بایکۆت
November 9, 2019
وتار و بیروڕا
پرسی بایکۆتکردن و نەکردن لەهەرێمی کوردستان زادەی دابەشبوونی بەرەی نیشتمانی و دژەکانیەتی، ئەگەرچی زۆرجار هەوڵی بەلاڕێدابردنی دەدرێت و بەرگی حیزبایەتی و ململانێی کەسی و ناوچەیی بەسەردا دەکرێت، لێ پرسەکە بە پلەی ئیمتیاز دابەشبوونە لە نێوان تەوژمی خێر و چاکە و ئەوانەی لە شوێن ئەهریمەنن تۆ بڵێ: ئەوانەی لە ئەهریمەنیشیان تێپەڕاندوە.
کێ بایکۆت دەکەین و بۆ بایکۆتی دەکەین؟ لە پێناوی بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵکی کوردستان بایکۆت دەکەین؟ یان لە پێناو ئەوانی نامۆ و دزێودا بایکۆت دەکەین؟ ئەوپرسیارانەن دەبێت لە خۆمان و ئەوانی بکەین، گرنگە بەر لە ئەنجامدانی هەر جوڵەیەک بەرچاو ڕۆشنبین، وە خوڵقاندنی هەر ڕووداو و جوڵەیەک لە قازانجی بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان و دۆزە ڕەواکەماندابێت.
ئەزموونی هەرێمی کوردستان و ئەو ڕۆڵە گرنگەی باشوری کوردستان دەیگێرێت ڕووبەڕووی زۆر پیلان و تەحدی دوژمناکرانە بۆتەوە و دەبێت، ئاشکرایە لە ناوخۆی عێراقدا ئێمە لەگەڵ چۆن دەوڵەتێک دەرگیرین، لەگەڵ دراوسێ داگیرکەرەکانیشمان هەروا، لێرەوە گرنگە ئێمە خاوەن ستراتیژێکی نیشتمانیبین وکۆدەنگ و هاوڕاو هاوهەڵوێستبین تا ئەوەی بتوانین سەختی و دژوارییەکان تێپەڕێنین، بوونی سیاسەتێکی کوردی و کوردستانی زامنی پاراستنی ئەزموونەکەمانەو هەموو هەڵوێست وەرگرتن و پەرچەکردارێکیش دەبێت لە چوارچیوەی ئەو ستراتیژە نیشتمانیەدابێت.
لە مەڕ بایکۆتکردنی کاڵای وڵاتانی داگیرکاری کوردستان، بەر لە هەمووشتێک ئێمە پێویستمان بە بەرزکردنەوە و زیاد کردنی بەرهەمی خۆماڵیە، بە دروستکردن و زامنکردنی ئاسایشی خۆراکە، ئەمەش بە بایکۆتکردنی کاڵای ئەم دەوڵەت و خستنە سەرپشتی دەرگا و دروازەی هەرێم بە ڕووی کاڵای ئەو دەوڵەتیتری داگیرکاری کوردستان ناکرێت، داگیرکارانی خاکی کوردستان هەرکەسبن و ناویان هەرچیەکبێت داگیرکار و زۆردارن.
زۆر گرنگە بایکۆتی کاڵای دوژمن و داگیرکەران بکەین، بایکۆتی ئەم دەوڵەت نەکەین و چاوپۆشی لەو دەوڵەتی داگیرکار بکەین و بازاڕەکانی کوردستان بەڕوویاندا بخەینە سەر گازەرەی پشت، هەڵوێست و پەرچەکردار و بایکۆتمان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان دابێت، گوشار و فشارمان لەسەر داگیرکارانبێت.