هاوبەشیی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت میكانیزمێك بۆ كەمكردنەوەی بارگرانیی دارایی و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان
October 15, 2019
وتار و بیروڕا
حكومەت بۆ كەمكردنەوەی بارگرانیی دارایی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی، پێویستە بیر لە میكانیزمێكی نوێ بكاتەوە، میكانیزمێك كە بە شێوە كلاسیكییەكەی ئێستا نەبێت، كە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی وەكو رێگاوبانەكان یان دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانەكان بە تەندەر و بە شێوەی گرێبەست سەرجەم كارەكانی بە كەرتی تایبەت راسپێردرێت و بە شێوەی سولفە پارەكەیان پێ بداتەوە، لەم حاڵەتەدا كە تا راددەیەك شوێنەواری قەیرانی دارایی لە سەرمان كەم نەبووەتەوە و حكومەت ئەو بڕە پارەیەی لە بەردەستدا نییە كە بۆ بونیاتنانی ژێرخانی هەرێم پێویستە، بە راددەیەك هەندێك سەرچاوە تێچوونی بونیاتنانی ژێرخانی كوردستان بە نزیكەی 30 ملیار دۆلار دەخەمڵێنن، ئەمە جگە لەوەی ئەم شێوە كلاسیكییە بۆ بەڕێوەبردنی جێبەجێكردن و بەڕێوەبردنی پرۆژەكان بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی گەشەی ئابووری هاندانێكی كەرتی تایبەتیشی تێدا نییە. لە بەرامبەریشدا بەردەوام هەرێم پێویستی بە دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی و پرۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و فراوانبوونی ئەم پرۆژانە هەیە، كە هەر هەمووی دەچێتە قاڵبی پرۆژەكانی ژێرخان و گەشەی ئابوورییەوە.
بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیا بیرۆكەی پرۆژەی (هاوبەشی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت)یان جێبەجێ كرد، كە لە بنەڕەتدا بیرۆكەیەكی بەریتانی بوو، دواتر زۆر وڵاتی دنیا و بە وڵاتانی توركیا و ئوردن و قەتەریشەوە پەیڕەویان كرد، لە هەرێمی كوردستانیشدا ئەم بیرۆكەیە لە كەرتی كارەبا و لە رێگەی كۆمپانیای (ماس)ی ئەحمەد ئیسماعیل جێبەجێ كرا و چەندین وێستگەی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەبا دامەزرا. ناوەڕۆكی بیرۆكەی هاوبەشیكردنەكەی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت ئەوەیە كە حكومەت هەڵدەستێت بە پێدانی ئەو خزمەتگوزارییانە بە كەرتی تایبەت و ئەركی دروستكردنی پرۆژەكە و تەمویلكردن و ئیدارەدانی و گەیاندنی بۆ هاووڵاتیانی پێ دەسپێردرێت، ئەمەش بەپێی ئەو گرێبەستە جیاوازانەی كە بۆ ماوەی 15 تا 20 ساڵ دەخایەنێت، هەربۆیە لە چوارچێوەی سیاسەتە گشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە شداریپێكردنی زیاتری كەرتی تایبەت لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكاندا، پێویستە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش خۆیان لەو شێوە كلاسیكییەی ئێستا دەرباز بكەن، بەتایبەتی لە بواری شێوازی كۆنی تەندەر و گرێبەستەكاندا، كە بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەكان نییە و پڕۆسەكە زۆر شەفاف نییە و هەڵە و كەموكورتییشی تێ دەكەوێت، پێویستە پڕۆسەی تەندەر و گرێبەستەكان بە ئەلیكتڕۆنی بكرێن و هەموو كەس لە هەرشوێنێكی دنیادا بێت و كەرتی تایبەت بێت، بتوانێت داخڵی ئەو كێبڕكێیە ببێت و هیچ كێشەیەكی گەندەڵی و كەموكورتی تێدا نەبێت، هەروەها پێویستە بیر لە بیرۆكە نوێیەكانی وەكو پرۆژەی بەهاوبەشیكردنی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بكەینەوە، بۆ نموونە: دەكرێت هەندێك لەم پرۆژانەی وەكو دروستكردنی قوتابخانە