خۆڕاگری و مانەوەی كورد تۆماری مێژووی راستەقینەی گەلێكی رەسەن

خۆڕاگری و مانەوەی كورد  تۆماری مێژووی راستەقینەی گەلێكی رەسەن
(*)
ئەو رووداوە تراژیدییانەی كە بە درێژایی مێژوو بە سەر گەلی كورددا هاتوون، لای من زۆر گرنگ و كاریگەرن، رەسەنایەتیی خەبات و كۆڵنەدانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە دەمگەڕێنێتەوە بۆ سەربردەی ئەفسانەیی باڵندەیەك كە سیمرخی پێ دەگوترێت، ئەفسانەكە باس لەوە دەكات كە ئەم باڵندەیە بەرز دەفڕێت و دوای ئەوەی دەسووتێت و دەبێتە قەقنەس لەنێو خۆڵەمێشی خۆیشیدا سەرلەنوێ بێچووەكانی دیكەی دەبێت و بەم شێوەیە لە زیادبووندان، نە خۆر لە سووتانیدا دەوەستێت و نە باڵندەكەش كۆتایی دێت، بۆیە خۆڵەمێشەكەی دەكاتە بەرەنگاریی هەتاهەتایی دژ بەو كەسانەی كە هەوڵی كوشتنی دەدەن، ئەو باڵندەیە لە ناخیدا ئیرادەی مان و سووربوون لەسەر بەردەوامیی ژیانی نەخشاندووە، كوردیش بە هەمان شێوەیە و هەر چەندە دوژمنەكانی بە جیاوازیی بۆچوون و جوگرافیاكانیان لە هەوڵی بەردەوامدا بوون تا لەناویان بەرن و، ئەو دوژمنانە هیوای ئەوەیان دەخواست كە مێژوویەك تۆماربكەن، بە كۆتایی ئەو گەلە، بەڵام نازانن كە گەلی كورد لەسەر خاكێك دەژین كە خاوەنی كولتوور و دابونەریت و داستانی نەبەرد و زمانی تایبەتیی خۆیانن، ئەوان جیاوازن لەگەڵ خەڵكی دیكە، وێڕای ئەمەش بەشداریی ئەرێنی و كارایان كردووە لە دروستكردنی شارستانیەتەكان لەسەر ئەو رووبەرە خاكە (عەرەبی و فارسی و توركی)یە. هەروەها لە نێو كورددا سەركردە و بیرمەند و فەیلەسوف و زانا لە هەموو زانستە مرۆییەكاندا هەڵكەوتووە، ئەم بەشداریكردنەشیان كردۆتە دیاری بۆ دراوسێكانیان و چاویشیان لە سوپاس و دەستی كەس نەبووە، تەنانەت هەندێكیان زۆر بە هێز و تواناوە بەشدارییان لە دروستكردنی شارستانێتیی مرۆڤایەتیدا كردووە، بەڵام ئەو گەلە هیچ شوێنەوارێكیان لە واقیعدا نەماوە، بەڵكو هاتوونەتە نێو ئەو شارستانیەتانە كە هەبوون و دواتر لەناوچوون (ئەمە خەونە نەزۆكەكانی دوژمنانی كورد بوون). رەنگە دواتر لە وتارێكی كەسێكی خاوەن ویژداندا باسی كورد بكرێت، كە ئاماژە بە چاكەی كورد دەكات بە سەر عەرەب و موسڵمانانەوە، كە بەداخەوە بە سپڵەیی و پەراوێزخستن وەڵامی چاكەیان دراوەتەوە.
بەم دواییە تۆمارێكی ئیمام محەمەد غەزالی بڵاوكراوەتەوە، كە باسی پاڵەوانی كورد سەڵاحەدین ئەیوبی دەكات، چۆن قودسی رزگار كرد و كردیە دیاری بۆ موسڵمانان و عەرەب، بەڵام باڵیۆزی عێراق كە ئامادەی ئاهەنگەكە بوو، قسەكەی پێ بڕی و جەختی كردەوە كە سەڵاحەدین عەرەبە و كورد نییە. ئەوەش لە روانگەی بەدنمەكییانە بە داماڵینی كورد لە هەر چاكەیەك كە پێشكەشیانی كردبێت و دەیخەنە پاڵ خۆیان، بەڵام دواتر عەرەبێكی رەسەن دێت و شایەدیی واقیعییانە دەدات كە ماوەیەك لەگەڵ كورددا ژیاوە، ئەویش جەمال ئەتاسییە، كاتێك هەوڵی داوە بەشداری بكات لە جووڵانەوەكەی رەشید عالی گەیلانی لە ساڵی 1941، ئەو دەڵێت: «رێگامان ون كرد لە نزیك كەركووك، هەر ئەوەندە خۆمان لە ناوچەیەكدا بینییەوە كە خەڵكەكەی بە زمانێكی جیاواز قسەیان دەكرد و پۆشاكێكی جیاوازیان لەبەردا بوو، وامان زانی چووینەتە نێو سنووری دەوڵەتێكی دیكە، تا دواجار زانیمان كە هەر لەنێو خاكی عێراقداین و لە ناوچەیەكین كە كورد لێی نیشتەجێن». ئەتاسی كە عەرەبێكی رەسەن بوو، جەخت لە مافە رەواكانی ئەو كوردە دەكاتەوە و بە پێویستی دەزانێت لەبەرچاو بگیرێن، بەڵام ئەو دەنگە رەسەن و دادپەروەرانە لە دەرەوەی بازنەكە بوون، چونكە ئەوانەی قین لە دڵن، وا دەزانن كە نكۆڵیكردن لە راستی بە واتای سڕینەوەیانە، بەڵام واقیع ئەوە دووپات دەكاتەوە كە نكۆڵیكردنی واقیع نەخۆشییەكی عەقڵییە و وادەكات كە مرۆڤ كوێر بێت لە ئاست بینینی راستیی واقیعەكە، چونكە هەڵبەت واقیع خۆی دەسەپێنێت، هەرچەند هەوڵەكانیش بەو ئاراستەیە بن كە كورد بكەنە ئامانجی سڕینەوەی هەر چاكەیەك كە كورد لە ناوچەكە ئەنجامی دابێت، دیارە بەو مەرامەی كە كورد لە مێژوو و جوگرافیای خۆی داببڕن، ئەمەش خەونی لەمێژینەی دوژمنانی كورد بووە، بەڵام هەمیشە مێژوو توانای ئەوەی هەبووە راستییەكان دەربخات. با نەگەڕێینەوە بۆ مێژوویەكی دوور بۆ سەلماندنی قسەكەمان، ئەوەندە بەسە كە باس لەوانە بكەین كە بەشداربوون لە بزووتنەوەی رۆشنگەریی كولتوور لە میسر، بۆ نموونە: بنەماڵەی (عائیشەو ئەحمەد و مەحموود)و ئەوەی كە پێشكەشی ئەدەبی عەرەبییان كردووە، لەوانە شاعیر مەحموود سامی بارودی، و پێشەنگی هونەری شێوەكاری سەیف و ئەدهەم وانلی، هەروەها رزگاركەری ئافرەت قاسم ئەمین، هاوكات پێشەنگی سینەمای میسر ئەحمەد بەدرخان، بە سەدان و هەزارانی دیكە كە دەرفەت نییە، باسیان بكەین و مێژوو تۆماری كردوون، دوژمنانیشیان وێڕای هەوڵی بەردەوامیان نەیانتوانیوە بیانسڕنەوە، چ ئەوانەی بە زمانی توركی، یان فارسی و لە پاڵ ئەوانیش بە عەرەبی قسەیان كردووە، هەمیشە پیلانەكانی دوژمنان بەرامبەر بە كورد، بە سووربوون و پابەندبوون بە بنەماكانی ژیان وەڵام دراونەتەوە، دوور نییە هەوڵەكانی بەعسیش نموونەیەك بن كە بێهوودەبوون لە پرۆسەكانی كۆمەڵكوژیی كورد، بە نموونە ئەنفال و هەڵەبجە و گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە عێراق، هەروەها لە سێدارەدان كە تائێستاش بەردەوامە لە ئێران، مێژووش تەژییە لە ئابڕووبردنەكانی تورك، جا لەبەر ئەوەی كە من شایەد بووم لەوەی كە لە سەردەمی بەعس بەسەر كورددا هات، هەروەها ئەوەی لەسەردەمی عەلی حەسەن مەجید كە سەرپەرشتی ناوچەی كوردیی دەكرد، بۆیە وا چاكە شایەدییەكەم لەمەدا بخەمەڕوو:
خوشكەزاكەم كە ئەو كاتە مامۆستا بوو لە كۆلێژی زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر، رۆژێك هاتە لام و رەنگی هەڵبزركاو بوو و خەمبار دیار بوو، بۆی گێڕامەوە كە ئەو رۆژە چی رووی دابوو (دوو ئۆتۆمبیل گەیشتنە نەخۆشخانەی كۆماری، پڕیان بوو لە پارچە لاشەی مرۆڤ كە پیاو و ئافرەت و منداڵ بوون، هەموویان لە خەوێكی قووڵدا بوون، چاویان خوێنی لێ دەتكا، پزیشكێكی كورد كە هاوڕێم بوو بە گوێی چرپاندم و فرمێسك لە چاویدا دەباری گوتی: ئەوانە قوربانیی كیمیابارانن، كاتێ ویستمان لاشەكان داگرین، هاوڕێیەكی دیكەم كە جلی خاكیی لەبەردا بوو، گوتی: چاوەڕوان بكەن تا رەزامەندیی هەڤاڵ (ئەبو حەلا) وەردەگرین كە بەرپرسی ئەمنیی نەخۆشخانەكە بوو، چووە ژوورەكەی و بەپەلە گەڕایەوە لامان و گوتی: ئەبو حەلا دەڵێت لێرە دایانمەگرن و چارەسەری ئەوانە لێرە نییە، چاوەڕوان بن كەسانێك دێن دەیانبەن، هەر ئەوەندەمان زانی چەندین ئۆتۆمبیلی ئەمن پڕ لە چەكدار گەیشتن، هەموویانیان گواستەوە و بەرەو دایەرەی ئەمن بردنیانن، ئەبو حەلا بە ئاشكرا دەیگوت پێویستە ئەوانە هەر چی زووە بحەسێنەوەو چی دیكە ئازاری دنیا نەكێشن، دواتر خوشكەزاكەم پێی گوتم: بەس ساڵی خوێندن تەواو بێت، من لێرە دەڕۆم و چی دیكە بەرگەی ئەمە ناگرم. بۆیە دواجار رۆیشت، من زۆر خەمبار بووم لە سایەی ئەو جیهانە بێ سەروبەرە و دوورە لە مرۆڤایەتییە، ئەوەندەی نەبرد، ئەم جارە هەواڵێكی دیكەی كارەساتبارم پێ گەیشت لە كۆمەڵگەی قوشتەپە، ئەوە بوو بە هەزاران پیاوی كۆمەڵگەكەیان دوور لە چاوی میدیا راپێچ كرد، وەك بڵێی دنیا دەیەوێت لەكۆڵ ئەو پیاوانە ببێتەوە، بەڵام ئەوانە شكستیان خوارد، پشكۆی گەشی ژیان هەمیشە لە گەشانەوەدایە، كورد هەر زیندووە و ماوە، باڵندەی سیمرخ هەر زیندووە و بێچووی زیاتری دەبێت، دواجار دەركەوت كە ئەوانە بێهوودەن لەو هەوڵانەی دەیدەن بۆ لەناوبردنی گەلی كورد، بەڵام كورد هەر سوورە لەسەر بەرخۆدان و قارەمانێتی، بۆیە دەبینین خوێنێكی زۆری رشتووە لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا، هاوكات بە سەدان گوندو شارۆچكەی وێران و خاپوور بووە، دەكرا بەر لەو كارەساتانە بگیرایە، ئەگەر چارەسەرێكی گونجاو و دادپەروەر بهاتبایەتە ئاراوە، مێژوو بەردەوام ئەوەمان بە گوێدا دەدات كە گەلی كورد رەگی لە ناخی خاكدا داكوتاوە، بۆیە پەیوەندییەكی دیالێكتیكی لە نێوان ئەوان و خاكدا هەیە، بە شێوەیەك كە ئەستەمە دەستی بۆ ببرێت، هەروەها ئەنجامی پرۆسەكانی راگواستن و ئاوارەبوون و گۆڕینی جوگرافیا و پاكتاوی رەگەزی هەموویان پێچەوانە كەوتنەوە. بەرەبەیانی رۆژی هەرەسهێنانی رژێمی بەعس، بینیمان شەپۆلی خەڵكی ئاوارەو راگوێزراوی كەركووك بە لێشاو روویان كردە دەروازەی شارەكە و هەناسەی خۆشییان هەڵمژی و بە ئاواتێكی چەند ساڵەی پڕ لە خەم و پەژارەو نەهامەتی بە ماڵ و خاڵی خۆیان شاد بوونەوە. لێرەدا عەقڵ و لۆژیك رۆڵی خۆیان گێڕا، خاوەن ماف و مافخوراو تۆزی چەند ساڵەی ستەم و چەوسانەوەیان لە خۆیان داتەكاند، بەڵام بە گیانی پێكەوەژیان و هەستكردن بە لێبووردەیی توانییان كولتووری قبوڵكردنی یەكدی و بەرامبەر بەرز رابگرن و ئەو دروشمە دووپات بكەنەوە، یان هەموومان یەكدی قبووڵ بكەین، یان هەموومان دەكەوینە بەر زەبری شمشێری رق و كینە و چارەنووسێكی مەترسیدار روومان تێدەكات.






(*) سەرۆكی سەنتەری میسر بۆ دیراساتی كوردی
Top