رێکخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی) لە سووریا دوای کشانەوەی ئەمریکا

رێکخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی) لە سووریا دوای کشانەوەی ئەمریکا
بە پێچەوانەی ئەو قسانەی کە لە لێدوانەکانی سەرۆک ترەمبدا ھاتبوون بە درێژایی نیوەی ساڵی رابرددوودا،رێکخراوی(دەوڵەتی ئیسلامی) بە تەواوی تێک نەشکاوە، راستە رێکخراوەکە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٥ ئەو ھێزو توانایەی نەماوە، بەڵام زۆر بە خێرایی خۆی رێکدەخاتەوەو ھەوڵدەدات ھەزاران ئەندامانی لە زیندانەکان قوتاربکات، بۆیە ئەو بۆشاییەی کە لە ئەنجامی کشانەوەی ئەمریکاو لەشکرکێشییەکەی تورکیا درووستبووە بوارێکی زۆرتری بۆ ئەم مەرامە ھێناوەتە ئاراوە، لەکاتێکیشدا کێشە بنەڕەتییەکە زیاتر دەکات تایبەت بەوەی کە دەوڵەتان حەزناکەن مامەڵە لەگەڵ ھاووڵاتیانیان بکەن ئەوانەی چوونەتەوە ریز داعشەوەو لە سووریادا ماون، بۆیە لەپێناو ئەوەی کە جیھان باسی ئەوە نەکات کە ئیدارەی ترەمپ رێگەی داوە بە گەڕانەوەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و رەنگە ھێرشی بەکۆمەڵیش لە ئەوروپا یان ھەر دەوڵەتێکی دیکە بکات، ئەوا پێویستە لەسەر سەرۆکی ئەمرکا و حکومەتەکەی کە رێکاری بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھێزەکانی سووریای دیموکرات- بکات کە - ھاوبەشی ئەمریکایە لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوەکە- کە تا ئێستا بەردەوامە.
لەو وتارەی کە ئەبو عومەر بەغدادی سەرۆکی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق لە نیسانی ٢٠٠٧ ستایشی لێھاتوویی رێکخراوەکەی تێدا کرد کە ھەر خۆڕاگر بن ھەتا ئەگەر تووشی مەینەتی و لەناوچوونیش بێن، ئەمەش بووەتە سەرچاوەی دروشمە بەناوبانگەکەی دەوڵەتی ئیسلامی(ھەر دەمێنێت)، بە رای ئەو، ئەم دروشمە ھانی رێکخراوەکەی داوە کە زیاتر پێی قایم بکات و ھێزو توانای تازە بکاتەوەو رووبەڕووی دوژمنەکانی ببێتەوە، بۆیە بە راستی لەکاتێکدا کە دواتر سەحوەی عەشایرەکانی سوننە و زیادبوونی ھێزەکانی ئەمریکا بوونە ھۆی کوشتنی لەناوبردنی تەکتیکیی رێکخراوەکە لە عێراق، دواجار ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی تێگەیشتن کە ئەم جۆرە سەرکەوتنانە گومڕایین، چونکە کاتێک دوا ھێزی ئەمریکا لە کانونی یەکەمی ٢٠١١ دا عێراقی بەجێ ھێشت، زۆر کەس لەو باوەڕەدا نەبوو کە ناچاردەبێت دوای کەمتر لە سێ ساڵ جارێکی دیکە بگەڕێتەوە، کاتێ رێکخراوەکە بەناوی (دەوڵەتی ئیسلامی) سەرھەڵدەداتەوەوناوچەیەکی فراوانی عێراق و سووریا داگیردەکات، سەرباری ئەو زیانە گەورانەی بەم دواییە بەر ئەو گروپە کەوتن کە زۆر زیاتر بوون لەوانەی لە دەیەی رابردوودا بەری کەوتبوون، بەڵام ھەر دوو ئەزموون تا رادەیەک لێک دەچن تایبەت بە ئەندامەکانی، ئەم رێکخراوە وێڕای ئەو زیانانە لەو کاتەدا پلانێکی بۆ خۆڕاگریی دانابوو، ئێستاش پلانی ھەیە کە دەبێت ئارامگرو لەسەرخۆ بێت و دەرفەتی گونجاو بۆ خۆی ھەڵبژێرێت.
