گەر هەڵوەستەكەیەك لە پێگە وكەسایەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكەین و خوێندنەوەیەك بۆ توانا و جموجوولە ناوخۆیی و هەرێمییەكان لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە هاوكێشە ژئێۆسیاسییەكان و هاوسەنگی هێزی نێوان ئەكتەرە هەرێمی و سەروو هەرێمییەكان لە ناوچەكەدا. بەم پێیە و بە خوێندنەوەی واقعیی هێز، ئەگەر هەرێمی كوردستان بتوانێت هەم كێشە ناوخۆییەكانی لە هەموو بوار و رەهەندەكانەوە چارەسەر یاخود لانیكەم ئیدارە بكات، ئەو كاتە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، دەتوانێت لەگەڵ عێراق لە پێگەیەكی بەهێزەوە بچێتە دانووستاندنەوە و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی بدات. ستراتیژی و عەقلییەتی سیاسی لە عێراق بە شێوەیەكە كە ناتوانێت هەرێمی كوردستانی بەهێز قبووڵ بكات. بۆیە هەوڵی لاوازكردن یاخود كۆنتڕۆڵكردنی دەدات. لەم گۆشە نیگایەوە، ئەگەر بۆ ماوەیەكی زەمەنی كاتیش بێت پێویستە بەغدا و هەرێمی كوردستان كێشەكانیان لەگەڵ یەكتری چارەسەر بكەن. چونكە هەر دوولایەن پێویستیان بە یەكتری هەیە. بەڵام هەم هەرێمی كوردستان و هەم بەغدا لەبەهێزبوونی لایەنی بەرامبەر هەست بەنا ئاسایشی دەكەن. لە كاتێكدا لێكترازان و بارگرژی و ململانێیە ناسنامەیی و سیاسییە ناوخۆییەكانی عێراق و هەروەها لە نێوان ئەكتەرە هەرێمییەكان لە عێراق وادەكات كە ئەم وڵاتە بەرگەی گەرێكی تری بارگرژی و توندوتیژی و ناسەقامگیری نەگرێت. وڵاتانی هەرێمیش نە عێراقێكی بەهێزیان دەوێت و نە عێراقێكی ناسەقامگیر و بەرەو هەڵوەشانەوە، واتە لە نێوان ئەم دوو ئەگەرە عێراقێكیان مەبەستە كە خۆیان تیایدا باڵادەست بن.كۆی ئەم هاوكێشانەش وادەكات كە ئەركی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان زۆر قورس و ئاڵۆز و ئەستەم بێت و لەژێر كاریگەر ئەو ئەكتەرە هەرێمی و سەروو هەرێمیانە لەلایەك و لەلایەكی دیكە ئەو فاكتەرانە بەتایبەتی پرسی ئاسایشی وزە و جەنگی دژی تیرۆر دا بێت. بەڵام هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە پەیڕەوكردن و بەردەوامی پێدان بەسیاسەتی باڵانسی ستراتیژی لەنێوان ئەكتەرە نەیارەكان ئیدارەی پەیوەندییەكان بكات و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزێت. خاڵێكی گرنگ ئەوەیە، بەبڕوای من لە رووی واقعی دابەشبوونی هێز لە ناوچەكە و بارودۆخی ناوخۆیی عێراق و تەنانەت هەرێمی كوردستانیش و پاشان بەپێی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە، پەیرەوكردنی ستراتیژیی هاوسەنگی نەرێنی بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان گونجاو و گرنگ و بە دڵنیایەەوە وەڵامدەرە. بۆیە كۆی ئەمانەش دەوستێتە سەر ئەوە تا چەند وەكوو ئەكتەریكی یەكگرتوو و یەكپارچە و بەهێز بتوانێت خۆت نمایش و هێزت بەرجەستە بكەیت.ئەگەر بێت و باس لە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین لەچارەسەر كردن و كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان؟ رۆڵی تاك وەكو ئەكتەرە و دروستكەری بڕیار لەپاڵ فاكتەرەكانی دیكەدا، یەكێكە لە فاكتەرە كاریگەرەكان لە گۆرەپانی سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییدا كە نموونەی ئەمە لە مێژووی سیاسەتی دەرەكی و ناوخۆییدا زۆرە. بەم پێیە ئەزموون و سیما و تایبەتمەندییە تاكەكەسی و دەروونی و بنەماڵەیی و مێژوویی و حزبی و..هتد، لە وەرگرتنی بڕیار و هەڵوێستی سیاسی رۆڵ دەبینێت، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش چی بەپێی یاسا و چی بەپێی ئەركەكانی نوێنەرایەتیكردنی هەرێمی كوردستانە، لەم روانگەیەشەوە رێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ئەزموونی چەندین كابینە و چەند ساڵ سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەتوانێت ئەم ئەكتەرە بێت. چونكە حكومەت وەكوو هەموو دەوڵەتان لە بەشداری و هاوپەیمانیی حزبەكان پێكدیت و بۆیە هەرێمی كوردستان پێویستی بە ناوەند و دامەزراوەیەكی یاسایی سەروو-حزبی سەرۆكایەتی هەریمی كوردستان هەیە و هەبووە. لەرووی یاسایشەوە سەرەڕای بوونی "دوانەیی" لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بەڵام لە هەمانكاتیشدا دابەشكردنی ئەركەكان هەیە و بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەك بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردن پێكەوە دەتوانن ئەو رۆڵە ببینن.