ئایا ڕادەستکردنەوەی 250 هەزار بەرمیل نەوت کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەکات؟!!
September 23, 2019
وتار و بیروڕا
لەوانەیە هەندێک پێیان وابێت، ئەگەر بێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی کە بەغدا داوای دەکات ڕادەستی حکوومەتی ناوەندی بکاتەوە، تەواو ئیدی لەگەڵ بەغدا دەگەینە لێکحاڵیبوون و هیچ گرفت و کێشەیەک لە نێوانماندا نامێنێت و بە شەو و ڕۆژێک و لە چاو توورکاندنێکدا سەرجەم کێشەکانی نێوانمان چارەسەر دەبن..
ئەوانەی وا بیردەکەنەوە زۆر هەڵەن!! ململانێکانی نێوان هەرێم و بەغدا هیچ کات بە ڕادەستکردنەوەی 250 هەزار بەرمیل نەوت کۆتاییان پێ نایەت و عێراقیش بوودجەی تەواوەتی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان ناکات!! حكوومەتی عێراق لە مێژە مافە داراییەکانی هەرێم دەخوات و دەستوور پێشێل دەکات، كەسیش لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکردووە، لە ڕاستیدا عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان زۆر نابەرپرسانە هەڵسوکەوتی کردووە!!
باپێکەوە بە کورتی دیقەتێکی خێرای تێکڕای بوودجەی ساڵی 2019ی وڵاتی عێراق بدەین، کە نزیکەی 136 تریلیۆن دینارە، بە بوودجەی حاڵەتی لەناکاویشەوە، ئەمە جگە لەو ملیارەها دۆلارەی کە وەک یارمەتیی لەم وڵات و ئەو وڵاتی دەرەوە دەستی دەکەوێت!! لەم هەموو پارەیە، هەرێمی کوردستان تەنها 10 تریلیۆنێکی بەردەکەوێت، کەچی هەمووان چاویان لەم 10 تریلیۆنەی هەرێمی کوردستانە!! بەڵام هیچ پەرلەمانتارێکی کورد و غەیرە کوردیش، جورئەتی ئەوە ناکەن لەسەر ئەو 126 ترلیۆنەکەی دیکەی بوودجەی عێراق، کە بەغدا خەرجی دەکات، لێپێچینەوە لەگەڵ تاکە کاربەدەستێکی عێراقدا بکەن، ناوێرن لێیان بپرسن؛ ئەو بوودجە زەبەلاحە چۆن خەرج دەکەن و چی لێ دەکەن و بەچی دەدەن؟!! ئەمە جێگای سەرسووڕمان و پرسیار و تێڕامانە!.
من پێم سەیرە هەندێک سیاسیی و پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا تا ئێستە هەموو کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمیان بە ڕادەستکردنەوەی ئەو بڕە نەوتەوە بەستووەتەوە!! دەبووا ئەوان وردبینانەتر ڕاستییەکانیان باس و دەستنیشان بکردبایەت، گرفتەکانی ئێمە لە عێراق ئابووری نییە، بەڵکو سیاسیی و نەتەوەییە، ئەم کێشانە لە پێش نەوتەوە بوونیان هەبووە و بێ چارەسەر ماونەتەوە و تا ئێستەشی لەگەڵ بێت لە عێراق دا ئیرادەیەکی ڕاستەقینە نییە بۆ چارەسەرکردنیان..
بێشک ئێمە وەکو گەلی کوردستان ئەگەر لە عێراق ئەو هەموو زوڵم و ستەمە زۆرە نەتەوایەتییەمان لێ نەکرابایەت و خاوەن مافی هاووڵاتی بوونی خۆمان بووایەن، ئێستە زۆر لە کێشەکانی ئەمڕۆی نێوانمان بوونیان نەبوو، بەداخەوە تا ئەمڕۆ ئێمە لە عێراق وەکو هاووڵاتی پلە یەک تەماشا نەکراوین و ئەو مافەشمان پێ ڕەوا نەبینراوە کە بە هاووڵاتییەکی عەرەب ڕەوا بینراوە دەبینرێت!!
