە هەندێكیان لەو پەڕی گەشبینیدا بوو، بەڵام هیچ هەڵوێستێكیی فەرمیی بە ئاشكرا و روون لە ئەنەكەسە و هی دیكە دەرنەچووە، بۆیە گرنگە ئەم روونكردنەوەیە رابگەیەنین: یەكەم/ بانگەوازی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات، كە رێكخراوێكی سەربازیییەو كورد-پەكەكە و عەرەب و كریستیان و توركمان بەپێی دەستنیشانكردنی سەركردایەتییەكەی دەگرێتەوە، پەیوەست نییە بە یەكێتیی بزووتنەوەی كوردیی سووریا، بەڵكو بانگەوازە بۆ ئەوەی هەمووان پەیوەندی بەو رێكخراوەوە بكەن، تاكو بیسەلمێنێت بۆ كۆمەكبەخشەكانی بیانی و بۆ شەریكە دێرینەكەی رژێمی ئەسەد، هەروەها بۆ هەموو لایەنی پەیوەندیدار بە دۆسێی سووریا كە نوێنەری هەموو پێكهاتەكانە، هاوكات گوزارشت لە هەموو رەوتە سیاسییەكان دەكات لە نێویشیاندا لایەنەكانی بزووتنەوەی كوردی، ئەمەش تاكو پێشەنگ بێت لەسەر ئاستی نیشتمانی، هەروەها ئامادەبوون لە هەموو بۆنە و شوێنێك لەوانەش نوێنەرایەتیكردن لە لیژنەی داڕشتنی دەستووردا، هاوكات سازكردنی دانوستان لەگەڵ رژێم بە ناوی هەمووان، لانیكەم بە ناوی پێكهاتەكانی رۆژهەڵاتی فوڕات لە ئێستادا و دواتریش هەموو گەلی سووریا.دووەم/ بێگومان رۆڵەكان دابەشكراون، هەروەها ململانێكانی نێوان رێكخراوەكانی پەكەكە لە سووریا، هاوكات ئیرادەیەكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە ئارادایە بۆ رازاندنەوەی وێنەی ئەو كەسەی بۆی دەگونجێت، كە تەنیا ژەنراڵ مەزڵوومیان دۆزییەوە، كە هەندێك لایەن گرەودەكات لەسەر دوورخستنەوەی لە ناوەندی قەندیل، ئەو پیاوێكی چاونەترسە، هەندێكی دیكەش ئامادەی دەكات تا ببێتە ناونیشانێك بۆ پاكتاوكردنی ئەوانەی لەنێو بزووتنەوەی كوردیدا ماون، دواتر تێكەڵبوون بە دەزگاكانی سەربازی و ئەمنی و ئیداریی رژێم، بەتایبەتی دوای تەواوبوونی ئەركی پەكەكە لە ماوەی نۆ ساڵ لە گۆڕەپانی كوردیی سووریا و ئەو ئەنجامە كارەساتبارانەی بە بەرچاوی هەمووانەوە دیارن.سێیەم/ رێكخراوی پەكەكەی سووریا دوای (11 هەزار قوربانی) و دەیان هەزار بریندار و كەمئەندام سەركەوتنی بەدەست نەهێنا، بەڵكو لەبەردەم دیوارێكی داخراودایە، بەتایبەتیش دوای نەمانی مەترسیی داعش، هەروەها بڵاوبوونەوەی هێزی داگیركاریی سەربازیی بیانی، كە ئێستا ئەركەكەی بۆتە پاراستنی بیرەكانی نەوت، سەرباری ئەوەی كە تا ئێستا لای زۆربەی كوردانی سووریا پەسند نییە و لە هەموو گرەوە سیاسییەكان و بیروبۆچوونەكانیشدا شكستی هێناوە، تەنانەت لێشی پاشگەزبۆتەوە، تەنیا ئەوەی بۆ ماوەتەوە كە بخزێتەوە باوەشی رژێم، ئەمەش لە پێناو ئەوەی كە رووی خۆی سپی بكاتەوە و دەستبەرداری قەیرانی ناوخۆ ببێت، چونكە كەوتۆتە بەر تەحەددای هەڵكشانی رەوتێكی نیشتمانیی كوردیی سووریا كە دوورە