و رێگاوبان و پڕۆژەكانی دیكەی بچووك و مامناوەند و تەنانەت و پرۆژە گەورەكانی ئاودێری و بەنداو و كشتوكاڵ و رێگای خێرا، هەندێكی دیكەیان بە میكانیزمێكی نوێ جێبەجێ بكرێن، كە میكانیزمی كەرتی تایبەتە، بزنێسكار و وەبەرهێنەران هان بدرێن تا وەبەرهێنان لەو پرۆژانەدا بكەن و بیفرۆشنەوە بە حكومەت، یان راستەوخۆ بیفرۆشنەوە بە هاووڵاتیان، ئەگەر سەیری رێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستان بكەین، بەتایبەتی رێگاوبانەكانی نێوان هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی، بە تەئكید رێگاوبانێكی باش نین و لە رووی كوالێتی و سەلامەتییەوە كەموكورتیی زۆریان هەیە و بەرزونزمی و هەوراز و نشێوی زۆریان تێدایە و شوفێرەكان ماوە و كاتێكی زۆریان دەوێت تا دەگەنە شوێنی مەبەست، دەكرێت لە تەنیشت مانەوەی رێگا كۆنەكە رێگایەكی پێشكەوتووی مۆدێرن لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە بە ستانداردی نێودەوڵەتی دروست بكرێت، كە بێگومان بڕە پارەیەكی زۆری دەوێت، بۆیە لە توانای دارایی حكومەتدا نییە، دەكرێت هاووڵاتیان بۆ بەكارهێنانی ئەم رێگایە بڕە پارەیەكی كەم بدەن لە شوێنەكانی كۆنتڕۆڵ، ئەو بڕە پارەیەش لە نێوان وەبەرهێنەكە و حكومەت دیاری بكرێت، یان پڕۆژەیەكی دیكەی وەكو پاككردنەوە و چارەسەركردنی پیسبوونی ئاوی تانجەرۆ لە پارێزگای سلێمانی، كە نزیكەی 200 بۆ 300 ملیۆن دۆلاری پێویستە و رەنگە دواخستنی ئەم پرۆژەیە زیانێكی گەورەتری ژینگەیی و تەندروستیی هەبێت، لە ئێستاشدا حكومەت توانای دارایی نییە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی لەم جۆرە، بۆیە دەكرێت كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت بهێندرێت و ئەو ئاوە پیسبووە پاك بكاتەوە و بەشێكی ئاوەكە بۆ ئاودێری و بەشەكەی دیكەی وەكو پاشماوەی قورس بۆ پەیینی كشتوكاڵی بەكاربهێندرێتەوە، حكومەتیش بۆ ماوەیەكی درێژخایەن گرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەدا بكات و لە بەرامبەر پاككردنەوەی هەر لیترە ئاوێكدا بڕە پارەیەكی بداتێ.
جۆرەكانی هاوبەشیی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت
1. بەكرێدان .
2. دروستكردن و بەكارخستن.
3. بەتایبەتكردنی فرەیی (بێسنوورە لە ماوەدا).
4. گرێبەستەكانی خزمەتگوزاری، یان بەڕێوەبردن.
بنەماكانی سەركەوتنی پرۆژەی هاوبەشی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت
بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆژەیە پێویستمان بە كۆمەڵێك بنەما هەیە كە گرنگترینیان بریتین لە:
1. ژینگەیەكی دروستی یاسایی :دەركردنی “یاسا “بۆ پرۆژەكە گرنگە، چونكە یاسایەكی لەمشێوەیەمان نییە، ئەوەی هەیە تەنیا رێنمایی جێبەجێكردنی گرێبەستە گشتییەكانە كە لە پاشكۆی گرێبەستەكاندا ئاماژەیەك بە میكانیزمی چۆنێتی هەڵسەنگاندنی پرۆژەكان كراوە، كە بە چ شێوەیەك تەندەر و ئیحالە و وردەكاریی پرۆسەكە بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا من لەگەڵ ئەوەدا نیم كە بۆ پرۆژەی هاوبەشیكردنی كەرتی گشتی و تایبەت لەئێستادا پەلە بكرێت لەدەركردنی یاسادا، چونكە ئەزموون و مومارەسەی باشمان نییە لەسەر پرۆژەكانی ppp و میكانیزمی جێبەجێكردنی، لەم حاڵەتەشدا كە شارەزایی و مومارەسەمان نییە، رەنگە خودی یاساكە كەموكورتی تێبكەوێت و پێویستی بە هەمواركردنەوە هەبێت، چونكە ئەگەر دەركردنی یاسا ماوەیەكی زۆری بوێت، دووبارە هەمواركردنەوەشی ماوەیەكی زۆرتری ناوێت.
2. سەركەوتنی ئەم پرۆژەیە پێویستی بە سەركردایەتی هەیە لە بەرزترین ئاستەكاندا.
