سەرۆکایەتی ھەرێم چەتری کۆکردنەوەی ھێزە سیاسییەکان

سەرۆکایەتی ھەرێم چەتری کۆکردنەوەی ھێزە سیاسییەکان

تادێت دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەبێت، زمانی ھێز ھەژموونی زیاتر و قوڵتر دەبێت بەسەر کێشەکانەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم وێستگەیە، وێستگەی قەلەقی سیاسیی و نەمانی دڵنیاییە، لەبەرامبەردا لۆژیکی دیالۆگ لە پاشەکشەدایە، ڕوگەی بەرژەوەندیخوازی بۆتە سیمای دیاری سیاسەتکردنی دەوڵەتان، لۆژیکی ھێز و بەرژەوەندی پێگەی دیموکراسی لەقکردوە، پرسی دیموکراسی و بەھەند وەرگرتنی بنەماکانی مافی مرۆڤ کەمتر گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، قەلەقی و گومانەکانمان لە شوێنی خۆیەتی.
ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم کوردستان لەگەڵ سەرۆک و بەرپرس و سکرتێر و کەسی یەکەمی پارتە سیاسیەکان کۆبوویەوە، بۆ گفتوگۆکردنی دۆخی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە، ڕوانگە و ڕەھەندی گەشی کۆبوونەوەکە بەشداری تەواوی ھێز و لایەنە سیاسییەکان بوو، بە نووێنەری پێکھاتە جیاوازەکانیشەوە، لایەنی گەشی کۆبوونەوەکە ھاودەنگی دەزگای سەرۆکایەتی ھەرێم و حزبە سیاسییەکانە لە بەھەند وەرگرتنی ئاڵۆزی دۆخەکە و حسابکردن بۆ ئەگەرە جیاواز و کراوەکان، لەوەی ھەرێمی کوردستان لەوپەڕی ئامادەباشیدابین بۆ ھەر ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەک.
سەرۆکایەتی ھەرێم وەک باڵاترین دەسەڵاتی جێبەخێکردن لە ھەوڵی ئەوەدایە لەوەھا دۆخێکدا لایەنی کەم ھەرێمی کوردستان و دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە ئاستی ناوخۆ لە ھەوڵی یەکخستنی تواناکاندایە، لە ئاستی پەیوەندییە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکانیش سەرۆکی ھەرێم ھەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ دروستکردنی ھاودەنگیەکی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی دۆزی کورد بەتایبەتی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان کەلەبەردەم گەلەکۆمەیەکی ئیقلیمی دوژمناکارانەدایە.
شیاوی بیرھێنانەوەیە کە ھێزە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان ھەمیشە داکۆکیان لە یەکڕیزی و کۆدەنگی کردۆتەوە بەتایبەت لە مەڕ ئەوپرسانەی ڕەھەندی نیشتمانیان ھەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک سەرمەشقی کوردایەتی پێشڕەوی گوتاری یەکگرتن و پێکەوەکارکردن و پێکەوەژیانە لە کوردستان، بەتایبەت سەرۆک مسعود بارزانی ھەوڵ و تەقەلاکانی شیاوی ڕێزن لە یەکستنی دەنگ و ڕەنگی ھێزە نیشتمانپەروەرەکان، لە خوێندنەوەی ئەگەر و پێشھاتەکان و ئامادەباشی کورد بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی بژاردە و ئەگەرە جیاوازەکان.
Top