رەنگە ئەم ییرکردنەوەیە بە باشترین وێنە بەرجەستەبێت لەو وتارەی کە ئەبو محەمەد عەدنانی وتەبێژی کۆچکردووی دەوڵەتی ئیسلامی رایگەیاندبوو، کە یەکێک بوو لە لایەنگرانی خۆڕاگریی رێکخراوەکە بە رووی ئەو شکستەی لە ئایاری ٢٠١٦ بەری کەوت، واتا نزیکەی سێ ساڵە کاتێ دەوڵەتی ئیسلامی بە یەکجاری کۆنتڕۆڵی خاکی سووریای لەدەست دا، ئەو گوتی: (سەرکەوتن شکستی نەیارە) دواتر پرسیاری لە ئامادەبووان کرد، (ئایا ئێمە شکستمان ھێنا کاتێ شارەکانی عێراقمان لە دەست چوو و لە بێ ھیچ شارو خاکێک لە بیابان ماینەوە؟ ئایا شکست دێنین ئەگەر موسڵ و سرت یان رەقەمان لەدەست چوو؟ بە دڵنیاییەوە نا، شکستی راستی لەدەستدانی ئیرادەو حەزی شەڕکردنە، بۆیە سەرەڕای ئەو جیاوازییە لۆکاڵی و جیۆسیاسییانەی نێوان ئەو دوو حاڵەتە، بەڵام دیارە ئیدارەی ترەمپ ئەو دینامیکیانەی ئێستای سووریا وەک خۆیان نابینێت: دووبارەبوونەوەیەکی ئاشکرایە لەوەی کە لەنێوان ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٤ رووی داوە.
چالاکیی رێکخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی) لە سووریا دوای کەوتنی باغۆز
بەر لە ماوەیەکی زۆر لەو زیانەی بەر داعش کەوت کاتێ ئەو خاکەی، لە باغۆزی سووریا لەژێر کۆنتڕۆڵیدا بوو، لە دەستی دا، ئیدی رێکخراوەکە چەند رێکارێکی کارای گرتەبەر بۆ بەھێزکردنەوەی ھەیکەلبەندیی رێکخراوەیی تا بتوانێت وەک گروپێکی تیرۆریستیی نھێنی و یاخیبوو خۆی رابگرێت. بۆیە بە پێچەوانەی رابردوو کە کردەکانی وەک گروپ لە(ویلایەتەکان) و لەناو وڵاتێکی دیاریکراو ئەنجام دەدا، رێکخراوەکە پرۆسەی بڕیاردان و کردەکانی ئاسان کرد ئەویش لەمیانی تێکەڵکردنی ھەموو ویلایەتەکانی سووریا لە یەک قەوارەدا بە ناوی(ویلایەتی شام).
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوەکە چەندین ھێرشی لەناو ئەو خاکە ئەنجام دا کە یان لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی دیموکراتی سووریادایە، یان لای رژێمی ئەسەد یانیش تۆڕی بریکارەکانی ئێراندا بوو، بۆیە لە ئادارەوە تاکو نیوەی مانگی تشرینی یەکەم بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو جۆرە ھێرشانەی لە چەند پارێزگا ئەنجام داوە:٣٢١ لە دێرەزور، ١٠٠ لە حەسەکە، ٩٨ لە رەققە، ٣٢ لە حومس، ٩ لە حەلەب، ٨ لە دەرعا، ٣ لە دیمەشق.
ھاوکات لەگەڵ ئەو کردانەی داعش، پێشەنگی بنەڕەتیی ئافرەتانی پشتیوانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ھاوکار و پارێزەری چالاکیی رێکخراوەکە بوون لەو خێوەتگایانەی کە ئەو خێزانانەیان تێدابوو کە باغۆزیان جێ ھێشتبوو. زۆربەی ئەو ئافرەتانەش لە (ھۆل) بوون، کە خێوەتگەیەکی باکووری رۆژھەڵاتی سووریایەو ٦٨٠٠٠ کەسی تێدایە. لەوێدا بیانییەکان لە سووری و عێراقییەکان جودادەکرێنەوە، لەنێو ئەو پاشکۆ بیانییەشدا بەشێک ھەیە بەناوی(چیای باغۆز)، کە لایەنگرانی رێکخراوەکە ئەوانەی زۆر باوەڕیان بە پرسەکە ھەیە ھەوڵیانداوە پارێزگاری لێ بکەن ئەویش بە کۆنتڕۆڵکردنی خاک و بەردەوامبوون لەو پەڕی حوکمکردنی دڕندەییدا لە شێوەی یەکەکانی پێشووی دەوڵەتی ئیسلامی وەک(لیوای خەنسا) کە ئەو ئافرەتانە لە ریزی یەکەمدا کاردەکەن وەک ئەندام لە دەوریەی حەسبە(واتا پۆلیسی رەوشت). ھەروەھا دادگایەکی نھێنیش بەڕێوەدەبەن لەنێو خێوەتگاکەیاندا، ئەو تۆڵەکردنەوە نایاساییەش بووە ھۆی کوشتنی دەیان ئافرەت و منداڵ لە ماوەی نێو ساڵی رابردوودا، لە ھەمان کاتدا، ئەو ئافرەتانە وانە بە منداڵان دەڵێنەوە بەو ھیوایەی لە ئاییندەدا کەسی جیھادییان لێ پەروەردە بکەن.
