دانیال میتران ،فەڕەنسا لانكەی ئازادیخوازان و مرۆڤ دۆستی

دانیال میتران ،فەڕەنسا لانكەی ئازادیخوازان و مرۆڤ  دۆستی

لە دوای شۆڕشی فەرەنسا ئەو وڵاتە بووە بە لانكەی ئازادی‌و مافی مرۆڤ بۆ هەموو ئازادیخوازانی جیهان. لەو كاتەوە، فەرەنسا لە سیاسەتی دەرەوەی، هەوڵیداوە جۆرێكی تێكەڵاو لە دیپلۆماسیەتی سیاسی بەرهەمبهێنێت كە بریتی بێت لە پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی شۆڕشی فەرەنسی‌و بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی فەرەنسا. بەپێی قۆناغە جیاوازەكان، تا ڕادەیەكی زۆر، فەرەنسا توانیوێتی بیسەلمێنێت كە هاوپشتی ئازادیخوازانە لە جیهاندا. لەبیرمانە چۆن فەرەنسا لە 5ی نیسانی 1991 لە ئەنجومەنی ئاسایشی یوئێن، توانی بڕیاری 688 بچەسپێنێت‌و دواتر بە دیفاكتۆ فیدراڵیەت لە هەرێمی كوردستان بێتە دی. ئەو هەنگاوەی فەرەنسا جگە لە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی‌و جێبەجێكردنی پرەنسیپەكانی كۆماری فەرەنسی، هیچ جۆرە بەرژەوەندییەكی فەرەنسای تیادا نەبوو لەڕووی سیاسی‌و ئابوری. واتا فەرەنسا تەنها لە پێناوی پرەنسیپەكانی هاتە دەنگ‌و میللەتی كوردی پاراست، لە كاتێكدا عیراق زۆنی كاریگەری بەریتانیا‌و ئەمەریكا بوو، ئەبوایە ئەو وڵاتە زیاتر بە هانامانەوە بهاتنایە.ئەگەر هەڵوەستەیەكی خێرا بە سەر جەنگی جیهانی تیرۆر بكەین فەرەنسا لە سەردەستی فرانسوا هۆلاند چۆن هاوكاری و پشتیوانی گەلی كوردی كرد و هەروەها لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، وهێرش و پەڵاماردان وگەمارۆخستنە سەر هەرێمی كوردستان كۆماری فەرەنسا لە 5ی ئۆكتۆبەر 2017 لە زاری سەرۆك ئیمانوێل ماكرۆن لە كۆنفرانس پرێسێك جارێكی تر دووپاتی كردەوە كە فەرەنسا هاوڕێی میللەتی كوردەو پابەندە بە پاراستنی مافەكانی گەلی كورد. هەروەها فەرەنسا پرۆژەی جدی هەبووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پۆست ڕیفراندۆم‌و چەندین بەیاننامەی فەرمی دەركردووەو بە گرنگیەوە داوای چارەسەركردنی كێشەكانی كردوە بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندی پرسی گەلی كورد. لەبەر ئەوە پێموایە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ فەرەنسا پێویستە پەرەپێبدەین لە هەموو بوارەكان (سیاسی، ئابوری، كلتوری‌و هونەری‌و زانستی).
دانیال میتران یەك لە قارەمانانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڕەنسـا لە دەمی شەڕی جیهانی دووەم و هەروەها هاوسەری سەرۆكی پـێشـوو فڕانسوا میتران لە تەمەنی 87 سـاڵیدا كۆچی دوایی كرد.خانم میتران بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22/11/2011كۆچی دوایی كرد لە پاش چەند ڕۆژێـك لەوەی گەیەنرابوویە نەخۆشـخانە لە پاریس. ئەو یارمەتی دا لە پـێناسەكردنەوەی ڕۆڵی خانمی یەكەم. هەروەها ناسراوبوو بە كارە مرۆیـیەكانی و پشـتیوانیكردنی لە خەڵـكی بێ دەسەڵات.خانم میتران لە ژیانیدا پـشتیوانی لە نەتەوەكانی وەك كورد و تبتەكان كردووە. لە هەمان كاتیشـدا لایەنگرێـكی بەهێزی فیدڵ كاسترۆی سەرۆكی كوبا بوو‌. لەو دوایـیانەش دەسـتیكردبوو بە چەند كۆمەڵەیەگی خێرخواز بۆ یارمەتیدانی هەژاران.

