تەنها بەرژوەندی گەلی كورد گرنگە

تەنها بەرژوەندی گەلی كورد گرنگە
هەلەیەكی گەورەیە ، ئێمە كورد ، كە خاك و نیشتیمانمان لە دەستی زڵهێزان لەت لەت كراوە ، ئێستا بێن ستراتیژ و بەرژوەندییەكانی خۆمان لە سەر دۆستایەتییەكی كاتی و تاكتیكی وەك ئەمەریكا و رووسیا بونیات بنێین ، چونكە بە درێژایی مێژوویی خەبات و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەو زڵهێزانە ، چەندین جار رووبەرووی پاشگۆی خستن بوینەتەوە.
ئەمەریكا و مێژووی پەیوەندیەكانی ئەمەریكا و كورد دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی وودرۆو ویلسون 28مین سەرۆكی وڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 1918 بۆیە ئەمەریكا لە كۆنەوە كاریگەری لەسەر نەتەوەی كورد هەبووە، بەڵام هەمیشە ئەمەریكا لەسەر بناغەی بەرژەوەندی وڵاتەكەی خۆی مامەڵە لەگەڵ نەتەوەی كوردا كردووە، وەك دەبینین چ لە ڕووی ئابووری یان سەربازی، ئەمەریكا هەمیشە كوردی لە بەرژەوەندی خۆی بەكار هێناوە هەر شەرێك و كوشتنێك هەبێ بۆ نەتەوەی كورد بووە، هەر قازانجێك و سودێك هەبوبێ بۆ ئەمەریكا بووە، بۆیە مامەڵەی ئەمەریكا لەگەڵ دۆستی یاخود دوژمنی هەمیشە لەسەر بناغەی بەرژەوەندی دەوڵەتەكەی خۆی بووە.
گرژییەكانی نێوان رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و دراوسێكانمان بەتایبەت لەگەڵ ئەمەریكا ساڵانێكە هەروا درێژەی هەیە و لە شەڕێكی ساردان، ئەگەری ڕوودان و ڕوونەدانی شەڕ بێگومان كاریگەری لەسەر كوردستان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕووی ئابووری یان كۆمەڵایەتی و ڕامیاری...تادێ‌ هەیە و دەبێت بۆ نموونە كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان وەك داخستنی دەرگا سنورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هاتنی لێشاوی ئاوارەكانی دراوسێكانمان بۆ هەرێم بۆیە كاریگەرێكی مەزن دەخاتە سەر لایەنی بازرگان و بژێوی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان.
لە كۆنەوە هەرگیز گرژیەكانی نێوان ئەو وڵاتانە و ئەمەریكا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستا، كە لە هەر دوو لاوە ڕۆژانە لێدوانی توند لە دژی یەكتر دەدەن، بۆیە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕدا سیاسەتی وڵاتە دراوسێكانمان وایە لەو ئاگرەی كە هەڵدەكرێت بۆ ئەوەی پڕوشكی ئاگرەكە بە بەریان نەكەوێت ئاگرەكە دەیبەنە دەرەوەی خاكەكەی خۆیان بۆ ئەوەی كەمترین زیانیان بەر بكەوێت، لە كاتێك دا ئەمەریكا جگە لە گەرووی هورمز و ناوچە عەرەبیەكان، باشوری كوردستانی وەكو ناوەندێكی گرینگ دایناوە و پڕ چەك و ئەسلەحەی قورسی سەربازی كردووە لە ئەگەری هەر مەترسیێكی ئەو دەوڵەتانە لەسەربەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروست بونی شەڕی سەربازی بۆیە لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەر لەو ناوچانەدا بە پلەی یەكەم كاریگەری لە سەر كوردستان دەبێت.
بۆیە ، پێوستە ، سیاسەتی گەلی كورد لە سەر بناغەی بەرژوەندییە باڵاكانمان بونیات بنرێت و كاری لە سەر بكرێت ، تا لەگەڵ دروستبوونی هەر جۆرە پێشهات و گۆرانكاریی لە سەر ئاستی ناوچەكە ، تووشی شۆك و زیان بەركەوتن نەبینەوە و دەستكەوت و خەباتی دەیان ساڵەمان بكەوێتە مەترسییەوە ..
Top