کۆتایی عێراق!

کۆتایی عێراق!

هاووڵاتیانی عێراق بە هەموو پێکهاتە نەتەوەی و ئاینی و مەزهەبیەکانیەوە تێرمان لە عێراقیبوون خواردوە!
کام سەردەم لە مێژووی دەوڵەتی بەناو عێراقدا سەردەمی زێڕینە؟! سەد ساڵ لە حکومڕانی عێراق تێدەپەڕێت و عێراق وەک دەوڵەت شكڵی نەگرت، عێراق چەندیتر کاتی دەوێت تا وەک دەوڵەت بوونی هەبێت؟ یان ئەوەی با پرسیارێکی جەوهەریتر بکەین و بڵێین عێراقی بەزۆر بەیەکەوە لکێنراو شیاوی ئەوەیە ڕۆژێک ببێتە دەوڵەت و مامەڵەی دەوڵەتداری بکات؟ عێراقیەکان پشووییەکی کورت بدەن؟ زۆرینەمان ڕەهەند و لاوازەیەکانی عێراق دەزانین، بە خەوشو کەموکوڕیی و دەلاقەکانی ئاشناین، نەهامەتی گەلانی عێراق لە ژماردن نایەن، ڕووداو و ڕەشەکوژی و کارەستە دڵتەزێنەکانیشی هەروا.
عێراق دوای سەدەیەک لە دروستبوون و بەزۆر تێکترنجاندنی ڕەگەز و پێکاتە جیاوازەکانی، دوای تاقیکردنەوەی چەند جۆرێک لە سیستمی حکومڕانی لە مەلەکیەت و کۆماری و بەناو عێراقی نوێ و پەڕلەمانی و فیدراڵ و دیموکراتی، دوای دەیان کودەتا و هەڵبژاردنی گشتیی، سەرئەنجام عێراق لە چێوەی دەوڵەتێکی ئارام و سەقامگیردا نەبینرایەوە، سەردارەکانی عێراق یەک سەدەیە یەک ئاواز دەژەنن! هاووڵاتیانی عێراقیش جۆرەها ئازار و مەینەتیان چەشتوە، حکومڕانەکانی عێراق هەمیشە مەیلێکی ترسناک و فاشیانەییان هەبووە و هەیە.
پرسیار: خاڵە بەهێزەکانی دەوڵەتی عێراق کامانەن؟ عێراق بەکامە ڕۆژەڤ و نەخشەڕێگا بەرەو دەرچەی رزگاربوون دەچێت؟ کێ پەرۆشی مانەوەی عێراقە بەیکگرتوویی؟ کامە عێراقی هەست بە عیراقیبوون دەکات، عیراقیبوون دەخاتە پێش نەتەوەو ئایین و مەزهەبەکەی؟! لە ڕاستیدا جگە لەبەرژەوەندییەکی نێودەوڵەتی دزێو لە بوونی دەوڵەتێکی وەک عێراق، هیچ هۆکارێکی بابەتی و واقیعی بوونی نیە لە دروستکردنی عێراق و بەردەوامیدان بە مانەوەی عێراق.
سکانداڵی عێراق دوای سەد ساڵ، دوای تاقیکردنەوەی چەند جۆرێک لە حکومڕانی، دوای خوڵقاندنی جۆرها جینۆسایدو قەتڵوعام لە ئەنفال و کیماباران، دوای ئەزمونکردنی حیزب و تاقم وباندی لە چەشنی بەعس وقاعیدە و داعش ، دوای نغرۆبوونی لە گەندەڵی و فەسادی ئیداری و بە گۆڕەپان بوونی بۆ جەنگی ناوچەی و ناوخۆیی، دوای نەمانی سیادە و سنوری هیواییەک نەماوە بۆ ئەوەی عێراق وەک دەوڵەت لە توانایداهبێت بەردەوامبێت.
هەموو پێوەر و میتۆدەکان شکستی دەوڵەتی عیراق دەسەلمێنن، عێراق لە هیچ بوار و سێکتەرێکدا سەرکەتوونەبووە، جگە لە بەفیرۆدانی کات و سامانی مرۆیی و سروشتی، هەربۆیە عێراق نموونەیەکی زیندووی دەوڵەتی ئیفلیج و شکستخواردوە. ساڵ لە دوای ساڵ و ئەزموون لە دوای ئەزموون عێراق توشی داڕووخانی گەورەترهات، تا بەڕۆژگاری ئەمرۆ دەگات کە عێراق گەیشتوەتە دواپلەی شەکەتی و داڕزان.
ئێستا پرسیارە جەوهەریکە ئەوەیە ئاخۆ دەکرێت دەرفەتێکیتر بە دەوڵەتی عێراق بدرێت وەک قەوارەیەکی سیاسیی یەکگرتوو بمێنێتەوە؟! هەموو ئەو کارەساتە یەک لە دوای یەکانەی حکومەت و فەرمانڕەواکانی عێراق ڕووبەڕووی گەلانی عیراقیان کردۆتەوە، پێماندەڵێن دەوڵەتی عێراق لە بەردەم کۆتاییەکی غەمگیندایە.
Top