3. پێویستە پرۆژەكان بۆ بەكارهێنەران هەرزان بێت، هەروەكو چۆن پێویستە قازانجی پێویستیش لەخۆبگرێت، تا سەرنجی وەبەرهێنەرەكان رابكێشێت، واتا هاوسەنگییەك لەنێوان هەرزانی و قازانج لەخۆ بگرێت.
جێبەجێكردنی پرۆژەكە
هاوبەشیكردنی كەرتی گشتی و تایبەت پێویستی بە سیستەم و چوارچێوەیەك هەیە، كە لەو چوارچێوەیەدا ئاماژە بە سیاسەتی حكومەت بكرێت لە دەستنیشانكردنی ئەو سێكتەرانەی كە دەمانەوێت كەرتی تایبەت هاوبەشیمان لەگەڵ بكات و شێوەی پرۆژەكانیش دیاری بكەین، بۆ نموونە: ئێمە دەمانەوێت كەرتی تایبەت بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە هاوبەشیمان بكات، دەبێت بە یاسا و رێنمایی دڵنیا بدەین بە كەرتی تایبەت كە چۆن پارەكە وەردەگرێتەوە، هەروەها دڵنیاییش بدەین بە بەكارهێنەران هاووڵاتیانن تا بزانن چ سوودێكی بۆ ئەوان دەبێت و بارگرانی لە سەریان دروست ناكات، دەكرێت ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی لێژنەیەكی باڵاوە ئەم هاوبەشییە جێبەجێ بكات و ستراتیژییەت بۆ سەركەوتنی دابڕێژێت، بەتایبەتی لەبوارەكانی:
دڵنیایی بدات بە وەبەرهێنەران.
هانی لایەنە پەیوەندیدارەكان بدات.
دەسەڵاتی یاسایی تەواو بە حكومەت بدات.
پرۆسەكە روون بێت.
كۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردنی مەترسییە داراییەكان بكات.
بە شێوەیەكی گشتی هەرچەندە جۆر و شێوازی جۆراوجۆر لە نێوان هاوبەشیی كەرتی گشتی و تایبەت هەیە، بەڵام لە هەموو جۆر و شێوەكاندا رۆڵی چاودێری و بەدواداچوونی رێنماییەكانی حكومەت هەر دەمێنێت، ئەگەر خزمەتگوزارییەكان بە پێی ئەو ستانداردە نەبوو كە حكومەت پێشتر دایناوە، دەكرێت غەرامە، یان سزای یاسایی وەبەرهێنەكە بكات. بیرۆكەی هاوبەشیی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لەگەڵ ئامانجەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەشداریكردنی كارای كەرتی تایبەت لە پرۆژەكان و بووژانەوەی ئابووریدا یەك دەگرێتەوە، چونكە لەم پرۆسەیەدا هەر سێ لایەنی حكومەت و كەرتی تایبەت و بزنێس لێی سوودمەند دەبن، حكومەت بارگرانیی دارایی و بەڕێوەبردنی لەسەر كەم دەبێتەوە و كەرتی تایبەت بەشدار و قازانج دەكات و هاووڵاتیانیش خزمەتگوزارییەكی باش و رێكوپێك و بەردەوام و بە كوالێتییەكی بەرزیان دەست دەكەوێت، لە بەرامبەر بڕە پارەیەك كە دەكرێت میكانیزمێكی وای بۆ دابنرێت، كە بارگرانی لە سەر شانی هاووڵاتیان نەبێت، ئەمە جگە لە بەگەڕخستنی سەرمایە و دەستەبەركردنی هەلی كاری نوێ و دامەزراندنی گەنجەكان لەو پرۆژانەدا، لە لایەكی دیكەوە دەبێت حكومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كار بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری بكەن، هەروەكو چۆن لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا هاتووە، ئەمەش رێگایەكی گرنگە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی، چونكە پشتبەستن بە یەك سەرچاوەی داهات كە نەوتە و نرخەكەی جێگیر نییە و بە بەردەوام مەترسیی داشكانی لێ دەكرێت، ئابوورییەكەمان تووشی قەیران دەكاتەوە، ناكرێت هەموو هێلكەكان بخەینە ناو یەك سەبەتەوە. فرەچەشنكردنی ئابووری پێویستی بە مەكینەیەك هەیە، كە پێی دەگوترێت كەرتی تایبەت و گەشەسەندنی ئەم كەرتەیە و، هیچ رێگایەكی دیكەمان نییە.
(*)بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان