گۆڕینی دەستووری عێراق قۆناغێك بۆ لەدەستدان یان بەدەستهێنانی مافەکانی گەڵی کوردستان .

گۆڕینی دەستووری عێراق قۆناغێك بۆ لەدەستدان یان بەدەستهێنانی مافەکانی گەڵی کوردستان .
لە ماوەی ڕابردوو جۆرێك لە خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بەشێوەیەکی خۆرسك و دوور لە دەستی حیزب و ئینتیمای سیاسی لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق سەریان هەڵدا و داواکاری خۆپێشاندەران بریتی بوو لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و پەروەردە و تەندروستی و دەرفەتی کار و دابەشکردنی زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون و داهات بە شێوەیەکی دادپەروەر و ڕوبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی ... هتد، دواتر بەهۆی فراوانبوونی خۆپێشاندانەکان هەندێ لایەنی سیاسی خۆیان خستە ناو دۆخەکە و بوون بە کاپتنی شەپۆلی خۆپێشاندەران و ئاراستەی داواکاریەکانیان لە کارگێڕی و خزمەتگوزاریەوە بۆ داواکاری سیاسی گۆڕی ، وەك هەڵوەشاندنەوەی حکومەت وپەڕلەمان و لەهەموویان گرینگتر و هەستیار تر هەموارکردنەوەی دەستوور و گۆڕینی سیستەمی سیاسی عێراق لە پەڕلەمانی بۆ سەرۆکایەتی و کۆماری .
گرژبوونی خۆپێشاندانەکان و سەرهەڵدانی توند و تیژی و هەڵکوتانە سەر چەندین بارەگای حزبی و حکومی و تەنانەت کونسولخانەی ئێران و بەردەوامی دەربڕینی ناڕەزایی تا ئێستا دەیان کوژراو و سەدان برینداری لێکەوتۆتەوە ، بارودۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێك کاری حکومەت و دامەزراوەکان پەکیان کەوتووە و حکومەت کەوتۆتە ئەوپەڕی لاوازی بەرامبەر هێزی خۆ پێشاندەران . لە دۆخێکی ئاوادا پرسیارە سەرەکیەکە بۆ گەڵی کوردستان بریتیە لەوەی لە ئەگەری کەوتنی حکومەتی عێراق بۆ ژێرباری ئاراستەی سیاسی و داواکاری خۆپێشاندەران و بڕیاردان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور وەك لە ئێستا لەلایەن پەڕلەمانەوە لێژنە پێکهێنراوە و هەنگاوی بۆ نراوە ، چۆن سیاسەتوان و پارتە کوردیەکان بتوانن زامنی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و بیانپارێزن ؟
بۆ ئەم مەبەستە کۆبونەوەی هەرسێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕۆژی ٥ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە بینای سەرۆکایەتی هەرێم لە هەولێر بەڕێوەچوو . بارودۆخی عێراق و پرسی گۆڕینی دەستوور لە کارنامەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو ، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و ناوەڕۆی ئەم وتارەی ئێمەیە ، بەڵاغی ڕاگەیەنراوی کۆبونەوەکەبوو ، کە بەجۆڕێك گریمانە و خوێندنەوە بۆ دۆخی عێراق بەتایبەت داواکاری خۆپێشاندەران لە گۆڕینی دەستوور کرا وەك ئەوەی ئەمە پلانی ئەو لایەنە سیاسیانەیە کە خۆیان خزاندۆتە ناو شەپۆلی خۆپێشاندەران و ئامانجیان کەمکردنەوەی ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانە . بۆیە لە ڕاگەیەنراوەکە سەرەڕای پشتگیری لە داوا ڕەواکانی خۆپێشاندەران ، داکۆکی لەسەر پاراستنی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان وەكو خۆی کە لە دەستوور هاتووە کرایەوە لە ئەگەری گۆڕین و هەموارکردنەوەی دەستوور . بە مانایەکی تر هەرێمی کوردستان هیج داوایەکی زیاتری نیە و لە ئەگەری تێکچوونی دۆخەکە هەرێمی کوردستان تەنها دەکەوێتە سەنگەری بەرگری لە مافە هاتووەکانی و هیچ داوایەکی بۆ پێدانی مافی زیاتر لەدەستوور نیە .
من پێم وایە ئەگەر ئەو گریمانە مەترسیدارەی لایەنە سیانەکانەکانی هەرێم گومانێکی ڕاست و دروستیش بێت ، ئەبوایە لە ڕاگەیەنراوەکانیاندا وایان نیشان بدایە کە لەئەگەری دەستبردن بۆ دەستوور و گۆڕینی دەستوور ، ئەوان سەقفی داواکاریەکاریەکانیان بەرزتر دەکەنەوە و هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان بە شایستە و مافی زۆر لەوە زیاتر دەزانن کە لە دەستووری ئێستای عێراقدا هاتووە . بە مانایەکی تر ئەبێت هەرێمی کوردستان لایەنی کەم بۆ گرێنتی کردنی پاراستن و مانەوەی ئەو مافانەی کە هەیە بە جورئەت و بە متمانەوە داوای حەق و استحقاقی زیاتر لە حکومەتی ناوەندی بکات و بەمەرج بەژداری لە دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و ئەو گۆڕانکاریانە بکات کە ڕوو دەدەن . بۆ نمونە لە ئەگەری داواکردنی گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە پەڕلەمانی بۆ سەرۆکایەتی ، مەرجی هەرێمی کوردستان گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە فیدڕالی بۆ کۆنفیدڕالی بێت بۆ ئەوەی بە سیستەمی سەرۆکایەتی ڕازی ببێت . چونکە سیستەمی سەرۆکایەتی لەناو سیستەمی فیدڕالی دەسەڵاتی هەرێمەکان و حکومەتە خۆجێیەکان ( پارێزگاکان ) کەم دەکاتەوە ، هەروەها لە ئەگەری مانەوەی سیستەمی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان داوای زیادکردنی بەشە بودجەی لە ١٧% بۆ ٢٥ % و جێ بەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ وەکو خۆی ، ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموارکردنەوەی ماددەکانی تری دەستوور بە پێی سازانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق .
