هەنگاوەكانی كوردستانێكی بەهێز، بەرەو لووتكەیە..
October 13, 2019
وتار و بیروڕا
بونیاتنانی كوردستانێكی بەهێز نەك هەر خواست و ویستێكی ناوخۆییە، بەڵكوو پاڵپشتیی نێودەوڵەتیشی هەیە. بێگومان بەرزكردنەوەی ئەو دروشمە لەلایەن گەورەترین پارتی كوردی لە هەرێمی كوردستان، نیشانەی ئەوەیە كە ئەو كوردستانە بەهێزەی خواست و ئامانجی كوردستانیانە، قوتابخانەی كوردایەتی بە سەركردایەتیی بارزانیی زەرورەتێكی مێژووی بۆ رابەرایەتیكردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان دامەزرا، لەم پێناوەشدا بە زۆر قۆناغی جۆراوجۆر گوزەری كرد و هەوراز و نشێوی زۆری بینی بەڵام هیچ كات نە بە شكست بێ ئومێد بوو، نە بەسەركەوتنیش مەغروور بوو، هەر ئەمەش نهێنی سەركەوتن و مانەوەی پارتییە بە بەهێزی.لە قۆناغێكی وەك ئێستای كوردستانیشدا نەیارانی پارتی لێرەو لەوێ گرەویان لەسەر لەناوبردن و مەرگی پارتی دەكرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا لە سایەیی حیكمەت و وردبینی سەرۆك مەسعود بارزانی خەونەكەیان نەهاتەدی و لە دوو هەڵبژاردنی گرنگ و جیاوازدا كە تەنها پێنج مانگ نێوانیان بوو پارتی وەك حزبی یەكەم لە هەرێمی كوردستان مایەوە، كە ئەمەش دەرئەنجامی سیاسەتی راست و دروستی پارتی و پاداشتی جەماوەر بوو بۆ هەڵوێستە نەتەوەییی و نیشتمانیەكانی كە چۆن لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا پارتی و سەرۆكەكەی توانیان كوردستان بپارێزن و لە شكست و بێ ئومێدیدا هیواو ئومێد و نەخشەرێگای سەركەوتن و گەرانەوەی بەهێز دروست بكەنەوە و بەسەر گرفتەكاندا سەركەوتن و خەونی خاكفرۆشانیان لە گۆرنا كە دەیانەویست كوردستان بدەنە دەست داگیركەران، گەر بەرگری پێشمەرگەكانی رێبازی بارزانی نەبوایە لە پردێ-سحێلا-مەحمودیە دیار نەدەبوو چارەنوسی كوردستان بە چی دەگەیشت، بەڵام لەم سەنگەرانەدا بوو كە پێشمەرگە سنوری بۆ خیانەت و داگیركەران دانا،خەڵكی كوردستان بە ئومێدەوە لە چوار ساڵی داهاتووی حوكمرانی كوردستان بروانن كە بەمەش وەك هەمیشە ئەركی پارتی قورستر دەبێت بۆ درێژەدان بە كاروانی ئاوەدانی و خزمەتكردن، چونكە رابردوو دەریخست كە پارتی لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان پێشەنگ بووە، بۆیە متمانەی پێدەدەن، كە هەر ئەمەش ئەركی پارتی قورستر و مكورتر دەكات بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و چاكتركردنی ژیان و گوزەرانیان . بەهێزی وسەركەوتن و بنیاتنانی كوردستانێكی بە هێز بەو شێوەیە مسۆگەر دەبێ و هاوسەنگی و كوالیتی ستاندارد هێزێكی گەورە بە كوردستان دەبەخشێ . نكۆڵی لەوە ناكرێت، كە ناوەندە سیاسیە نێودەوڵەتییەكان، لەسەر ئاستی باڵا، جەخت لەسەر تواناو لێهاتوویی و كارامەیی سێ كوچكەی دەسەڵاتی سیاسی لە كوردستان دەكەنەوە، كە پێكهاتوون لە: مەرجەع و رابەری نەتەوە جەنابی كاك مەسعود بارزانی و سەرۆكی هەڵبژێراوی هەرێم جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی دیاریكراو بۆ كابینەی حكومەتی هەرێم جەنابی كاك مەسرور بارزانی، كەزادەی مێژووی خەبات و قوربانیدانی نەتەوەی كوردو قاڵبووی ناو ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتین، لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی جێگەی برواو متمانەن، كەتوانیان گەلی كوردستان و قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی لە دژوارترین بارو دۆخدا بپارێزن و گەورەترین بەڵێن نامەی سیاسی كە ریفراندۆمە لە مێژووی كورد دا تۆمار بكەن. ئەو سێ كوچكەیە لە سەر شانۆی سیاسی ناوخۆیی وناوچەیی و نێو دەوڵەتیدا نوێنەرایەتی دۆزی رەوای كورد دەكەن، رەگەزی ئاشتی وسەقامگیریی سیاسی و پێكەوە ژیان و گەشە سەندنن.گرنگیشە لایەنە سیاسییەكان بە بەرپرسیاریەتی گەورەترەوە بۆ بەرژەوەندی باڵای كوردستان بیربكەنەوە و لە ئاست هەستیاری ئەم قۆناغەدا بن و پالپشت و پشتیوانی حكومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێزدار مەسرور بارزانی بن و هەوڵی جددیتر بدەن بۆ دەربازبوون لەم قۆناغەیە كە بە دڵنیاییەوە ئەزموونی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی روونتر هەنگاو دەنێت.