چارەنوسی رۆژ ئاوا بە کوێ دەگات ؟
October 9, 2019
وتار و بیروڕا
هەموومان لەئاست ئایندەی رۆژ ئاوای کوردستان نگەرانین و ،هیواخوازین ولاتانی زلهێزی جیهان بەتایبەتیش ئەمریکا پشت لەکورد نەکات و سنورێک بۆ درندەیی و داگیرکاری تورکیا دابنێت .لەم سونگەیەوە چاودێری پێشهات و رووداوەکان دەکەین و ، چاومان بریوەتە تویتەکانی ترامپ و هەلۆیستی ولاتانی پەیوەندیدار بەکێشەی سوریاوە .بەلام جێگای داخە تا ئەم لەحزەیە هیچ هەلۆێستێکی رۆن لەو هێزو ولاتانەوە بەدی نەکراوە کە تورکیا ناجار بکات دەست لەو لەشکرکێشیە هەلگرێت بۆ سەر رۆژ ئاوای کوردستان .هوکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەمریکاو ولاتانی دیکەش بۆ خاتری کوردێکی هەژارو بن دەست و خاک داگیرکراو ،ئامادە نین دەست لەو بەرژەوەندیە فراوانانە هەلگرن کە لەگەل تورکیا هەیانە .بۆ ئەوان گرنگ نیە کورد چی بەسەر دێت و چارەنوسی بەکوێ دەگات ،بەلکو گرنگ ئەوەیە بتوانن بەرژەوەندیەکانی خویان لەناوچەکەدا گارانتی و دەستەبەر بکەن .بێ گومان ئەو بەرژەوەندیانەش بەکوردێکی خۆ خۆرو بن دەست و خاک داگیرکراو گارانتی ناکرێن .بەلام لەرێگای ولاتێکی وەکو تورکیاوە کەخاوەنی پێگەیەکی بەهیزە لەناوچەکەو جێهاندا ئەو بەرژەوەندیانە مسوگەرو گارانتی دەکرێن . کەواتە ئەگەر پیمان وابێ کورد بۆ ئەمریکاو ولاتانی دیکە دەبێتە بەدیل (ئەلتەرناتیف)ی تورکیا ئەوە ئێمە هەلەین .بویە قەد چاوەرێ ناکرێت ئەمریکاو ولاتانی ئەوروپا هەلۆێستێکی وا بنوێنن کە رێگری لەو دۆژمنکاریەی تورکیا بکات دژی رۆژ ئاوای کوردستان .بەم پێیە هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژ ئاوای کوردستان ئەگەرێکی نزیکەو رەنگە حەتمیش بێت .لەم بارودوخەدا کورد لەبەردەم دوو رێگادایە یەکەمیان ئەوەیە کە بچێتە شەرێکی نابەرامبەرو رێگای مقاومەت هەلبژێرێت و شەری مان ونەمان بکات .هەلبەت ئەمە رێگایەکی شەرەفمەندانەیە .بەلام کارەساتی گەورەی بەدوادا دێت وەکو ئەوەی عەفرین .ریگای دووەمیش ئەوەیە کە بێ هیچ رێککەوتنێک رێگا بەسوپای سوریا بدات بگەرێتەوە ناوچە کوردیەکان .من پێم وایە بەهۆی زال بونی سیاسەتی پ ک ک بەسەر بریاری رۆژ ئاوای کوردستانەوە ، ئەگەر دەرفەت مابێت ئەمە ئەگەرێکی چاوەروانکراوەو رەنگە پ ک ک بەراسپاردەی ئیران وەکو ولاتێکی کاریگەر لەسەر گۆرەپانی سوریا ئەم ریگایە هەلبژێرێت . ئەگەر پ ک ک نیازێکی وای نەبوایە دەبوو بەو پێشنیارەی فرانسا رازی بێت کە داوای کردبوو پێشمەرگەی رۆژ بگەرێتەوە رۆژ ئاوای کوردستان تا رۆلی خویان بگێرێت لەپاراستنی خاکی رۆژ ئاواو دوور خستنەوەی مەترسیەکان . هەلبەت ئەم دەست پێشخەریەی فرەنسا لەسەر داوای سەرۆک بارزانی بوو .سەرۆک بارزانی لەسونگەی خەمخوری پەروشیەوە بۆ ئایندەی رۆژ ئاوا فرانسای هێنایە سەرخەت و داوای لێکرد هیزەکانی رۆژ ئاوا رێک بخات .بەلام بەداخەوە پ ک ک بەهۆی ئەو پەیوەندیە گوماناویەی لەگەل ئێران و سوریا هەیە ئەو دەرفەتەشی لەبار برد. پ ک ک بەم سیاسەتە هەلەیەو بەکوپیکردنی واقعی قەندیل لەرۆژ ئاوا هەموو هەول و ماندی بونەکانی سەرۆک بارزانی و دلسۆزانی کوردی بێ ئەنجام کردو رۆژ ئاوای بەم دوخە هەستیارو مەترسیدارە گەیاند کە خوا دەزانێت چارەنوسی بەکوێ دەگات .