بایکۆتی کاڵای دوژمن و ڕەتکردنەوەی بیر و فکری داگیرکاران

بایکۆتی کاڵای دوژمن و ڕەتکردنەوەی بیر و فکری داگیرکاران

ساڵانێکە کاڵای تورکی و ئێرانی داغانیکردوین، سیر و ھێلکە و مریشکی ئێرانی و کاوبۆ و چاکەت و ماکیاژی تورکی دایپۆشیوین و دایدۆشیوین.
غەزوی فیکری ئێرانچێتی و بڵاوکردنەوەی فیکری شیعیزم سنورەکانی تێپەڕاندوین، کردنەوەی حسێنیە لە چەقی شارەکانماندا گەواھی بوونی ئێران و شیعیزمە لە نەرمە ھێزەوە تا سەختە ھێز، بە دراما و فیلم و ھونەری تورکیش قاندراوین، خۆ لە ڕاستیدا ئەگەر فیکری شیعزم دیوێکی مەرگدۆستی و داخراوی و کۆت و بەندکردنی مرۆڤبێت، کەئەمەش خواستی خەڵکی کوردستانی لەسەر نیە، بەڵام بەھۆی گەورەی ھەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا و بەتایبەت لە دەڤەری ئێمەدا، ئێران توانیویەتی بە زیادەوە کارنامەکەی بەجێبگەیەنێت، ئێمەش بە چاکی بدۆشێت و لە ھاوکێشەی کوردستانێکی سەربەخۆ و عێراقێکی یەکپارچەدا، بەرامبەر حکومەتی عێراق توشی زیان و شکستیشمان بکاتەوە.
غەزوی فیکری و فەرھەنگی تورکی مۆدێل و ستایلێکی وروژێنەر و سەرەنج ڕاکێشە بە جۆرەھا ھونەر و تەکنیکی پێشکەوتوو ڕازێنراوەتەوە و مارکێتینگی زەبەلاحی بۆ دەکرێت، دراما و فیلم و بەرھەمە ھونەریەکانی تورک شەپۆلەکانی مۆدێل و ستایلی تورکی قانیداوین، ئەمەش وایکردوە خواست لەسەر کاڵای تورکی زۆر گەشە بکات، وە لە کۆتایدا ئێمە لەبەردەم دوو ھەڵبژاردنی زۆرخراپدابین، کاڵاو شمەکی دوو دووژمن کەرەستەی سەرەکی بەکارھێنانمانە! پارە و داھات و داراییەکەمان دەخەینە گیرفانی ئەوانەی لە خانەقین و خورماتوو و کەرکوک و گرێ سپی و کۆبانی ڕەشە کوژمان دەکەن..
جا ئەم پرۆسەی ڕەتکردنەوەی کاڵای دوژمنە لە ڕێگریکردن لە غەزووی فیکرییەوە دەست پێدەکات، نابێت بایکۆتی کاڵای ئێرانی بکەین و ببینە مشتەریەکی چەوری کاڵای تورکی وە بەپێچەوانەشەوە، دەبێتە باشتر خۆمانببینین و بناسین، تا ئەوەی لەوەش باشتر تێبگەین کە ئێران و تورکیا و کورد کوژەکانیتریش بۆ ئێمە ھیچ جیاوازییەکیان نیە.
چارەسەری ڕەستەقینەش بۆ ئەم دۆخە پڕقەیرانە، پەرەپێدان بە بەرھەمھێنانی ناوخۆی چارەسەرێکی گرنگە و دەبێت لە وردەکارییەکانی بکۆڵینەوە، وە کۆتای بە ھێنانی بە لێشاوی کاڵاو شمەکی بێگانە بھێنین، بە تایبەت لە پرسی کەرەستە سەرەکیەکانی بەکاربرد، لەسەرو ھەمووشیانەوە پرسی زامنکردنی ئاسایشی خۆراک.
Top