بۆداکۆکیکردن لەم داواکاریانە ئەکرێت دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵی بیانوو ئەرگۆمێنتی ڕەوا بە خۆیان بێننەوە وەك : لەبەرامبەر ئەو هەموو کارەسات و قوربانی و زیانە ماددی و ڕۆحییە گەورانەی بەدرێژایی مێژوو حکومەتی عێراق لە گەڵی کوردستانی داون وەك ( ئەنفالی هەڵەبجە و بادینان و بارزانی و بالیسان و .... هتد ، تێکدانی و ڕوخانی شار و گوند و دەربەدەرکردن و ئاوارەیی و برسیکردنی هاوڵاتیان و بڕینی موچە و قوتی هاوڵاتیان ) کە دەبوو حکومەتی عێراق قەرەبووی هەموو ئەوانە بکات و نەیکردووە ، بۆیە داوای زیادکردنی بودجەی هەرێم بۆ ٢٥ % دەکەین تا وەکو حکومەتی هەرێم خۆی قەرەبوویەکی شایستەی بنەمالەی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال بکات .
وە لە ئەگەری کۆڕینی سیستەمی سیاسی عێراق ، بۆ ئەوەی گەڵی کورد هەستی هاوڵاتیبوون و هاوسۆزی ڕاستەقینەی بۆ عێراق لا دروست بێتەوە و خەونی سەربەخۆیی و ئەنجامی ڕیفراندۆم لەبیربکات ئەبێت سیستەمی سیاسی عێراق لە فیدڕالیەوە بۆ کۆنفیدڕالی بگۆڕدرێت ، تاوەکو جۆرێك سیادە و سەروەی بەخەلك و حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی عێراق بدرێت و خۆیان بەرپرسی یەکەم و کۆتابن لە بەڕیوەبردنی هەرێم و ئابووری کوردستان .
ئەگەر تێبینی بکەین دەبینین لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە سەرجەم ئەو نێردە و شاندانەی بە مەبەستی دانوستاندن چونەتە بەغداد بە پێچەوانەی شاندەکانی ساڵی ٢٠٠٣ ، بە کۆمەلێ داواکاری کەم و لاوازەوە چونەتە بەغدا ، تەنانەت زۆربەی کات داواکاری ئەم شاندانە جەختکردنەوە بووە لەسەر جێ بەجێ کردن و دەستەبەرکردنی
ئەو مافەنەی کە شاندی کوردی لەساڵی ٢٠٠٣ – ٢٠٠٥ لە دەستوور چەسپاندویانە ، هیچ داواکاریەکی تریان لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەبووە ، ڕاستە کە ئەوکات حکومەت و پەڕلەمانی کوردی لەئاست و پێگەیەکی بەهێزتر دابووە بەراورد بە حکومەتی ڕوخاوی عێراق و کورد ئەزمونێکی پەڕلەمانی و یاسادانەری پێشری هەبوو ، بەڵام بە دیدی من جگە لە ٢٠٠٣ ، لە سەردەمی کەوتنی سوپای عێراق و جەنگی دژی داعش ، وە خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ڕابردوو تا ئەمڕۆش پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی زۆر لە هی عێراق بەهێزتر و سەقامگیر ترە، لە دۆخیکی ئاواشدا لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانیش ئەبێت سەرەڕای سەنگەر گرتن لە مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان ، داواکاری بەرفراوانی خۆپێشاندەران و پرسی گۆڕینی دەستوور بە دەرفەتێك بۆ دەستەبەرکردنی مافی زیاتر سەیر بکات بە پشت بەستن بەو ڕێکارە یاساییانەی بۆ هەموارکرنەوەی دەستووری عێراق دەستنیشان کراون . و بە شاندێکی بەهێز و کۆمەلێ داواکاری گەورەوە لەگەڵ حکومەت و پەڕلەمان و لایەنە سیاسیەکانی عێراق بچنە نێو دانوستان و گفتووگۆی گۆڕینی دەستوور و سیستەمی سیاسی عێراقەوە . بۆ ئەوەی سەرەنجام ئەگەر توانای بەدەستهێنانی مافی زیاتریان نەبوو لایەنی کەم گرێنتی پاراستنی مافە دەستووریەکانی ئێستای گەڵی هەرێمی کوردستان بکەن .

Top