ئێمە خاوەن دۆزێکی ڕەواین، واتا گرفتی ئێمە گرفتێکی نەتەوایەتیی سیاسییە، لەوەتەی دەوڵەتی عێراق بە ناتەندروست لە دایک بووە، ئەم کێشانە بوونیان هەیە، بەداخەوە دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ کات نییەتی جددیان نەبووە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی نێوانمان، گەورەکردنی بابەتی نەوت لە ئێستەدا کاریگەری خراپی لەسەر کێشە نەتەواوەیەتییەکەمان دەبێت، ئەمە سیاسەتی شۆڤێنییە تازەکانی بەغدایە و دەیانەوێت بەم جۆرە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی کێشەکەمان تێکبدەن و دۆزەکەمان بەم جۆرە بچووک بکەنەوە..
هەندێک هەن لە عێراقی دوای سەددام حوسێن، دەیانەوێت دۆزی نەتەوایەتی کورد لە ژێر جۆرەها ناو و بیانوودا بچووک بکەنەوە، یاخود ئەگەر بۆیان بلوێت بیمرێنن، ئێمە هەرچی نەوت و غاز و پارەی سنوورەکانیشمان هەیە ڕادەستی حکوومەتی عێراقی بکەینەوە، کێشەکانمان لەگەڵیاندا بە کۆتا نایەن و وەکو خۆیان دەمێننەوە، چونکە دەسەڵاتدارانی عێراق ئامادەگی چارەسەرکردنی تەواوەتی کێشەکانیان تێدا نییە و یاریی به کاتەوە دەکەن و نایانەوێت دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن، کە ئێمە ساڵانێکی زۆرە زوڵم لێکراوین و مافمان پێشێل دەکەن.
لەوەتەی عێراق هەیە هەر دەسەڵاتێک فەرمانڕەوایەتی ئەم وڵاتەی کردبێت، ئامادەیی ئەوەی تێدا نەبووە سەد دەر سەد دەستپێشخەر بێت بۆ چارەسەرکردنی ڕاستەقینەی کێشەی کورد، ئەوان هەر کاتیک جەبەرووتی دەسەڵاتییان لاواز بووبێت، لە پەپوولە پەپوولەتر بوونە، دوای ئەوەی دەستیان چەکی گرتووە و تۆزێک بەهێز بوونەتەوە زووبانی هێز و خۆگیڤکردنەوە و سەرکووتکردن و بەکارهێنانی چەکیان دژمان پەیڕەو کردووەتەوە و هەر زوو بوونەتە دێوەزمەی زەبر و زەنگ و کوشتن، تا عێراق خاوەن ئەم جۆرە عەقڵییەتە دواکەوتووە داپڵۆسێنەر و خۆسەپێنەرانە بێت، کێشەکان وا دەمێننەوە و بەردەوام دەبن، چونکە عێراقی دوای ساڵی 2003 بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکییەوە، وڵاتێکی تەواو ناتەندروستە و ناتوانێت تاک لایەنانە بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی کێشە گەورەکان بدات.
ئەوەتانێ عادل عەبدولمەهدی کە لای زۆربەمان بە سیاسییەکی میانڕەو و هێمن و لەسەرخۆ و دۆستی کورد ناسراوە، خەریکە دەچێتە قاڵبی هەموو فەڕمانڕەواکانی پێشووتری خۆیەوە؛ بەداخەوە وا پێدەچێت ئەویش ئامادەیی ئەوەی تێدا نەبێت کێشەی کورد و کەرکووک چارەسەر بکات، تا ئێستە ئەویش لەگەڵ ئەوە نییە پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دابنرێت، ئەمەش ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات، کە عێراق هەر عێراقە و هەرواش دەمێنێتەو