ئەوەی کە دۆخەکە لە (ھۆل) و خێوەتگاکانی دیکەی سووریا توندتر دەکات ئەوەیە کە واقیع حاڵە، چونکە سەرۆکی ئێستای رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ئەبوبەکر بەغدادی لە نیوەی مانگی ئەیلوولدا داوای لە چەکدارانی کرد کە ھەر کاتێ پێویست بوو لایەنگرانی قوتاربکەن، ئەوەش سیناریۆیەکە کە ئەگەرێکی زیاتر بوو دوابەدوای پەلاماری ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر سنوور. جا لەپێناو ئەوەی بەرگری بکرێت لە چەکداران و خێزانەکانیان بە رووی ئەو پرۆسەیەدا، گروپە کوردییەکان کە سەرۆکایەتیی(ھێزەکانی سووریای دیموکرات) دەکەن دەستیان کرد بە دابەشکردنەوەی چەند بڕە کۆمەکێکی دارایی کە پێشتر بۆ پاراستنی خێوەتگاکان تەرخان دەکرا.
لە ١٣ی تشرینی یەکەمدا، واتا دوای چەند رۆژێکی کەم لە دەستپێکردنی لەشکرکێشییەکەی تورکیا، زیاتر لە ٧٠٠ ئافرەت و منداڵی بیانی خێوەتگەی (عێن عیسا)یان بەجێ ھێشت و پاسەوانەکانیش لێی کشانەوە، ھەندێک راپۆرت دەڵێن کە سێ ئافرەتی بە رەچەڵەک فەرەنسی جارێکی دیکە ھاتوونەتەوە ریز چالاکانی دەوڵەتی ئیسلامی، پێشبینی دەکرێت کە رێکخراوەکە بەردەوام بێت لە پاراستنی زیندانەکان، نەک تەنیا لە خێوەتگەکانی ئافرەتان، بەڵکو لەو زیندانانەی کە پیاوەکانیان تێدان.
کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا بە پاساوی بەدواداچوون، ھەڕەشە لە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات، ئەمەش قەناعەتی لایەنگرانی گروپەکە بەھێزتردەکات کە گوایە ئەوەی روودەدات ویستێکی خوداییە، کاتێک رێکخراوەکە لە ئاداری رابردوودا باغۆزی لە دەست دا ، وتەبێژی رێکخراوەکە ئەبو حەسەن موھاجر رایگەیاند( پشت بە خوا تا ئێستا رۆڵەکانی خەلافەت دەیسەلمێنن کە وەک تاشەبەرد خۆڕاگرن کە ھاوپەیمانیی کافران تێک دەشکنن و لەناو دەچن..). ئەو زیاتر گوتی: (زیانەکە تەنیا تاقیکردنەویەەکی خودایی بوو تاکو یارمەتیمان بدات بۆ پاککردنەوەی ریزەکانی رێکخراوەکە: سەرکەوتن لە ئارامگرتنەوە دێت، حەسانەوەش دوای مەینەتی.. بە ئارامگرتن بەڵێنەکان دێنەدی). بڕیارەکەی کۆشکی سپی بە کشانەوە لە (باکووری سووریا) تەنیا ئەم خۆڕاگرییە بەھێزناکات، بەڵکو یارمەتیی چەکدارانی رێکخراوەکە دەدات کە دەکرێ بگوترێت کە زۆر بەھێز بوونەو بەڵگەی ئەوەیە خوا لە پشتیانەوەیە.