ژەنەڕاڵ لەنێو ئەو رەوتەدا بێت. چوارەم/ ئەركی خۆمانە كە جارێكی دیكە بە دەنگێكی بەرز لە بەردەم رای گشتیی كوردی و سووری و كوردستانی جەخت بكەینەوە لەسەر پشتیوانیكردن لە هەر هەوڵێكی جددی بۆ نەهێشتنی دابەشكاری و بۆ نزیككردنەوەی كورد- كورد، بەڵام تایبەت بە یەكخستنی بزووتنەوەی كوردی، كە ئەركێكی بەپەلەی بنەڕەتییە، هەموو لایەك دەزانن، بەتایبەتیش حزبەكانی هەردوو ئەنجومەن، كە زۆرینەی نیشتمانپەروەرانی كورد بێلایەنن كە گەنج و ئافرەت و رۆشنبیر و راگەیاندكار و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییان تێدایە، ئەوانە بەپیر بانگەوازی پەیوەندیكردن بە هەسەدە، یان ئەم حزبە و ئەو ئەنجومەنەوە، یان بەجێهێنانی ئارەزووەكانی ئەو ژەنەڕاڵەوە نەهاتن، تاكە رێگە بۆ یەكێتی لە رێی كۆنگرەیەكی سەرتاسەریی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردیی سووریا دێتەدی، بە سازان و ئیرادەی ئازاد، بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی ئامادەكاریی هەمەلایەنە و بە زۆرینەی بێلایەن، بۆ ئامادەكردنی ئەو كۆنگرەیە، لە پێناو داڕشتنی پرۆژەی ئاشتیی كوردی و گەڕانەوەی شەرعییەت، هەڵبژاردنی دەستەیەكی سەركردایەتی كە بەناوی سەرجەم گەلی كوردی سووریا كە لە رووی تەحەدییەكان بوەستێتەوە.پێنجەم/ پێویستە كۆنگرەیەكی سەرتاسەری ببەسترێت و بێ مەرجی پێشوەختە بەشداریی تێدا بكات، نابێت بە ئارەزووی حزبەكان بێت، یان سەپاندنی مەرج و دژەمەرج بەسەر یەكدیدا، بۆیە سەرباری هەموو زێدەڕۆییەكی سەركردایەتیی حزبەكان و تێوەگلانیان لە تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: كێ دادگایی كێ دەكات؟ ئێستا هیچ دامەرزاوەیەكی شەرعیی نیشتمانیمان نییە، كە دەسەڵاتی هەبێت دادگایی خەڵك بكات و سزا بەرامبەر ئەو لایەنە دەربكات كە زیانی گەیاندووە، یان تاوان و گەندەڵیی كردووە، هەموو پرسەكان تەنانەت لێپرسینەوەكانیش، لە ئەستۆی كۆنگرەدان، كە شەرعییەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەیە، تاكە مەرجیش كە دەبێت بخرێتەڕوو، ئەوەیە كە هەموو لا پێش ئەوەی بگەنە هۆڵی كۆنگرە، بڕیار بدەن كە بە تەواوی پابەند دەبن بەو بڕیار و راسپاردانەی كە لە كۆنگرەكەدا دەردەچن. لە كۆتاییدا ئەوەندە ماوە كە بڵێین: برایان لە سەركردایەتیی هەرێمی كوردستانی عێراقدا، وەك مەرجەعییەتێكی باڵای كوردستانی، (كە لە پێشەوەی لایەنی پەیوەندیداران بە دۆسێی كوردیی سووریاوە)، ئەوان لە بەردەم تەحەددییەكانی لەئەستۆگرتنی بەرپرسارێتیی مێژووییدان، تایبەت بە بنیادنانەوەی بزووتنەوەی كوردیی سووریا و گێڕانەوەی شەرعییەت بۆ بزووتنەوەكە، هەروەها بەهێزكردنی یەكێتییەكەی لە رێی پشتیوانیكردن لە پرۆژەی كۆنگرەیەكی سەرتاسەریدا.
Top