كورد بوون تاوان نیه‌

كورد بوون تاوان نیه‌

ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی چه‌وساوه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و جیهانین كه‌سمان نیه‌، خۆمان پاڵپشت و هێزین بۆ خۆمان، به‌ درێژایی مێژوو ئێمه‌ جه‌نگاوه‌ری ئازادی و جوانی بووینه‌ بۆ ئه‌وه‌ش قوربانی زۆرمان داوه‌ نرخی قوربانیه‌كانی ئێمه‌ هاوشێوه‌ی نیه‌و نه‌بووه‌، بۆیه‌ ناكرێت قوربانیه‌كانی ئێمه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ رووحه‌وه‌ عاشقی ئاشتی و ئازادی و جوانین، ئه‌وه‌ ئێمه‌ی كوردین وانه‌ی ئه‌خلاق و به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان ده‌ڵێنیه‌وه‌ به‌ وانی تر.
نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌رگیز قه‌رزداری ژیانی ئازادی نیه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر مافمان به‌سه‌ر ئازادیه‌وه‌ هه‌یه‌، خۆشه‌ویستی بۆ خاك ئه‌ركی هه‌ر تاكێكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی، چونكه‌ ئه‌وه‌ی مرۆڤی ئازاد و سه‌ربه‌ست له‌ مرۆڤی گه‌رۆك جیا ئه‌كاته‌وه‌ هه‌بوونی خاك و نیشتمانه‌.
كاروانی ئازادی دوورو درێژه‌ ڕێبوارانی ئه‌و رێگه‌یه‌ سه‌ره‌تا زۆڕن، به‌ڵام دواتر ژماره‌یان كه‌م ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ن كه‌ داری ئازادی به‌خوێن ئاونه‌درێت قه‌د به‌رناگرێت، بۆیه‌ هه‌ر زوو پاشه‌كشێ ئه‌كه‌ن له‌ بنه‌ماكانی ئازادی، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد ڕاست نیه‌، چونكه‌ هیچ خێزانێكی كورد نیه‌ قوربانی بۆ ئازادی سه‌ربه‌ستی نه‌دابێت، رووبه‌رووی كوشتن و بڕین نه‌بووبێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێن كورد بوون سه‌خته‌ و ئاسان نیه‌ له‌هه‌مانكاتدا كوردبوون شه‌ره‌ف و سه‌ربه‌رزیه‌، كه‌ ده‌لێین كورد بوون سه‌خته‌و ئاسان نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمانی گه‌له‌كه‌مان هه‌میشه‌ هێرشی نائه‌خلاقی و نا ئینسانی ئه‌كه‌نه‌ سه‌رمان و ئه‌یانه‌وێت خاكمان داگیربكه‌ن به‌ ناڕه‌وا.
هێرشی توركیا بۆسه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان و هه‌وڵدان بۆ سرینه‌وه‌ی كورد هه‌رگیز سه‌رناگرێت، چونكه‌ هه‌موو كات حه‌ق و ڕاستی سه‌رده‌كه‌وێت و دوژمن و نه‌یارانیش سه‌رشۆڕیان بۆ ئه‌مێنێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی جێگەی ئاماژەپیکردنە ئەو ووته‌یه‌ی رێزدار سه‌رۆك بارزانیە بۆ سه‌رۆكی ئه‌مریكا كه‌ فه‌رمووی "خوێنی كورد زۆر له‌ پاره‌و چه‌ك به‌هادارتره‌". ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر خاک پارێزی وخەمخۆری و رێزدار سەرۆک بارزانی بۆ نەتەوەکەی، به‌ڵام ئه‌فسوس ئه‌وان له‌ به‌های ویژدان و سۆزی ئێمه‌ بۆ شكۆمه‌ندی و ئازادی بێ باكن!!. بۆیە كاتی ئه‌وه‌یه‌ کورد بەتەواوی پارتە سیاسیەکان ده‌ست بخه‌نه‌ ناو ده‌ست له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان.
Top