خۆپارێزیی لە خراپترین ئەنجام
زەحمەتە پێشبینی ئەوە بکرێت چۆن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بەو خێراییە گەڕاوەتەوە، سەرباری ئەو پەرەسەندنە خێراییانەی لە خاکی رۆژھەڵاتی سووریا روویانداوە، لەگەڵ ئەوەشدا، کێشەی سەرەکی کە لە بنەڕەتدا روونە ئەوەیە: لەسایەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکاو بەردەوامبوونی ھێزەکانی سووریای دیموکرات لە شەڕدا بەھۆی لەشکرکێشیی تورکیا، کێ رووبەڕووی ئەو یاخیبوونە ھەرە چالاکە دەبێتەوە و جارێکی دیکە ئەو ھەڵمەتە رێکدەخاتەوە بەرامبەر ئەو کردانەی دەوڵەتی ئیسلامی لەوەتەی چەند مانگێکە ئەنجامیان دەدات؟
ئەگەر تورکیا ئامادەبوایە ئەو رۆڵە ببینێت، ئەوا پێش پێنج ساڵ ویلایەتیە یەکگرتووەکان یارمەتیی دەدا، بەڵام لەجیاتی ئەوە، واشنتۆن بڕیاری دا شەراکەت بکات لەگەڵ ھێزەکانی سووریای دیموکرات کە کورد سەرکردایەتیی دەکات، ئەمەش لەلایەن ئەنکەرەوە رەت کراوەتەوە. ئێستا لەشکرکێشیی تورکیا رووداوگەلێکی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا کە یارمەتیی رێکخراوەکە دەدەن، ئەمەش ئاماژەیەکیشە بۆ ئەوەی کە ئەنکەرە راستگۆ نییە کاتێ پەیمان دەدات رووبەڕووی رێکخراوەکە دەبێتەوە.
کەواتە ئەو رۆڵە چییە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دوای کشانەوەی دەیگێڕێت؟ لەلایەک پێویستە ھەوڵ بدات بە پێی توانا بەردەوام بێت لەو ھەڵمەتە ئاسمانی و وشکاییانەی کە پێشتر دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە رێی عێراق و ئوردنەوە ئەنجامی دابوون، ئەمەش مایەی نیگەرانیی زۆرە بۆ ئەوانەی لە زیندان و خێوەتگاکاندان لە سووریا. چونکە زۆر کەسی بیانییان تێدایە، کە پێویستە حکومەتی ئەمریکا ھەوڵی زیاتر بدات بۆ دەست نیشان کردنی ئەوانەی لە خێوەتگای عێن عیسا ھەڵاتوون، لە ھەمان کاتدا دڵنیابوون لەوەی کە دامەزراوەکانی دیکە لە رووی ئەمنییەوە پەکیان ناکەوێت و ئەو ھەڵاتنە بەکۆمەڵە دووبارە نابێتەوە.
ئەو ئەرکەی دواییش پێویستی بە چارەسەری نێودەوڵەتی ھەیە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تەنیا دەتوانێت سەرکردایەتییەکی پێویست دەستەبەربکات بۆ قایلکردنی دەوڵەتانی ئەوروپی و عەرەبی کە پێویستە ھاووڵاتییانیان بگەڕێننەوە کە دادگاییان بکەن یانیش رێکیان بخەنەوەو بیانگەڕێننەوە نێو ژیانی ئاسایی ، ئەم کارە بەکۆمەڵەش کاریگەریی دەبێت لە کەمکردنەوەی خەرجیی پێویست بۆ بەردەوامبوون لە بەڕێوەبردنی زیندان و خێوەتگاکان، ھەروەھا سووککردنی فشار لەسەر پاسەوانەکان، سنوورێکیش دادەنێت بۆ ئەگەری گەڕانەوەی ئەو ئەندامانەی کە زۆر توندڕەون لەنێو رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ تازەکردنەوەی ریزەکانی گروپەکە، ئەوکاتیش ئیدارەی ترەمپ دەتوانێت پاشگەزبێتەوە لە ھەڵە زۆرەملێیەکەی گرتییەبەر بە کشانەوەی ھێزەکانی بە شێوەی ھەڕەمەکی، دوای تەنیا چەند مانگێک لە وەدیھێنانی سەرکەوتنی سەربازی و مێژوویی دژی رێکخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی).

* لە ماڵپەڕی پەیمانگەی واشنتۆن وەرگیراوە



وەرگێڕ: بەهائەددین جەلال
Top