خاتو دانیا میتران بوو، ئەو ژنە لێوان لێو لە هەستی ناسك و مرۆڤدۆسستە، دژ بەهەموو شێوەكانی هەڵاواردن و چەوساندنەوە و ستەمكاریی، گەلی فەرەنسا چەند بەختەوەرە كە خاوەنی ژنێكی وەكو خاتوو دانیال میترانەو ە، ئەو تەنها دایكی دوو كوڕ نەبوو، بەڵكو میللەتێك بەوپەڕی خۆشحاڵی و شادمانییەوە ناسنامەی دایكی خۆی پێبەخشی، لەپای هەمو ئەو داكۆكیكردن و بەرگریكارییەی كەلە هەموو جیهاندا لەم میللەتە بەشخورا و ئازارچێشتوەی كرد.بەشایەدی هەمو ئەو كەسانەی كە ئاگاداری ململانی و مشتومڕەكانی نێو دانیشتن و كۆبونەوەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان بوونە لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا، دانیال میتران ئەندازیار و خاوەن بیرۆكەی بڕیاری 688 ی رێكخراوەی جیهانی نەتەوەیەكگرتوەكان بوو كە بوە مایەی بنەما و ناوكی لەدایكبونی حكومەتی هەرێمی كوردستان.ئەو خانمە، وەكو دایكێكی دڵسۆز و میهرەبانی بێوەژن كۆش، ماڵ بەماڵ، دەرگا بە دەرگا كۆمەك و یارمەتی، كورد واتەنی سواڵ و دەرۆزەی بۆ میللەتی كورد دەكرد و رێگای پڕمەترسیی دەگرتبەبەر و سەردانی ئاوارە و هەڵاتوی كوردانی لە كەمپەكانی پەناهەندەیی و ئاوارەییدا دەكرد.

لەناوەندەكانی بڕیار و دەسەڵاتداری ئەوروپادا وەكو مرۆڤێكی خاوەن بیر و باوەڕی بەرزی مرۆڤایەتی داكۆكی لە گەلی كورد كرد لەپێناو پاراستنیدا لە شاڵا و پەلامارە دڕندانەكانی سوپای بەعسییەكان، ئەو خانمە كاتێك باسی هەلومەرج و بار و دۆخی ساڵانی نەوەتەكان دەكات سەبارەت بە بڕیاری (688)، وەكو هەندێك لەو كەسانەی لای خۆمان باسی عەنتەریات و قارمەنێتی خۆی لەو بارەیەوە ناكات، بەڵكو زۆر تەوازوعانە دەڵێت: "راستە من كارم كردوە، بەڵام ئەو كارە تەنها بەمن نەدەكرا، ئەوە ئازایەتیی گەلی كورد خۆی بو، كە ئەو بڕیارە دەرچو"، بەڵام ئەوەی جێی داخ و مخابنە، ئەمڕۆ كە كورد تا ئاستێكی زۆر بەرز خاوەن دەسەڵات و حكومڕانی خۆیەتی، كۆمەڵە كەسانێك رۆژانی رەشیان بیرچۆتەوە و لەسەر ماف و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەژار و ستەمدیدە بە ئەندازەیەك رۆچونەتە نێو گەندەڵیی و پارە كەڵەكەكردنەوە، كە بەراستی تاكی كورد كە بەراوردی نێوان ئەو كەسانە و خاتو میتران دەكات، شەرم دایدەگرێت، كە میللەتەكەی لەپێناوی رزگاری و ئازادیدا گەورەترین تاوانی لەمێژودا بەرامبەر كراوە، خاوەنی لێپرسراو و سەركردەی لەو جۆرە بێت.
Top